نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن لە روانگەی سیاسەتی کەنیسەوە

مەسیحیەت لە نێو کولتووری یۆنانی، رۆمانی و سەردەمی ئایینی جوو دەرکەوتووە، ئەو کۆمەڵگەیانە و کۆمەڵگەکانی ئەو سەردەمە بەگشتی، باوکسالاری بوون و ژن بە چاوێکی کەم سەیر دەکرا؛ مەسیحیەت رووبەڕووی بەها و نەریتی بتپەرستی و چەند کولتوورێکی باو بووەوە، هەندێک گۆڕانکاریشی لە روانگەی بەرانبەر ژن کرد، بەڵام نەیدەتوانی بەرەنگاری سەرجەم کولتوور و دابونەریتی ناوچەکە ببێتەوە. 
مەسیح بە چاوی رێز و خۆشەویستییەوە سەیری ژنی کردووە، وەک مرۆڤ باسی کردوون و مامەڵەی لەگەڵ کردوون. هەروەها بە رێنماییەکانی پشتیوانیی مافەکانی منداڵ و ژنی کردووە، لەوەش زیاتر؛ بەرانبەر بە هەڵەکانیان لێبووردەیی کردووە ئەگەر دانیانیان پێدا نابێت، چونکە لەو سەردەمەدا ئەگەر ژنێک گومانی داوێنپیسی (زینا)ی لێ بکرایە، بەردباران دەکرا. هەروەک ئەو کاتەی کە ویستیان مریەمی مەجدەلیە بەردباران بکەن، هاواری کرد: کامتان گوناحی نییە با ئەو بەردبارانی بکات... ئیتر هەموویان بەردەکانیان دانا و وازیان لە بەردبارانەکە هێنا.

لەگەڵ ئەمانەش، دەبینین ئەو دوازدە خوێندکارەی کە لەگەڵ مەسیح مانەوە لە دوایین خوانی شێوان، هەموویان پیاو بوون. 
لەدواییدا گەورەپیاوانی ئایینی مەسیحی چەندین تیرەی جیاوازیان لێ دروست بوو و هەریەکەشیان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ژن و پێگەی ژن. هەندێکیان کاریگەریی (پەیمانی کۆن)ی جووەکانیان بەسەرەوە بووە، کە پێیان وابوو ژنان پلەدوو و کەمتریشن. 

بۆچوونی کەنیسەکان، لە سەردەمی جیاواز، کاریگەریی کەسایەتی جیاواز، وەک: ئەمبرۆز، ئۆگستین، جیرۆم و... هتد، هەروەها کولتوور و دابونەریتی جوو و نووسینەکانی رۆمانییەکان و کولتووری یۆنانییەکانیان لەسەر بووە، بۆیە لە دوای مەسیحەوە ئەو روانگەیەی کە مەسیح هەیبوو بەرانبەر بە ژن، گۆڕانکاری بەسەردا هات؛ هەندێکیان ژنیان وەک بوونەوەرێکی جێی نەنگی سەیر دەکرد کە قژ، دەنگ و جەستەی مایەی شوورەیی بوون. هەروەها پێگە بەرزەکانی کەنیسەکان لە مێژوودا هەر بۆ پیاو بوون و ناوەکانیشیان هەر وا وتراوە، بۆ نموونە؛ پاتریارک/ باوک، Father/ باوک، (aboot: abba)/ باوک، cpope/ باوک... ئەو جۆرە دەستەواژانە بە مانای دوورخستنەوەی ژنە لەو پێگانە.
ئەم جیاوازییەی کە دەیبینین، لە زۆر لاوە بەهۆی لێکدانەوەی جیاوازی کەنیسە و تیرە جیاجیاکان بووە بۆ هەندێک لە بڕگەکانی (پەیمانی نوێ). هەرچەندە ئێستا مەسیحیەتی علمانیەت پەیدا بووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە یەکسانیی تەواو لە نێوان هەردوو رەگەز دەستەبەر بکرێت.
وتاری پیاوانی ئایینیی کەنیسەکان، دەسەڵاتی بەسەر کەنیسەکان و بۆچوونەکانیشیاندا هەیە.

کەنیسەکان یاسا، رێنمایی، تەشریع و یاسای باری کەسێتییان جیاوازە، بەڵام هەموویان لە چەند یاسایەکدا وەک یەکن، بۆ نموونە؛ پرسی میرات، کە ژن و پیاو وەک یەک پشکیان هەیە. پرسی تەڵاق و جیابوونەوە، هەرچەندە لایان پەسەند نییە، بەڵام بە رازیبوونی هەردوولایە و بەخێوکردنی منداڵەکانیشیان لە دوای جیابوونەوە لە ئەستۆی هەردوولا دەبێت. هەروەها فرەژنی و کوشتنی ژن پەسەند نییە... 
لەم رووەوە خاڵی وەرچەخان لە یاسا و دەوڵەتداریی وڵاتانی پێشکەوتوودا، دوورخستنەوەی دەستتێوەردانی کەنیسەیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و جیاکردنەوەی هەردوو کایەکەیە: ئایین بۆ ئاییندار و دەوڵەت بۆ هەمووان.

* ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan