کوردستانی

پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە
مەودا میدیا-

پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، قایمقامی سلێمانیش دەڵێت "سەوزكردنی شاخی گۆیژە خەمێكی گشتی و ئەركێكی نیشتیمانییە".

ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو رێكخراوی (CDO) و (CECVI) كۆبووەوە و باس لە میكانیزم و دیاریكردنی شوێنی چاندنی نەمامەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەی (سەوزكرنی شاخی گۆیژە لەسەر رووبەری 40 دۆنم زەوی) كرا، كە بە هاوكاری و هەوڵ و ماندووبونی هەردوو رێكخراوەكە پرۆژەكە پێیناوەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

ئاوات محەمەد، بە گرنگییەوە باسی لە هەماهەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەرتی حكومی كرد و رایگەیاند، "رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هاوشانی كەرتی حكومی و كەرتی تایبەت رۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە لە سەوزكردنی شاخی گۆیژەدا و لەو پێناوەدا كاریانكردووە،  وە هاوكاری باشی پرۆژەكان بوون و جێدەستیان دیاربووە".

لە بارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە و دیاریكردنی زەوی بۆ چاندنی نەمامەكان، قایمقامی سلێمانی باسیلەوەكرد "رووكاری شاخی گۆیژە بەڕووی سلێمانی نزیكەی دوو هەزار دۆنم سەوزكراوە هێشتا رووبەرێكی زۆری ماوە كە پێویستی بە سەوزكردن هەیە، لەو رووبەرەدا بە هەماهەنگی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان رووبەری 40 دۆنم زەوی دیاریدەكەین تاوەكو رێكخراوەكە دەستبكات بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە".

ئەم پرۆژەیە  هەردوو رێكخراوی (CECVI , CDO) كاریان لەسەر كردووە، هەروەها رێكخراوی خۆبەخشی ئیتاڵی (AICS) ئەركی تێچوونی پرۆژەكەی خستۆتە ئەستۆی خۆی.

ك. م 
Qaiwan
Qaiwan