نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

هەوا

هەوا یەکێکە لە گرنگترین و سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیان لەسەر گۆی زەوی. ئەم مادە نەبینراوە هەستپێنەکراوە، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر بەردەوامی ژیان و مانەوەی زیندەوەران. هەوا تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە چەندین گازی جیاواز، گرنگترینیان: 
- نایترۆجین (N2)؛ زۆرترین رێژەی هەوای پێک هێناوە بە بڕی لە سەدا حەفتا و هەشت، گازێکی بێڕەنگ و بێبۆنە، گرنگە بۆ دروستکردنی پرۆتین و گەشەی رووەک.
- ئۆکسجین (O2)؛ لە سەدا بیست و یەکی هەوا پێکدەهێنێت، گرنگە بۆ هەناسەدان و ژیانی زیندەوەر، هەروەها یارمەتیی پرۆسەی سووتان دەدات.
- ئارگۆن (Ar)؛ رێژەکەی (0.93%)یە، گازێکە لە پیشەسازیدا بەکار دێت.
- دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)؛ رێژەکەی (0.04%)ە، یەکێکە لە گازە خانەییەکان و گرنگە بۆ رۆشنەپێکهاتن لە رووەکدا.
- هەڵمی ئاو (H2O)؛ بەپێی شوێن و کات رێژەکەی دەگۆڕێت، کاریگەریی هەیە لەسەر کەشوهەوا و بەشدارە لە دروستکردنی هەور و باراندا.
هەروەها چەندین گازی دەگمەنیش کە رێژەیەکی زۆر کەمیان لە هەوادا هەیە، لەوانە: نیۆن، میسان، هیلیۆم، کریپتۆن، هایدرۆجین، زینۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەمۆنیا. هەندێک گازی تریش هەن کە رێژەیان دەگۆڕێت، وەک: ئۆزۆن، دووەم ئۆکسیدی کبریت، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین.
بەرگەهەوا (ئەتمۆسفیر)، وەک قەڵغانێکی پتەو دەوری زەوی داوە و دەیپارێزێت لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانبەخش و تەنە ئاسمانییە بچووکەکان و تیشکی شەپۆلی کورت، کە رەنگە زیانی زۆریان بۆ (DNA)ی زیندەوەرەکان هەبێت. لە لایەکی تریشەوە ئەم بەرگە هەواییە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رێکخستنی پلەی گەرمای سەر زەوی و رێگری دەکات لە گۆڕانکارییە توندەکانی پلەی گەرما لە نێوان رۆژ و شەودا، بۆیە بەبێ ئەم بەرگە هەواییە، ژیان لەسەر زەوی مەحاڵ دەبوو. هەروەها هەوا رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە سووڕی ئاودا. بەهۆی گەرمای خۆرەوە ئاو لە دەریا و زەریاکاندا دەبێتە هەڵم و دەچێتە ناو هەواوە، پاشان ئەم هەڵمە لە شێوەی هەوردا کۆ دەبێتەوە و دواتر وەک باران و بەفر دەبارێت، بەم شێوەیە هەوا یارمەتی دابەشکردنی ئاو دەدات بەسەر ناوچە جیاوازەکانی زەویدا. ئەمە جگە لەوەی هەوا کاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی با و رەشەبا و گواستنەوەی گەرمی و دروستبوونی فشاری هەوا و گۆڕانکارییەکانی وەرزە جیاوازەکان.
 
پیسبوونی هەوا 
لە سەردەمی ئێستادا، پیسبوونی هەوا بووەتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی مرۆڤایەتی. رەنگە پیسبوونی هەوا لە ناوخۆدا بەرهەم بێت، بەڵام ئەگەری هەیە بە مەودای دووریشدا بڕوات و هەندێک جار بەپێی شێوازی کەشوهەوای نێودەوڵەتی بەسەر کیشوەرەکاندا دەگواسترێنەوە.
هیچ کەسێک لەم پیسبوونە پارێزراو نییە، کە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکیی چالاکییەکانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو سەرچاوانە کۆمەڵێک مادە دەردەکەن، لەوانە: یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، ئۆکسیدی نایترۆجین، ئۆزۆنی رووکار، گەردیلەی ورد، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، هایدرۆ کاربۆن و قورقوشم، کە هەموویان زیانیان بۆ تەندروستیی مرۆڤ و پیسبوونی هەوا هەیە. 
 
