ئەنوەر  حسێن

ئەنوەر حسێن

دیالۆگی مەسرور بارزانی و رۆژنامەنووسان

لە دوایین دیداری نێوان سەرۆكی حكومەت و هەندێك رۆژنامەنووس، (كە هەندێكیان رۆژنامەنووس نەبوون)، دیدارێكی باش بەڕێوەچوو. 
قسەی بەشێك لە رۆژنامەنووسان بەتایبەتی سەربەخۆ و ئەهلییەكان زۆر باشبوو، لەوەش باشتر زۆر لە قسەكان پەخشكران و خەڵكی گوێی لێبوو. 
چەند مانگ لەوە پێش، ئێمەش وەكو سەندیكا، سەرۆكی حكومەتمان بینی، من بەش بە حاڵی خۆم قسەی زۆرمكرد كە هاوڕێكانم دەزانن. 
سەرەتا وتم "گەر لێم بپرسیت لە كاری رۆژنامەنووسی لە هەرێم رازیت؟ دەڵێم "نا"، وتم "ئەگەر لێم پرسی ئازادی هەیە، دەڵێم "بەڵێ، بەڵام رێكنەخراوە". 
پاشان سەبارەت بە كەیسی رۆژنامەنووسانی بادینان وتم "هەقە بەڕێزتان بڕیار بدەن ئەوانە ئازادبكەن، سەرۆكی حكومەت وتی "ئەوانە ئەندامی سەندیكان؟ نەقیبی رۆژنامەنووسان زوو وتی: نەخێر. 
سەرۆكی حكومەت وتی: گرفتی سەندیكا ئەوەیە، بە هەموو كەس دەڵێن "رۆژنامەنووس"، پاشان ئەوانە لەسەر كاری جاسوسی و ئاژاوە .... گیراون. 
من وتم: هەق وابوو نوێنەری ئێمە لەو دانیشتنە هەبوایە بۆ سەلماندنی دۆسیەكانیان، بەهەر حاڵ سەرۆكی حكومەت وتی "ئازاد ناكرێن و زۆر قسەیكرد لەسەر ئەو كەیسە". 
پاشان ئەو وتی: زۆر نیگەرانم لە بارودۆخی رۆژنامەنووسان، بەڕاستی فەوزایە، ناواقیعییە و زۆرینەی زانیارییەكان ناڕاست، جوێن و تەشهیرە. 
منیش وتم: ئەوە راستە میدیا و سۆسیال میدیا بووەتە فەوزا، بەڵام خۆ زۆرینەی میدیا و سۆسیال میدیای كوردستان بە دەست پارتی و یەكێتییەوەیە، زۆرێكی تریش سێبەرن، خۆ هەمووی ئێوە پارەیان پێدەدەن و سەپۆرتیان دەكەن. 
ئەو وتی: رەنگە پێش من پارە درا بێت، بەڵام دڵنیابە من پارە نادەم. 
سەرۆكی حكومەت وتی: باشە مەعقوولە من دوو ساڵە كاردەكەم، كارێكی باشم نەكردووە؟ دوو رۆژنامەنووس ناڵێت "ئەوە باشە و جێگەی دەستخۆشییە". 
وتم: بۆ نا، زۆریش نووسراوە بۆ پشتیوانی لە كاری باش، رەنگە تۆ نەتبینیبێت.
 
