نەرمین عوسمان
خۆڵبارین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
ئاشکرایە بەبیابانبوون، کەمبارانی، گۆڕانکاری لە کەشوهەوای گۆی زەوی و چالاکییە مرۆییەکان، هۆکارن بۆ زیادبوونی رێژەی خۆڵبارین. بەبیابانبوون، مانای لەدەستدانی رووەکی رووپۆشی زەوی و داخورانی توێژی سەرەوەی خاکە، واتا؛ خۆڵ لە بەشی سەرەوەی خاک و ناوچەکان تووشی وشکبوونەوە و بێپیتی، یاخود کەمپیتی دەبنەوە و بەمەش توانای خاک کەم دەبێتەوە بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی و لەوەڕگاکان.
لە ساڵانی شەستەکانەوە جیهان تووشی کەمبارانی هاتووە و لەم چەند دەیەی دواییش هەر بەردەوامە. بەپێی مەزەندەی زانایان، بەهۆی بەبیابانبوونەوە، هەموو ساڵێک جیهان 10 ملیۆن هێکتار (یەک هێکتار = بە 10 دۆنم) زەوی کشتوکاڵیی لەدەست دەدات، بۆ نموونە؛ ئێستا یەک لەسەر سێی کیشوەری ئەفریقا زەوییەکەی بیابانە، یاخود بێپیت و بێ بەروبوومە. تەنیا لە باکووری ئەفریقا بەرەو ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو جۆرە زەوییانە لە سەدا هەشتا و هەشتی کۆی گشتی رووبەر دەگرێتەوە، واتا؛ نزیکەی 13 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا، کە دەکاتە لە سەدا بیست و هەشتی کۆی گشتی ناوچە بیابانییەکانی جیهان.
ئەم دیاردەیە، کێشەی کۆمەڵایەتیی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ زەوییەکان چ بیابان بن، یاخود نیمچە بیابان، بەهۆی بێپیتییەوە بەروبوومەکەی ناتوانێت بژێوی دانیشتوانی ئەو ناوچانە دابین بکات، کە زۆربەی سەرچاوەی ئابوورییان لەسەر لەوەڕگا و کشتوکاڵە. ئەمەش دەبێتە هۆی برسێتی و نەهامەتیی زۆر و لەناوچوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و هۆکار بۆ کۆچکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەرەو شوێنێکی تر، کە بتوانێت ژیانێکی باشتریان پێ ببەخشێت.
بەپێی راپۆرتی هەریەکە لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و پەیمانگەی سویدی بۆ ژینگە (SEI)، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو، 140 ملیۆن کەس بەهۆی خراپیی زەوییەوە کۆچیان کردووە و ئاوارە بوون. تەنیا لە ساڵی 2017 (13.1) ملیۆن کەس کۆچیان کردووە.
دوو جۆر کۆچکردن هەیە، یەکێکیان لە هەمان وڵاتدایە لە لادێوە بەرەو شار. دووەمیان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر. بەپێی مەزەندەی راپۆرتێکی نێودەوڵەتی؛ نزیکەی 140 ملیۆن کەس لە ئەفریقا و ئاسیا ئەگەری کۆچکردنیان هەیە تا ساڵی 2050. ئەم کۆچکردنە، تەنیا بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکوو ئاژەڵە کێوییەکانیش کۆچ دەکەن.
ئەم جۆرە کۆچکردنانە، کێشەی کۆمەڵایەتیی زۆر بەدوای خۆیاندا دەهێنن، هەندێک جار دەبنە هۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان دانیشتوانی هەمان ناوچە، یاخود ئەو ناوچانەی بۆی دەڕۆن، ئەویش بەهۆی:
- کەمبوونەوەی کار بۆ خەڵکی رەسەنی شار، چونکە ئەوانەی دێن بۆ مەبەستی بژێوی، بە هەرزانتر و زیاتر کار دەکەن.
- کەمبوونەوەی خزمەتگوزاریی لەناو شارەکان، چونکە شارەکان بۆ ژمارەیەکی دیاریکراوی دانیشتوان دروست دەکرێن لەگەڵ رێژەی سروشتیی لە زیادبوونی دانیشتوان، نەک زیادبوونی ناسروشتی.
- دوو کولتووری جیاواز تێکەڵ دەبن، کە زۆربەی جار لەگەڵ یەک ناگونجێن و هەر لایەک دەیەوێت کولتووری خۆی بەسەر لاکەی تردا بسەپێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکی.
- زۆربەی جار دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی خێزان و لێکجیابوونەوە و پەرتەوازە بوون، هەروەها لەدەستدانی کاری فەرمی و نەگونجانی منداڵان لەگەڵ کولتوور و خوێندنی جیاواز ئەستەم دەبێت و زۆربەی جار دەبێتە هۆکار بۆ شەڕ و پەلاماری یەکتری و زیادبوونی دزی و دەیان کارەساتی تر.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داخورانی خۆڵی کشتوکاڵی و فراوانبوونی زەوی بیابان لە ئەفریقا، زیانەکانی لەسەر ئابووریی جیهان، ساڵانە بە چەندین ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
سەرەڕای ئەوانەی کە ئاماژەمان پێ کرد؛ کاتێک ناوچەیەک چۆڵ دەکرێت، کولتوور و مێژووی ئەو ناوچەیە لەناودەچێت و بەرەو نەمان دەڕوات.
خ. غ.
خ. غ.