نەرمین عوسمان
هاوسەنگیی ژینگەیی
هاوسەنگیی ژینگەیی، پێکەوەژیانێکی هارمۆنی و وابەستەییە لە نێوان توخمە ژینگەییەکاندا، بەجۆرێک کە هەموو پێکهاتەکانی ژینگە بتوانن بە شێوەیەکی سروشتی و بەردەوام کاریگەری لەسەر یەکتر دابنێن. ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەیەکی ژینگەییدا روو بدات، ئەوا لە بەرانبەردا پێکهاتەیەکی تر، یان چەند پێکهاتەیەکی تر گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئەوەشی کە تایبەتە بە ئیکۆسیستم، ئەو هاوسەنگییەیە کە لە نێوان توخمە جیاوازەکانیدا هەیە.
ئیکۆسیستم؛ لە توخمی زیندوو و نازیندوو پێک دێت، کە پێکەوە کارلێک دەکەن. توخمە زیندووەکان لە ئیکۆسیستمی هاوسەنگدا دابەش دەکرێن بەسەر دوو گرووپدا، گرووپی یەکەم، بەرهەمهێنەرە سەرەتاییەکانن، بۆ نموونە؛ رووەک... گرووپی دووەمیش، بەکاربەرەکانن، کە ئەوانیش پۆلێن دەبن بۆ چوار بەش، وەک: گۆشتخۆر، رووەکخۆر، رووەک و گۆشتخۆر، هەروەها ئەو زیندەوەرانەی لەسەر شیبوونەوەی پاشماوەکانی رووەک و ئاژەڵی مردارەوەبوو دەژین. توخمە نازیندووەکانیش پێک هاتوون لە: باران، تیشکی خۆر، گەرما، شێ، خاک، جۆری جوگرافیا و جۆری ئاو...
توخمە زیندووەکان، بۆ مانەوەیان پشت بە توخمە نازیندووەکان دەبەستن، هەر گۆڕانکارییەک لە هەر لایەکیاندا روو بدات، ئەوا هاوسەنگیی تێک دەچێت. ئەم سیستمە وەک خولگەیەک بەیەکەوەن و پشت بە یەکتر دەبەستن، هاوسەنگی و ناهاوسەنگی دروست دەکەن بەپێی گۆڕانکاری.
دەکرێت هاوسەنگی ژینگەیی بۆ دوو جۆر پۆلێنی بکەین:
هاوسەنگیی بایۆلۆژی: ئەو جۆرە هاوسەنگییەیە کە زیندەوەرەکان لە نێوان خۆیاندا بەپێی سروشت پاراستوویانە. زیندەوەرەکان بەگشتی رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە پاراستنی هاوسەنگیی نێوانیان، کاتێک جۆرێک لە زیندەوەر ژمارەی زیاد دەکات، جۆرێکی تر لە زیندەوەر ئەوان وەک خۆراکی خۆیان بەکار دەهێنن، بۆ نموونە؛ ئاژەڵە راوچییەکان و نێچیرەکان، کاتێک ئاسکەکان زۆر دەبن، شێر و پڵنگیش زۆر دەبن و راویان دەکەن. کاتێک ئاسکەکان کەم دەبنەوە، لە بەرانبەردا شێر و پڵنگیش خۆراکیان نامێنێت و کەم دەبنەوە. بەم جۆرە هاوسەنگییەکی سروشتی ئەم دوو لایەنەی هێشووەتەوە و ئەم پەیوەندییە بەشدارە لە کۆنترۆڵکردنی ژمارەی ئاژەڵە راوچییەکان و نێچیرەکان.
هاوسەنگیی سروشتی: هاوسەنگیی ژینگە سروشتییەکان و پێکهاتەکانی وەک: خۆراک، ئاو، خۆر و توخمە کانزاییەکانە، لە نێوان یەکدا هاوسەنگیی سروشتی دروست دەکەن و رایدەگرن. ئەو پەیوەندییە یەکگرتووەیەیە کە لە نێوان هەموو ئەو توخمانە و رووەک و ئاژەڵ و مرۆڤدا هەیە، بۆ نموونە؛ ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، رووەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وەردەگرێت و دەیکات بە خۆراک و ئۆکسجین دەردەداتەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرە وردیلەکانیش ئەو رووەکانە و بەرهەمەکانیان دەخۆن، بەو شێوەیە ئەو سووڕە بەردەوامە.
ژینگە لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا، بەبێ دەستتێوەردان و وێرانکردنی لەلایەن مرۆڤەوە، هاوسەنگیی خۆی دەپارێزێت و پێکهاتەکانی بەیەکەوە خۆیان بەڕێوە دەبەن.
کاتێک باس لە ناهاوسەنگی دەکەین، مەبەستمان ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەیە کە بە هۆکارێک یان زیاتر لە ئیکۆسیستمدا روو دەدەن، بە نەمان و لەناوچوون و کۆچکردنی جۆرەکان بەهۆی پیسبوون و داگیرکردنی رووبەرە سروشتییەکان لەپێناو بیناسازی و پیشەسازیدا، بەمەش دەبنە هۆکار بۆ تێکچوونی هاوسەنگی. رووداوە سروشتییەکان کەمترین کاریگەرییان هەیە لەسەر تێکچوونی هاوسەنگی، بۆ نموونە؛ ئەگەر ئاگر لە بەشێکی دارستانێکدا بکەوێتەوە و لەناوی ببات، دوای چەند ساڵێک زەوییەکە دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی سەرەتایی خۆی و گژوگیا و درەختەکان جارێکی تر گەشە دەکەنەوە.
هاوسەنگی، واقیعێکە لە نێوان توخمەکانی ئیکۆسیستمدا هەیە، هەر توخمە پشت بەوەی تر دەبەستێت و هاوکار و بەشدار دەبن لە پاراستنی یەکپارچەیی دارستانەکەدا، هەر لە کەڕووەوە تاکوو بەکتریا و مێرووەکان و ئاژەڵ و رووەکەکان بەگشتی.
بەهۆی گرنگیی هاوسەنگیی ژینگەیی بۆ پێشکەوتن و مانەوەی هەموو جۆرەکانی ژیان لەسەر گۆی زەوی، هەر لە بەکتریا و مێشوولەیەکەوە تا مرۆڤ، پێویست دەکات هەندێک لەو کێشانەی بەهۆی رەفتاری مرۆڤەوە روو دەدەن و هاوسەنگیی ژینگەییان تێک داوە، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، لەپێناو دڵنیاکردنەوەی نەوەی داهاتوو، کە بتوانن ژیانێکی شایستە بژین، لەوانە: باشکردنی ئیدارەدانی سەرچاوە سروشتییەکان، رێکخستنی ژمارەی دانیشتووان و رێگری لە هەڵاوسان، پارێزگاری لە سەرچاوە ئاوییەکان و دەریا و زەریاکان... پاکڕاگرتنی خاک و ئیدارەدانی خاشاک و پاشماوەکان و چەندین رێکار و چارەسەری دیکە.