سەرچاوەکانی پیسبوون: 
- ماڵ: سەرچاوەی سەرەکیی پیسبوونی هەوا لەلایەن ماڵەکانەوە، لە رێگەی بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەردینی و دار و سووتەمەنی بایۆماس (ژێرزەوی)ەوەیە بۆ چێشتلێنان و گەرمکردنەوە و رووناککردنەوەی ناو ماڵەکان. ساڵانە نزیکەی 3.8 ملیۆن حاڵەتی مردنی پێشوەختە هەیە کە بەهۆی پیسبوونی هەوای ناو ماڵەکانەوە روو دەدەن و زۆرینەیان لە وڵاتانی تازەگەشەکردوودان.
 نزیکەی سێ ملیار کەس بەردەوامن لە بەکارهێنانی سووتەمەنیی نادروست بۆ چێشتلێنان و رووناکی و گەرمکردنەوە.
- گواستنەوە و شوێنە قەرەباڵغەکان: ناوچە هەرە پیسەکان، ئەو ناوچانەن کە قەرەباڵغیی هاتوچۆ و بەکارهێنانی ئامێرەکانی گواستنەوە و کارگەی پیشەسازی و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایان لێیە، ئەو سەرچاوانە بۆ مرۆڤ زیانبەخشن و چەندین گازی زیانبەخش دروست دەکەن، وەک: ئۆکسیدەکانی کبریت SOX، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین NOX، ئۆزۆن O3، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن CO، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2... هەروەها تەنە وردیلەکانی وەک: دووکەڵ، خۆڵ و هەڵم، کە هەموویان لە رێژەی خۆیان زیاتر بن، دەبنە زیان. 
- پیشەسازی: لە زۆرێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنی وزەدا، سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ پیسبوونی هەوا. وێستگەکانی کارەبای خەڵووز بەشدارێکی سەرەکین لە پیسبوونی هەوادا، هەروەها وێستگەکانی مۆلیدەی دیزلیش هۆکارێکی پیسکەرن. 
 چالاکییە پیشەسازییەکان و بەکارهێنانی مادە توێنەرەوەکان (شلکەرەوەکان) لە پیشەسازییە کیمیاییەکان و کانگەکاندا، دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا.
 سیاسەتی سەردەمییانە ئەوەیە کە وزەی دۆستی ژینگە بەکار بێت لەجیاتی وزە باوەکان.
- دەرهاویشتەکانی پیشەسازی: پیشەسازی سەرەڕای ئەو زیانانەی راستەوخۆ لە ژینگەی دەدات، لە پرۆسەی بەرهەمهێنانیشدا زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت، بەتایبەتی بەهۆی دەرهاویشتەی مادە پیسەکەرەکانەوە لە پیشەسازی کارگەکانی کانزا، تواندنەوە، کاغەز، چەوری، پاڵاوتنی نەوت، کیمیایی، شەکر و پەتاتە، بەرهەمهێنانی لاستیک... کە بەرپرسن لە پیسبوونی هەوا بە رێژەی پێنج یەکی هەوا. ئەو پیسکەرەوانەی لە وێستگەکانی وزە و دووکەڵکێشی کارگەکانی پیشەسازی دەردەچن بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان، ئەمانەن: دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کبریت، گازی کبریتیدی هایدرۆجین، هایدرۆکاربۆنەکان... هەروەها ئەو پیسییانەی کە لە کارگەکانی پیشەسازی زبڵی فۆسفاتی، دەرهێنانی ئەلەمنیۆم، سووتاندنی سیرامیک و ئاسن و بەرهەمی هەندێک مادەی کیمیایی دەردەچن، ئەمانەن: پێکهاتەی فلۆرین، ئەو پیسکەرانەی کە لە بەرهەمهێنانی کانزاکانەوە دروست دەبن: (تۆز، دووکەڵی بارگاویکراو بە مادەی ترشی و کرۆم و نیکڵ)، ئەو پیسکەرانەی کە لە ئەنجامی پرۆسەی دروستکردنی هەندێک مادەی کیمیایی دروست دەبن، بریتین لە: ترشی هایدرۆکلۆریک، کلۆر، ئۆکسیدی ناترۆجین، زینک، زرنیخ و ئۆکسیدی مس...
- چالاکیی کشتوکاڵیی: سووتاندنی دارستان و لەوەڕگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی تر، نزیکەی لە سەدا شەست بۆ شەست و پێنجی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەم دەهێنن، هەروەها کێڵگەکانی برنج و بایۆماس و پرۆسەی دەردانی پیسایی ئاژەڵەکان، لە سەدا چل دەردانی گازی میسان بەرهەم دەهێنن، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی دەرمانی قەڵاچۆکردنی مێرووەکان کە هۆکارن لە دەردانی پێکهاتەکانی ئۆرگانیک فۆسفات، هایدرۆکاربۆنە کلۆرییەکان و زرنیخ و تیشکی ئایۆنیزەکردن.
- سووتاندنی دارستانەکان: ئەم دیاردەیە لە رابردوودا بە ناوی جیاواز ناسرابوو، دیارترینیان ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان یاخود لە زەوییە کێوییەکان، بەڵام ئەمڕۆ پێی دەوترێت "باهۆزی ئاگرین"، ئەم ناوە گونجاوترە، چونکە رووداوەکانی دوای ئەو جۆرە ئاگرکەوتنەوەیە، هاوشێوەی باهۆزی کەشوهەوایە. زۆربەی سووتانی دارستانەکان بەهۆی نابەرپرسیارێتی مرۆڤەوەیە. جگە لە مەترسی راستەوخۆی سووتاندن، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان؛ پیسکەری زیانبەخش فڕێ دەداتە بەرگەهەواوە، لەوانە: گەردیلە و گازی ژەهراویی وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدی نایترۆجین و پێکهاتە ئۆرگانییەکان و میسان...
- سووتەمەنی وزەکانی ژێرزەوی، سووتەمەنیی فۆسیلی: ئەو وزانەن کە لە زەوی دەردەهێنرێن، وەک: خەڵوزی بەردین، گازی سروشتی و نەوت... ئەمانە لە هەوادا بە یارمەتیی ئۆکسجین دەسووتێنرێن بۆ بەدەسهێنانی گەرمی لە هەموو بوارەکاندا. سووتاندنی ئەم جۆرە لە سەرچاوەی وزە، هۆکارە بۆ دەردانی گازە گەرمکەرەکانی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدە ناتیرۆجینییەکان، دووکەڵ، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بڕێک لە تەنۆڵکەکان.
- پاشماوە: سووتاندنی زبڵ و خاشاک لە شوێنی کراوە و بوونی پاشماوەی ئۆرگانیک لەناو زبڵخانەکاندا، دەبێتە هۆی دروستبوونی بڕێکی زۆر لە دایۆکسین، فۆران، میسان و گەردیلەی بچووکی وەک سووتووی رەش کە دەچنە ناو بەرگەهەواوە و دەبنە هۆکاری پیسبوونی هەوا.
 بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، نزیکەی لە سەدا چلی پاشماوەکان لە رووبەری کراوەدا دەسووتێنرێن، هەروەها لە کۆی 193 وڵات، 166 وڵات پەنا بۆ سووتاندنی پاشماوەی ناوخۆیی و کشتوکاڵی لە رووبەری کراوەدا دەبەن.
ئەمانە و چەندین هۆکاری تر، دەبنە هۆی پیسوونی هەوا. 

