نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

باجی نیشتمانیی کاربۆن

باجی نیشتمانیی کاربۆن، یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی حکومەتەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە. ئەم باجە بریتییە لە سەپاندنی نرخێکی دیاریکراو لەسەر هەر یەکەیەکی دەرچوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، یان گازە هاوشێوەکان. ئامانجی سەرەکی لەم باجە، هاندانی کۆمپانیا و دامەزراوە پیشەسازییەکانە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی ئەو گازانە و هەنگاونان بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پاکتر. 

گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن یەکێکە لە چەندین جۆری تری گازی گەرمکەری گۆی زەوی، لەوانە: میسان و هەڵمی ئاو، کە ئەوانیش لە چالاکییەکانی مرۆڤەوە پەیدا دەبن، بەڵام گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، لە هەموویان کاریگەرترە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی و بە کۆی گشتی نزیکەی 27 ملیار تەن دەرهاویشتەی چالاکییەکانە.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەی کە چاودێریی باجی کاربۆن دەکات، رێکخراوی هاریکاریی ئابووری و گەشەکردنە (OECD)، ئامانجی هەنگاونانە بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک (خۆر، گەرمیی زەوی، با، ئەتۆم...) وەک جێگرەوە بۆ وزە پیسکەرەکان.

بەپێی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2003 دەربارەی باجی کاربۆن بڵاو کراوەتەوە، تا ئێستا 56 وڵات پابەندن بە دیاریکردنی بڕی باجی کاربۆن و لە نێوانیاندا 54 وڵات دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی. فینلەندا و پۆڵەندا یەکەم دوو وڵات بوون کە لە ساڵی 1990 باجی کاربۆنیان پەسەند کرد، لە سویدیش بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ کراوە. دیارترین وڵات کە باجی کاربۆنی جێبەجێ نەکردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، بەڵام زۆر وڵات جێبەجێکردنی باجی کاربۆنیان بەهەند وەرگرتووە، لەوانە: وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، کەنەدا، سەنگافورە، ژاپۆن، ئۆکرانیا و ئەرجەنتین...

لە رووی میکانیزمی کارکردنەوە؛ باجی کاربۆن لەسەر بنەمای ئەو بڕە گازە دادەنرێت کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان یان خزمەتگوزارییەکانەوە دەردەچێت، هەر کۆمپانیایەک بەپێی ئاستی دەرچوونی گازەکانی، دەبێت بڕێکی دیاریکراو وەک باج بدات بە حکومەت، ئەمەش وا دەکات کۆمپانیاکان هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەی نوێ بدەن بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان و کەمکردنەوەی باجەکە.

باجی کاربۆن، بۆ هەر تەنێک کاربۆن (127) دۆلاری ئەمەریکی دەستنیشان کراوە، لە ساڵی 2018 کۆی باجی کاربۆن کە وەرگیراوە، گەیشتە 82 ملیار دۆلار، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر، لە سەدا پەنجا و شەش زیادی کردووە. 

لە ساڵی 1995ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، لە سەدا بیست و پێنج گازە ژەهراوییەکان کەمیان کردووە. لە هەمان کاتیشدا لەو شوێنانەی کە ئەو باجە هەیە، وەبەرهێنان لەو بوارەدا بە رێژەی لە سەدا حەفتا و پێنج گەشەی کردووە. 

کاریگەرییە ئابوورییەکانی باجی کاربۆن فرەڕەهەندن؛ لە لایەکەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان لە مەودای کورتخایەندا، کە رەنگە کاریگەریی لەسەر نرخی کۆتایی بەرهەمەکان هەبێت، لە لایەکی تریشەوە، ئەم باجە دەبێتە هاندەرێک بۆ داهێنان لە بواری تەکنەلۆژیای پاک و وزەی نوێبووەوە، کە دەتوانێت هەلی کاری نوێ بخولقێنێت و ببێتە هۆی گەشەکردنی کەرتی پیشەسازیی سەوز.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە؛ پێویستە حکومەت رەچاوی کاریگەرییەکانی ئەم باجە لەسەر چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکات. خێزانە کەمدەرامەتەکان زیاتر کاریگەر دەبن بە زیادبوونی نرخەکان، بۆیە پێویستە بەشێک لە داهاتی باجەکە بۆ پشتگیریکردنی ئەم چینە تەرخان بکرێت لە رێگەی یارمەتیی راستەوخۆ یان دابینکردنی خزمەتگوزاریی باشترەوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەرکەوتنی باجی کاربۆن پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان وڵاتان هەیە، ئەگەر تەنیا هەندێک وڵات ئەم باجە جێبەجێ بکەن، ئەوا مەترسیی گواستنەوەی پیشەسازییە پیسکەرەکان بۆ وڵاتانی تر دێتە ئاراوە، هەر بۆیە گرنگە رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ دانانی ستانداردی هاوبەش.

جۆرێکی تر لە باجی کاربۆن پێشنیار کراوە و هەندێک وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا جێبەجی دەکەن، ئەویش باجی کاربۆنی سنوورە. ئەم جۆرە باجە لەسەر ئەو کاڵا و کەلوپەلانەیە کە لە وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن و لە بازاڕەکانی یەکێتیی ئەوروپادا ساغ دەکرێنەوە و لە بەرهەمهێنانیاندا پێویستیان بەو وزانەیە کە دەرهاویشتەی کاربۆنییان هەیە، یاخود لە بەکارهێنانیاندا کاربۆن دەردەدەن، بۆ نموونە؛ ئاسن، چیمەنتۆ، زبڵی کیمیایی، ئەلەمنیۆم و بەرهەمهێنانی کارەبا... ئەگەر ئەو بەرهەمانەی کە هاوردە دەکرێن، لە وڵاتی خۆیدا باجی کاربۆن بدات، ئەوا بەپێی جیاوازیی رێژەکە باجی لێ وەردەگرن، بۆیە لەسەر هاوردە و ئاڵۆگۆڕی کەلوپەلی ناو یەکێتیی ئەوروپا، ئەو جۆرە باجە نییە، چونکە ئەو دەوڵەتانە باجی کاربۆن وەردەگرن.

ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە جێبەجێکردنی باجی کاربۆن، دەریخستووە کە ئەم سیاسەتە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت ئەگەر بەدروستیی پلانی بۆ دابنرێت، بۆ نموونە؛ سوید کە لە پێشەنگەکانی جێبەجێکردنی ئەم باجەیە، توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو دەرچوونی گازە گەرمکەرەکان کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتدا گەشەی ئابووری بپارێزێت.

لە رووی ژینگەییەوە؛ باجی کاربۆن کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا و پاراستنی سیستمی ژینگەیی، ئەمەش لە مەودای درێژخایەندا دەبێتە هۆی باشترکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی تێچووە تەندروستییەکان. هەروەها باجی کاربۆن دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ حکومەت و دەکرێت بۆ چەندین مەبەستی گرنگ بەکار بهێنرێت، وەک:

• وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی وزەی پاک.
• پشتگیریکردنی توێژینەوە و پەرەپێدان لە بواری تەکنەلۆژیای سەوز.
• یارمەتیدانی کۆمپانیاکان بۆ گواستنەوە بۆ سیستمی بەرهەمهێنانی پاکتر.
• پشتگیریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان.

سەرکەوتن لە جێبەجێکردنی باجی کاربۆندا، پێویستی بە چەند فاکتەرێکی گرنگ هەیە: شەفافیەت لە جێبەجێکردندا، دادپەروەریی لە دابەشکردنی بارگرانیی باجەکەدا، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و بەردەوامیی لە سیاسەتەکاندا. ئەم باجە، ئەگەر بە دروستی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە گواستنەوە بۆ ئابوورییەکی کەمکاربۆن و پاراستنی ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan