کوردستانی

دوایین كۆبوونەوە لەبارەی دامەزراندن ئەنجامدەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوایین كۆبوونەوە لەبارەی دامەزراندن ئەنجامدەدرێت
مەودا میدیا-

بڕیارە لەم هەفتەیەدا دوایین كۆبوونەوە لەبارەی دامەزراندن و مافەكانی مامۆستایانی وانەبێژ بكرێت و نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت "چیتر پشوو درێژنابین و بۆ بایكۆت و خۆپیشاندانی سەرتاسەری چاوەڕێی ئەنجامەكە دەبین لەكاتێكی نزیكدا".

كارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت "لەم هەفتەیەدا كۆتا دانیشتن دەكرێت لەنێوان دكتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم و سیراج بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی راژەی هەرێم تایبەت لەسەر دامەزراندن و مافەكانی مامۆستایانی وانەبێژ و دواتر كۆنووسی كۆتایی خۆیان لەم دانیشتنە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەری".

باسی لەوەشكردووە "بۆ شایستەی مانگی 9ی مامۆستایانی وانەبێژ قسەم لەگەڵ وەزیری پەروەردە كردووەو وتی پەیوەندیم كردووە بە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی شایستەی مانگی 9، هەروەها پەیوەندیم كرد بە دكتۆر ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی وتی لەسنوری سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و راپەڕین دوای مووچەی خانەنشینان شایستەی مانگی 9ی وانەبێژان دابەش دەكرێت و خشتەیەكی سێ رۆژی دانراوە بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان".

كارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ راشیگەیاندووە "بۆ بایكۆت و خۆپیشاندانی سەرتاسەری چاوەڕێی ئەنجامی پڕۆژەكەی وەزارەت دەبین لەكاتێكی نزیك و دیاریكراودا و پێویستە لەنزیكترین كاتدا كێشەكانی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن و بەرجەستەكردنی مافەكانیان چارەسەر بكرێن، چیتر پشوو درێژ نابین".

ك. م 
Qaiwan
Qaiwan