لە بەشێكی تری قسەكانماندا، ئەو وتی: خەڵك بە هەڵە لە ئازادی تێگەیشتوە، من وتم: ئازادی باشە، بەڵام رێكبخرێت و كار بە یاسای رۆژنامەنووسی بكرێت، ئێوەش دەبێ كار بە یاسای رۆژنامەگەری بكەن و رۆژنامەنووس سوكایەتی پێ نەكرێت، ئەو وتی: بەلای ئێوەوە لە سلێمانی هەر كەس جوێن بە پارتی بدات، ئێوە بە ئازادی دەزانن. 
من وتم: هەر كەس جوێن بدات، مانای ئازادی نییە، ئەو وتی: چەند رۆژنامەنووس هەیە لە كوردستان؟ من وتم: تەنها لە سەندیكا نزیكەی (8000) كەس ئەندامن جگە لە دەرەوە، بەگشتی دەگاتە (15000) كەس، ئەو وتی: توخوا ئەوە راستە، كوردستان ئەو هەموو رۆژنامەنووسەی تێدایە؟!
من وتم: هیچ كەس بەبێ پشتگیری كەناڵی راگەیاندنی یەكێتی، پارتی و حیزب نەكراوە بە ئەندام. 
بەڵام ئەو راستیكرد، ئاخر خۆ سەندیكا دەیتوانی ئەو رێژەیە رابگرێت و پێداچوونەوەی بۆ بكات و كەمبكرێتەوە بۆ (1500) كەس، كە ئەو پێشنیازانە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەندیكا هەیە، بەڵام هەمیشە نەقیب دژ بووە و هیچ هەنگاوێكی بۆ ئەو كارە نەناوە. 

سەبارەت بەو قسەیەی سەرۆكی حكومەتیش، كە دەڵێ "من پارە نادەم بە رۆژنامەنووس (لە قسەكەی من باش تێگەیشتبوو، كە دەڵێم چی)"، واتا پارە بەو رۆژنامەنووسانەی كە بە پارە جوێن دەدەن و سوكایەتی بە خەڵك دەكەن و كار لەسەر شكاندنی كەسایەتی حكومی، حزبی و بزنسمان دەكەن بە هاندانی كەسانی تر، یان ئەو رۆژنامەنووسانەی كە هەندێكجار بە خۆیان دەڵێن سەربەخۆ، بەڵام لە ژێرەوە بە دزییەوە پارە لە یەكێتی و پارتی وەردەگرن، یان ئەجێندای وڵاتێكی دراوسێ جێبەجێدەكەن. 
ئەو وتی: پارە نادەم، بەڵام من نازانم چەندە دەیدات یان نا!
بەڵام دەبێ سەرۆكی حكومەت ئەوەش بزانێت و بپرسێ، پارەیەكی زۆر دەدات بە هەندێك شوێن و جێگە، وەكو سەندیكای رۆژنامەنووسان، كە چەند ساڵێك مانگانە (100) ملیۆن دیناری پێدەدرا، ئێستاش مانگانە (30) ملیۆن دینار وەردەگرێت، ئەی سەرۆكی حكومەت نابێت بزانێت ئەو چەند (ملیار) دینارەی هاتووەتە سەندیكا چۆن سەرفكراوە و چی لێهاتوە؟ ئایا ئەمە پارە پێدان نییە؟ كاتێك شوێنی هیچ ناگرێت، نابێت چاكسازی تێدابكرێت؟ 
هۆكاری زۆرە لە داهاتوودا زۆرتر روونیدەكەمەوە، گەر سەرۆكی حكومەتیش ویستی دەتوانم پێی بڵێم چۆن و بۆچی؟
بەڵام قسەكە ئەوەیە، ئەو دیدارەی نێوان رۆژنامەنووسان و سەرۆكی حكومەت، هەنگاوێكی باشە بە مەرجێ، خەڵكانێك بانگ بكرێن و قسەبكەن نەك ماستاو، رەئێ بڵێن، نەك ترسنۆك یان بێ فاكت و بەڵگە قسەبكەن. 
بەڵام خۆزیا ئەو دیدارەی نێوان ئێمە و سەرۆكی حكومەتیش بڵاوبكرێتەوە، تا هاوڵاتییان بزانن، كە چی وتراوە و چی باسكراوە.
من دەست خۆشی لەو چەند رۆژنامەنووسە چالاكانەی هەرێم دەكەم، كە قسەی دڵی هاوڵاتیانیان كردووە. 

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan