کوردستانی

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی رفاندن و دزیکردن رادەگەیەنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی رفاندن و دزیکردن رادەگەیەنێت

مەودا میدیا-
ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەشدار بووە لە رفاندنی بازرگانەكەی شاری سلێمانی لەشاری ( كوت )یش دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكی دزراودا دەگرن ، هاوكات ئاسایش دانپێدانانی دوو لە رفێنەرەكان بڵاودەكاتەوە كە بە وتەی خۆیان پێشینەی تاوانكارییان ھەبووە .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە "پاش ئەوەی رۆژی پێنج شەممە 13-10-2022 ھێزەكانمان ئاگاداردەكرێنەوە لەبوونی رووداوێكی تاوانكاری و رفاندن و دزی كە لەبەرەبەیاندا كاتژمێر 4:20 خولەك ئەنجامدراوەو چوار تاوانكار بەجلوبەرگی سەربازی بەناوی ھێزەكانی ئاسایشەوە ھەڵدەكوتنە سەرماڵێك لە گەڕەكی ئاشتی سلێمانی (یونس قادر ئەحمەد) خاوەن ماڵ كە بازرگانە، ئازاری دەدەن و دەیڕفێنن و ئۆتۆمبێلەكەی كە لەجۆری لێكززە لەگەڵ بڕێك پارەو ئاڵتوون دەدزن و ھەڵدێن، دەستبەجێ ھێزەكانمان دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد و لەسەر بنەمای بەدواداچوون ، سەرەداوی ورد دەست كەوت لەسەر ئەم رووداوە تاوانكارییە، ئاشكرابوو كە تۆمەتباران بەرەو بەغدا ھەڵاتوون و لەسنووری ھەرێم نەماون".

باس لەوەشكراوە "لەسەر پێشنیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژورێكی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عیراق پێكهێنراو دوای ھەماھەنگی و رەزامەندی دادوەر سێ تیمی ئۆپراسیۆن جوڵەیان پێكراو بەڕێكەوتن بۆ بەغدا، دیالە، كفری كە بەھاوكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق لەدوو ھەڵمەتی جیاجیا و لەیەك كاتدا  ھەریەك لە ( ئ ، م )  و ( ھ . ی ) لە نزیك بەغدا و دیالە دەستگیركران و ھاوڵاتی بارمتەكراو یونس قادر ئەحمەد یش رزگار كرا".

ئەوەش راگەیەندراوە "لەقەزای كفریش ھەمان رۆژ لەلایەن ھێزەكانمانەوە  تۆمەتبار ( م . م ) دەستگیركرا ئەو ئۆتۆمبێلەشی تاوانەكەی پێئەنجامدرابوو دەستی بەسەرداگیراو ئۆتۆمبێلە دزراوەكەش دۆزرایەوە و لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە رۆژی ھەینی 14-10-2022 تۆمەتبارێكی تر لە سلێمانی ( ح . ع ) دەستگیركرا و  دەستبەسەر جبەخانە و چەك و چەند جۆرێك  جلوبەرگی سەربازییشدا گیرا. ھاوڵاتی ( یونس قادر ئەحمەد ) بەسەلامەتی بە خانەوادەكەی شادكرایەوە، دواتر لێكۆڵینەوە بەردەوام بوو، زانیاری نوێ بەدەست هات كە ئۆتۆمبێلێك لەجۆری توێتا كامری لەیەكێك لەنووسینەگەكانی بەكرێدان لە سلێمانی بەكرێ گیراوەو لەلایەن ھەمان گروپە دزراوە،  پاش دەستكەوتنی بەڵگە بەھاوكاری ھێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی عیراق رۆژی یەك شەممە 16-10-2022 لە كوت توانرا تۆمەتبارێكی تر ( ع ، خ ) پەیوەست بەگروپە تاوانكارییەكە كە عەرەب بوو دەستگیركراو ئۆتۆمبێلەكەش دۆزرایەوەو بۆ خاوەنەكەی لە سلێمانی گەڕێندرایەوە ".

ئاسایشی سلێمانی لە كۆتاییدا دەڵێت "ئارامی و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان وەك ئەركی سەرشانی ھێزەكانمان بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە رادەپەڕێنین  لەبەرامبەر تاوانكاران و ھەر  تۆمەتبارێكی  قانوون شكێن ، سڵ ناكەینەوە راپێچی بەردەم دادگایان دەكەین و ماف بۆ خەڵكی خۆمان دەگەڕێنینەوە" .

ك. م 

Qaiwan
Qaiwan