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی لە سەدا نەوەد و نۆی دانیشتوانی جیهان هەوای پیس هەڵدەمژن، ئەو هەوایەی کە رێژەیەکی زۆری پیسکەرەکانی تێدایە. 
بەپێی تازەترین راپۆرتی هەمان رێکخراو، پیسیی هەوا بەرپرسە لە مردنی یەک لەسەر هەشتی مردن لە سەرتاسەری جیهان، واتە نزیکە حەوت ملیۆن کەس لە ساڵێکدا، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بەهۆی ئەو نەخۆشییەکانی وەک: جەڵتەی دەماغ، شێرپەنجەی سی، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و نەخۆشیی دڵ و هەستیاری...
 
ئەم پیسبوونە بووەتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کە کێشەیەکی جیهانییە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی، توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و گۆڕانکاری لە سیستمی بارانباریندا... بۆ پاراستنی هەوا، پێویستە هەوڵی بەکۆمەڵ بدرێت. لە ئاستی تاکەکەسیدا؛ دەتوانین هەوڵی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بدەین و زیاتر پشت بە هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی ببەستین، هەروەها دەتوانین لە رێگەی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و چاندنی دار و درەختەوە یارمەتی پاککردنەوەی هەوا بدەین. لە ئاستی حکومی و نێودەوڵەتیشدا، پێویستە یاسا و رێسای توند دابنرێت بۆ پاراستنی ژینگە، هاندانی بەکارهێنانی سەرچاوە پاکەکانی وزە، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای دۆستی ژینگە و زیادکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون...

لە کۆتاییدا دەبێت بزانین کە هەوا سەرچاوەیەکی گرنگی ژیانە و پێویستە بە هەموو لایەک هەوڵی پاراستنی بدەین. پیسبوونی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا دوو کێشەی گەورەن کە پێویستیان بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنیان. پاراستنی هەوا تەنیا ئەرکی حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان نییە، بەڵکوو ئەرکی هەموو تاکێکە لە کۆمەڵگەدا و دەبێت هەموومان بەرپرسیارێتیی خۆمان لەم بوارەدا جێبەجێ بکەین.

ر.س
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan