نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

زەویی باتڵاخ


زەویی باتڵاخ یان زەوییە شێدارەکان؛ سیستمێکی ئاڵۆزی ژینگەیین، کە تێیاندا ئاو رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە دیاریکردنی سروشتی ژیان و پێکهاتە فیزیایی و کیمیاییەکانی خاکەکەیاندا. زەویی باتڵاخ یان زەوی قوڕاوی، لە گرنگترین جۆرەکانی ژینگەیە لە سروشتدا، ئەم زەوییانە بەشێوەیەکی بەردەوام یان وەزری، بە ئاو داپۆشراون و تایبەتمەندیی سەرەکییان بریتییە لە خاکی تەڕ و شێدار.

بەشێوەیەکی گشتی، بریتییە لەو زەوییانەی کە نزیکن لە ئاوی شیرین و ئیکۆسیستمی دەریایی و کەنارەکانی دەریا، دەریاچە، رووبار، ئاوی ژێرزەوی، زۆنگاو، زەلکاو، زەویی سەوزەڵان و قامیشەڵان و بێشەڵان... هەروەها مێرگی بیابان، رێژاوگەی رووبار، دەلتا، ناوچە بەرکەوتەکانی ئاوی شەپۆل، داکشانی کەناری دەریاکان، ناوچە دارستانەکانی مانگرۆڤ، ناوچە مەرجانییەکان و شوێنی چالاکییە مرۆییەکانی وەک: حەوزی ماسی، کێڵگەی برنج، گلدانەوەی ئاو و حەوزی خوێ... بە واتایەکی تر، ئەو ناوەندانەن کە بەتەواوی یاخود بەشێکیان لە ئاودا نوقم بووە.

زەوییە باتڵاخەکان، بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش دەبن؛ یەکەم، باتڵاخی بەردەوام، کە بەدرێژایی ساڵ بە ئاو داپۆشراوە و تێیدا رووەکی تایبەت، وەک قامیش و زەل دەڕووێت و ژینگەیەکی گرنگە بۆ باڵندە ئاوییەکان و ماسی. دووەم، باتڵاخی وەرزی، ئەم زەوییانە تەنیا بەشێک لە ساڵ بە ئاو داپۆشراون، گۆڕانکاریی وەرزی، کاریگەری لەسەر جۆری رووەک و گیانلەبەرەکانیان هەیە و رۆڵی گرنگ دەبینن لە کۆنترۆڵکردنی لافاودا.

گرنگیی ژینگەیی باتڵاخەکان:

یەکەم: پاراستنی جۆراوجۆریی بایۆلۆژی:
- نیشتەجێی سەدان جۆر باڵندە، ماسی و گیانلەبەری دیکەن.
- شوێنی هێلانەسازی و پشوودانی باڵندە کۆچەرەکانن.
- ژینگەیەکی تایبەتن بۆ هەندێک جۆری رووەکی دەگمەن.

دووەم: خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان:
- پاککردنەوەی سروشتیی ئاو لە پیسبوون.
- کۆنترۆڵکردنی لافاو و پاراستنی کەنارەکان لە داڕمان.
- هەڵگرتن و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی.
- کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا.

ئەمە جگە لە بایەخ و بەشدارییان لە بوارەکانی: ئیکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی، ئابووری، زانستی، پەروەردەیی، کولتووری و گەشتوگوزار و کاتبەسەربردن... ئەمانەش هەموویان گرنگ بۆ گەشەی بەردەوام و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ. هەرچەندە باتڵاخەکان لە سەدا شەشی رووبەری زەوی پێک دەهێنن، بەڵام لە سەدا چلی هەموو جۆرەکانی رووەک و ئاژەڵ و باڵندە (بەتایبەتییش باڵندە ئاوییە کۆچەرەکان کە لەو ناوچانەدا دەژین، یاخود زاوزێی لێ دەکەن) بۆ ژیانیان پشتی پێ دەبەستن. بەهۆی زۆریی جۆرەکانی بایۆلۆژییان، ئەو جۆرە زەوییانە گرنگن بۆ دابینکردنی خۆراک، تەندروستی، گەشتیاری و هەلی کار، هەروەها بۆ کەشوهەوا و دابینکردنی ئاو و رێکخستنی ئاو و پاککردنەوەی. لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار کەس، واتە نزیکەی یەک کەس لە هەشت کەس، بژێوییان پشت بەو ناوچانە دەبەستێت.
زەوییە شێدارەکان، جۆری جیاوازیان هەیە، هەریەکەیان بەپێی هایدرۆلۆژی و کیمیایی ئاو و خاک و جۆرەکانی رووەکەکان کە لەو ناوچانەدا بە دی دەکرێن، دیاری دەکرێن. ئەو ناوچانە، بەپێی جۆری درەخت، دەوەن و رووەکی گیایی کە بە باران و ئاوی ژێرزەوی دەژین، هەروەها پێکهاتەی کیمیایی جۆری ئاوەکان، وەک ئاوی ترشەڵۆک تا تفت، پێناسە و دیاری دەکرێن. رووەکەکانی ئەو ناوچانە، زۆربەی کات پێیان دەڵێن رووەکی ئاوی و گونجاون بۆ گەشەکردن لە خاکی بەپیت و تێرئاودا. 
لە لایەکی تریشەوە، زۆرێک لە باڵندە و مێرووەکان و جۆرەکانی تری گیانلەبەرە کێوییەکان لە قۆناغە گرنگەکانی سووڕی ژیانیاندا بەتەواوی وابەستەی باتڵاخن، لەکاتێکدا زۆر جۆریش هەن، کە ئەو ناوچانە بۆ خۆراک و پشوو و چالاکییەکانی تری ژیانیان بەکار دەهێنن.

هەندێک لەو خاکە تەڕ و شێدارانە:
-
زەلکاوە تازەدروستبووەکان: ئەو زەلکاوانەن کە لە کەنار ئاوەکاندا هەن و تا رادەیەک ئاویان لێڵە، تایبەتمەندن بەوەی لە سەدا سەد بە رووەکی تازە داپۆشراون. لە رۆژئاوای ناوین ئەو رووەکانە لە جۆری گیایین (گیا و هاوشێوەی گیا)، وەک رووەکی: قامیشی رووباری، کەرخنکێنە، گەنمەدرۆینە، گوڵەبوق، پاتۆلای کێوی، بایکرل... ئەو زەلکاوانە شوێنێکی نموونەیین بۆ ژیانی کۆمەڵێکی فراوان لە زیندەوەر، لەوانە: مینک، جرج، راکون، کۆترەشینکە، چەندین جۆری قالۆنچە، پەپوولە و مێرووەکانی تر، هەروەها ئەو زەلکاوە تازانە گرنگن بۆ ژیانی خشۆکە دەگمەنەکان و ئاژەڵە وشکاوەکییەکانی وەک: بۆقی پڵنگی، کیسەڵی بلینینگ، هەروەها ناوچەیەکی پارێزراون بۆ هەندێک باڵندەی ئاویی دەگمەن، وەک: بەڵشون و باڵندەی رەشی سەرزەرد (مریشکەڕەشە) کە هەردووکیان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

- ناوچەی زۆنگاوەکان: ئەو ناوچانەن کە زەوییەکانیان نزمە و ئاوی رووبارەکان لە کاتی لافاو و بەرزبوونەوە یاخود رێڕەوێکی رووباری بەرەو ناوچەکە تێیدا کۆ دەبنەوە، دواتر دەگۆڕێن بۆ دەریاچەی فراوان بە قووڵایی جیاواز. 
زۆنگاو لە چەند وڵاتێکی دنیادا هەیە و زۆنگاوەکانی عیراق یەکێکن لە گەورەترین پانتایی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکی دەگمەنی ناوچەکە و جیهانە و یەکێکە لە کۆنترین نشینگە سروشتییەکان، ژینگەیەکی تەواو گونجاوە بۆ ژیان و چەندین جۆر بوونەوەری تێدا دەژی. دەکەوێتە باشووری عیراق، جاران رووبەرەکەی نزیکەی 20 هەزار کیلۆمەتر دووجا بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی چەندین فاکتەر کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات و ئاوی لقەکانی ئەو دوو رووبارە کە سەرچاوەی ئاوی زۆنگاوەکانن، وەک دروستکردنی بەنداوەکان لە تورکیا و ئێران و سووریا، رووبەری ناوچەکە زۆر کەمبووتەوە. بەپێی مەزەندە، یەک لەسەر سێی رووبەرەکەی کەمی کردووە. 
 سێ زۆنگاوی سەرەکی هەن؛ زۆنگاوی حەوێزە، لەسەر سنووری ئێرانە، زۆنگاوی حەمار، دەکەوێتە ناوەڕاستەوە و زۆنگاوەکانی فوراتیش لە باکووری رۆژئاوای شاری بەسرە و باشووری ناوچەی عەمارە نزیک بەیەکگەیشتنی دیجلە و فوراتن. هەروەها نزیکەی 57 زۆنگاوی بچووک و گەورە بەپێی پانتایی ئاو هەن. زۆنگاوەکانی عیراق پەناگەی سەدان جۆری باڵندەی کۆچەرن لە زستاندا. جگە لەوەش، 90 جۆر کەڕووی لیتە، 260 جۆر رووەکی سەر ئاو و مشەخۆر و چوزەوارە، 92 جۆر بێبڕبڕەی بچووک، 41 جۆر بوونەوەری سەر ئاو، 92 جۆر بێبڕبڕەی گەورە، 41 جۆر ماسی، 159 جۆر باڵندە و 18 جۆر ئاژەڵی شیدەری لێیە.
 بەهۆی ئەو ژینگە نموونەییە و مێژووی زۆنگاوەکانی عیراق کە 25 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە داستانی گلگامێشدا بە زمانی سۆمەری باس کراون، هەروەها دەگمەنیی ژیان و بوونی 250 تەپۆلکە پاشماوەی مێژوویی کە هەڵگری مێژوویەکی گەورەی مرۆڤایەتییە، ئێستا خراوەتە لیستی ناوچە شوێنەوارەکانی یونسکۆوە و لە 2ی کانوونی دووەمی 2022ەوە لەلایەن یونسکۆوە پارێزراوە.

- دەلتای رووبار: بریتییە لە فۆرمێکی سێگۆشەیی زەویی دەشتایی فراوان، بەهۆی چەند چینێکی یەک لە دوای یەکی لیتە کە رووبارەکان لەگەڵ خۆیان هەڵی دەگرن و دەنیشن، دروست دەبن. ئەو لیتانە لەو شوێنانە دەنیشن کە رووبارەکان دەگەنە دەریا، یاخود پێشتریش، کاتێکیش کە لیتەکان خێراترن لەوەی شەپۆلەکانی دەریا بتوانن لایان ببەن و رایانبماڵن. 
 دەلتا، زەوییەکی بەپیتی پڕ خۆراکە و زۆربەی کات خەڵکێکی زۆر لەو ناوچانە دەژین، بەتایبەتییش لە سەردەمانی کۆن. چەندین دەلتای بەناوبانگ هەن، لەوانە: نیل، مێسیسپی، گانگ، راین، ڤۆڵگا، کۆلۆرادۆ، ئورینۆکۆ...هتد. زۆر جاریش دەشتایی شوێنی لافاوەکان و دەلتا یەک دەگرن، کە هەندێک جار ئەستەمە دەستنیشان بکرێت لە کوێ دەشتی لافاو کۆتایی هاتووە و دەلتا دەستی پێ کردووە. دروستبوونی دەلتا شتێکی گشتیی نییە لە نێوان رووبارەکاندا هەبێت، بەو پێیەی زۆر رووبار هەیە و دەلتای دروست نەکردووە. 
دەشتی لافاو و دەلتاکان لە زۆر رووەوە لە یەکتر دەچن و هەندێک جیاوازییان هەیە، بۆ نموونە؛ لە ناوچەی دەلتاکان لقی رووبارەکان بوونیان هەیە، هەروەها ئاستی ئاوی ژێرزەویی بەرزە.
 مرۆڤ لە قۆناغەکانی پێش مێژووەوە، گرنگیی دەلتاکانی زانیوە بەهۆی زۆریی جۆری رووەک و گیاندار لەو ناوچانەدا، لە سەردەمانی دواتریش بایەخی زیاتری پێ دراوە، جگە لە شوێنی نیشتەجێبوون، بۆ گەشت و بارزگانییش بەکار هاتووە، بەهۆی ئەوەی رێڕەوی ئاویی بەیەکەوەگرێدراو لەگەڵ دەلتاکان و لەوێوە بۆ ناوەندی وڵاتان و ناوخۆ پەیوەندیی دروست کردووە. ئەو ناوچانە چڕیی دانیشتووانیان زۆرە، لە هەمان کاتیشدا شوێنێکی مەترسیدارن و ئەگەری نقومبوونیان هەیە لە هەر بەرزبوونەوەیەکی ئاستی ئاوی دەریاکاندا.

- دارستانەکانی مانگرۆڤ (قرام): مانگرۆڤ، پێناسەیە بۆ ئەو رووەکانەی کە لە ژینگەی کەناری دەریای سوێر و کەم سوێردا دەژین، جۆرە دارستانێکی چڕی ئەو ناوچانەن. وشەی (Mangrove) لە دوو وشە پێک دێت، یەکەمیان (Mangue) بە زمانی پرتوگالی واتا (درەخت)، دووەمیشیان وشەیەکی ئینگلیزییە (Grove) واتا شوێنی درەختەکان. هەروەها زاراوەی مانگرۆ، زاراوەیەکی ئیکۆلۆژیی گرنگە و جۆرێکە لە ناوچەی زەوی باتڵاخ.

مەترسییەکانی سەر زەوییە شێدارەکان: 
باتڵاخ لەو ئیکۆسیستمانەیە کە زۆرترین مەترسیی کەمبوونەوە و لەناوچوون و قەتیسبوونی لەسەرە. بەپێی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) لە ماوەی دوو سەد ساڵی رابردوودا بەشێک لە زەوییەکانی باتڵاخ وشک کراون بۆ ئەوەی زەویی کشتوکاڵی فراوان بکرێت، یاخود ژێرخانی ئابووری بەرز بکرێتەوە. 
بەپێی راپۆرتی هەمان رێکخراو، نزیکەی لە سەدا سی و پێنج لە زەوییە شێدارەکان لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵانی 1970-2015 کەمیان کردووە. هەروەها زیاتر تووشی لەدەستدانی جۆرەکانی بوونەوەر بوونەتەوە بەراورد بە ئیکۆسیستمەکانی تری وشکانی و ئاوی.
وەک هەر بابەتێکی تری جێی بایەخ و گرنگ، زەویی باتڵاخیش لەسەر ئاستی جیهان ساڵڕۆژی بۆ دیاری کراوە و رۆژی 2ی شوبات، ساڵڕۆژی جیهانیی (باتڵاخ)ە.

ر.س

 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan