نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

پلاستیک

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، پلاستیک وەک یەکێک لە گرنگترین داهێنانەکانی مرۆڤایەتی دەرکەوتوو و بەخێرایی توانیی جێگەی زۆربەی مادە سروشتییەکان بگرێتەوە. ئەم مادەیە کە لە رووی کیمیاییەوە لە کۆمەڵێک پۆلیمەر پێک هاتووە، توانیویەتی ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانە و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شارستانیەتی مرۆڤ بەجێ هێشتووە.

لە رووی مێژووییەوە، یەکەم جۆری پلاستیک لە ساڵی 1907 لەلایەن کیمیازانی بەلجیکی، لیۆ بیکلاند داهێنرا. ئەم داهێنانە سەرەتایەک بوو بۆ شۆڕشێکی پیشەسازیی نوێ کە تا ئێستاش بەردەوامە. پلاستیک، بەهۆی تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانییەوە، وەک: سووکیی، بەهێزیی، نەگۆڕی و هەرزانی... توانیویەتی خێرا بڵاو ببێتەوە و ببێتە بەشێکی گرنگ لە پیشەسازیی جیهانی.

پێکهاتەی کیمیایی پلاستیک، زۆر ئاڵۆزە و جۆراوجۆرە، لە بنەڕەتدا پلاستیک لە زنجیرەیەکی درێژی مۆلیکیولی پێک هاتووە، کە پێیان دەوترێت: پۆلیمەر. ئەم پۆلیمەرانە لە یەکە بچووکەکانی مۆنۆمەر دروست دەبن لە رێگەی کارلێکی کیمیایی تایبەتەوە. ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی مادەیەک کە خاسیەتی تایبەتیی هەیە و دەتوانرێت بۆ مەبەستی جیاواز بەکار بهێنرێت. سەرەکیترین جۆرەکانی پلاستیک، بریتین لە: پۆلی ئیسیلین (PE)، پۆلی پڕۆپیلین (PP)، پۆلی ڤینایل کلۆراید (PVC)، پۆلی ئیسیلین تێرێفسالەیت (PET).

لە دنیای ئەمڕۆدا پلاستیک لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار دێت، لە پیشەسازیی خۆراکەوە بگرە تا دروستکردنی فڕۆکە و کەشتی، لە کەرەستە پزیشکییەکانەوە تا کەلوپەلی ناوماڵ، هەموویان بەشێکی گرنگیان لە پلاستیک پێک هاتووە. ئەم بەکارهێنانە بەرفراوانە بووەتە هۆی ئەوەی کە ساڵانە ملیۆنان تەن پلاستیک بەرهەم بهێنرێت و بەکار بهێنرێت.

بەڵام ئەم بەکارهێنانە زۆرە کێشەی بەدواوەیە، یەکێک لە گەورەترین کێشەکان؛ پیسبوونی ژینگەیە. پلاستیک مادەیەکە سەدان ساڵی دەوێت تا لە سروشتدا شی دەبێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی بڕێکی زۆر لە پاشماوەی پلاستیکی لە دەریا و زەریاکان و وشکانیدا. ئەم پاشماوانە کاریگەریی خراپیان لەسەر ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک هەیە و بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ژینگە. 

توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە هەندێک جۆری پلاستیک مادەی کیمیایی زیانبەخش دەردەدەن و کاریگەریی خراپیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، بۆ نموونە؛ مادەی (BPA - بیسفینۆڵ-ئەی) کە لە زۆربەی پلاستیکە رەقەکاندا بەکاردێت، کاریگەری لەسەر سیستمی هۆرمۆنی لەش هەیە.

لە بەرانبەر ئەم کێشانەدا، هەوڵی زۆر دراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان؛ پەرەپێدانی سیستمی ریسایکلکردنە. ریسایکلکردنی پلاستیک، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پێویستی بە بەرهەمهێنانی پلاستیکی نوێ و کەمکردنەوەی پاشماوە. هەروەها زانایان خەریکی دۆزینەوەی جۆری نوێی پلاستیکن کە دۆستی ژینگەن و زووتر لە سروشتدا شی دەبنەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا، هۆشیاریی گشتی دەربارەی مەترسییەکانی پلاستیک زیادی کردووە. زۆر وڵات یاسای تایبەتیان دەرکردووە بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی پلاستیکی یەکجار بەکارهێنان و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی جێگرەوەی دۆستی ژینگە. هەروەها رێکخراوە ژینگەپارێزەکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریدا و فشار خستنە سەر حکومەت و کۆمپانیاکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو.
داهاتووی پلاستیک لە جیهاندا پڕە لە ئاڵنگاری و دەرفەت، لە لایەکەوە پێویستی بە پلاستیک لە زۆر بواردا هێشتا زۆرە و ناتوانرێت بەتەواوی دەستبەرداری بین، لە لایەکی تریشەوە، پێویستە هەوڵی جدی بدرێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشە ژینگەییەکانی. لێرەدا رۆڵی توێژینەوەی زانستی و داهێنانی تەکنەلۆژیی نوێ، زۆر گرنگە، بەتایبەتی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پلاستیک، ئەویش بە دۆزینەوەی پلاستیکی ژینگەدۆست، باشترکردنی تەکنیکەکانی ریسایکلکردن، دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیکی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای شیکردنەوەی پلاستیک.

دەتوانین بڵێین پلاستیک مادەیەکە دوو رووی هەیە: لە لایەکەوە یارمەتی پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤی داوە و ژیانی ئاسانتر کردووە، لە لایەکی تریشەوە، بووەتە هۆی کێشەی گەورەی ژینگەیی، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و هەوڵ بدەین هاوسەنگی لە نێوان سوود و زیانەکانیدا رابگرین. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین سوود لە تایبەتمەندییە باشەکانی وەربگرین و لە هەمان کاتدا ژینگەکەمان بپارێزین بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە ژیانی رۆژانەدا هەندێک رێوشوێن هەیە دەکرێت بگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی پلاستیک و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمە پلاستیکییەکان بەشێوەیەکی تەندروست، لەوانە:
− دوورکەوتنەوە لە دووبارە بەکارهێنانەوەی بوتڵی پلاستیکی و پڕکردنەوەی لە ئاو. 
− بەکارنەهێنانی دەفری پلاستیک بۆ هەڵگرتنی خۆراک، بەتایبەتییش خۆراکی گەرم. 
− ئەو خواردنانەی لەناو قاپی پلاستیکدان یاخود داپۆشراون بە نایلۆنی تەنک، لەناو مایکرۆوەیڤدا گەرم نەکرێنەوە. هەروەها بۆ خواردن و خواردنەوەی      گەرم، کوپ و دەفری پلاستیکی بەکار نەهێنرێت.
- لە کاتی کڕینی خۆراکی ناو پلاستیک یاخود بەرهەمە پلاستیکییەکان، سەیری لێبڵەکەی بکە بۆ ئەوەی بزانیت مادەی (BPA) تێدایە یاخود نا. ئەگەر پلاستیکەکە لە کارگەی ناسراودا دروست کرابێت، هێمایەکی سێگۆشەیی لەسەرە، هەندێک ژمارەی جیاواز لەناو سێگۆشەکەیدایە، ئەگەر ژمارە (1) بوو، مانای وایە یەک جار بەکاری بهێنە (3، 6، 7) مەترسیدارە، (5) باشترینە، (2 و 4) خراپ نین، بەڵام نابێت خۆراکیان تێدا گەرم بکرێتەوە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan