نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

کورد و ئەمازیغ دوو نەتەوە، یەک خەبات

مەها جوینی، ژنە نووسەری ئەمازیغی لە نووسینێکیدا، دەڵێ: کاتێ نەنکم دەیووت:"بڕۆ ئەی نەوەی دیهیا و زەردەشت، بڕۆ، شانبەشانی هاوڕێ کوردەکانت بجەنگێ". ئەوسا تێنەدەگەیشتم، بەڵام دوای ماوەیەک بۆم دەرکەوت ئەمە پەیوەندییەکی  رۆحییە، هی ئەم سەردەمە نییە، بەڵکو مێژووییە.

دوو نەتەوەی رەسەنی ناوچەکانیان، لە دوو کیشوەری جیاواز، بەدووریی هەزاران میل  لەیەک، لەنێوانمان دەریای ناوەڕاست و سەدان دۆڵ و بیابان و چیا هەیە. دوو زمان و دوو کولتوور و دابونەریتی جیاواز، بەڵام ئازارەکانمان، چەوساندنەوەمان لەلایەن دوژمنەکانمانەوە، خەسڵەتەکانمان، مرۆڤدۆستی و ئازایەتیمان، سەرڕاستی و راستگۆییمان، بەرگرییمان بۆ مانەوە وەک نەتەوە، کۆیکردووینەتەوە.

سەدان ساڵە، دوژمنانی ئەو دوو نەتەوەیە، رژێمە توندڕەوە فاشییە رەگەزپەرستەکان، هەوڵی لەناوبردنمان دەدەن، هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچەکانمان دەدەن. لەبەرانبەریشدا، ئەم دوو نەتەوەیە، بەرگرییەکی بێ وێنە بۆ مانەوە و پارێزگاریی لە هەبوون و شوناسنامەی نەتەوەیی دەکەن. ئەم سۆز و هەستەی نێوانمان، بەهۆی لێکچوویی هەردوو  پرسی نەتەوەییە.

ئەمازیغییەکان؛ نەتەوەیەکی رەسەنی باکووری ئەفریقیان، بەهۆی دابەشکردنی ناوچەکان لە سەردەمی ئیمپریالیەت، ئەوانیش وەک کورد، خاکەکەیان دابەشبووەتە سەر (مەغریب، جەزائیر، تونس، لیبیا، میسر) و هەروەها لە مالی و نەیجەر و باکووری بۆرکینا فاسۆش هەن. ژمارەیان بە (40) ملیۆن کەس ئەژمار دەکرێ. 

جوگرافیای ئەمازیغ، لە دەشتایی سێوەی میسر لە رۆژهەڵات تا زەریای ئەتڵەسیی لە رۆژئاوا و لە دەریای ناوەڕاست لە باکوور تا بیابانی گەورە لە باشوور دەگرێتەوە. 

زمانەکەیان، ئەفرۆ ئاسیاوییە. وشەی ئەمازیغ بە مانای (پیاوە ئازادەکان) دێت. ئایینی کۆنیان، پەرستنی رۆژ و مانگ بووە، پاشان بوونەتە کریستیان و دوای ئەوەی ئیسلام دەگاتە ئەو ناوچانە، دەبنە ئیسلام. تارقی کوڕی زیاد، یەکێکە لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ئیسلام لەو ناوچەیە کە بە رەچەڵەک؛ ئەمازیغییە.
هەندێجار بە (بەربەر) ناویان دەبەن کە لای خۆیان ئەو ناوە پەسەند نییە و بێ ئەرزشییە بەرانبەریان.

کورد و ئەمازیغی، ئەوەندە هەست بە ئازارەکانی یەکتری دەکەن، لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی ئەوروپا، ئاڵای ئەمازیغی و کورد بەیەکەوە دەشەکێنەوە. دەیان نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووسیان، داکۆکیی لە مافی کورد دەکەن. 

چەند کەسایەتییەکی ئەو دوو نەتەوەیە (کورد و ئەمازیغ)، کۆڕبەندێکی نێونەتەوەییان پێکهێناوە بە ناوی (مونتەدای کورد و ئەمازیغی جیهانیی)، بە مەبەستی بەرگریی لە پرسی ئەو دوو نەتەوەیە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوە مەزنەکانی جیهان، بە یەکەوە.

ئەمازیغییەکان، لەنێو بێدەنگیی نەتەوەی عەرەب و رژێمەکانیان، بەرانبەر ئەو هەموو زوڵم و تاوان و کوشتنەی دەرحەق بە کورد دەکرێت لەلایەن گروپی تیرۆریستیی داعش و رژێمە نەتەوەپەرستەکانیان، هاتوونەتە گۆ. نووسەر و شاعیر و رۆژنامەنووسەکانیان، وەک کوردێک دەدوێن و دەڵێن: "ئەو بێدەنگییە تاوانە، پێویستیی بە هاوارە بۆ لەرزینی جەستەی مرۆڤایەتی بەرانبەر سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەی کورد و توانەوەیان لەناو جەستەی نەتەوە رەگەزپەرستەکانی دراوسێیان".

وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کە پارتێکی سۆشیال دیموکراتە و ئەندامە لە سۆشیال ئینتەرناسیۆناڵی جیهانیی، لەوێ هاوکارن لەگەڵمان. هەروەها پشتیوانیی تەواوی هەموو پارتە کوردەکان دەکەن کە ئەندامن لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا و وەک کوردێک هاوکار و هاوسۆزن لەگەڵماندا.

ئەم جۆرە پەیوەندییانە زۆر گرنگە لە هەر کوێیەک یان هەر نەتەوەیەک بێت، بە مەبەستی بە جیهانیکردنی پرسی نەتەوەیی.

-دیهیا: شازادەیەکی ئەمازیغییە، بە دەستی عەرەب کوژراوە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan