عارف قوربانی
به هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له دۆستایه‌تیی وڵاتان
نه‌ك هه‌ر له دید و تێڕوانینی هاوڵاتیی ئاسایی كوردستاندا، زۆرجار له وتار و لێدوانی سیاسییه‌كانیشدا هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، كه ئێمه‌ی كورد به هه‌ڵه له دۆستایه‌تیی وڵاتان تێگه‌یشتووین. واده‌زانین ئه‌و وڵاتانه‌ی دۆستی ئێمه‌ن، ئیدی پێویسته به دڵی ئێمه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه سیاسه‌ت بكه‌ن. چاومان له‌وه‌یه هه‌موو هه‌ڵوێست و هه‌نگاوێكیان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه بێت. كاتێك هه‌ڵوێستێكی پێچه‌وانه‌یان لێ ببینین، به بێوه‌فا ناویان ده‌به‌ین، یان ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌یارێكی ئێمه یه‌كیگرته‌وه، ده‌ڵێن كارێكی نائه‌خلاقییان كردووه، یان ده‌ڵێین ئێمه‌یان فرۆشت.
له كاتێكدا هه‌موومان ده‌زانین سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه، هه‌ڵه تێگه‌یشتنه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه، چاومان له‌وه‌یه ئه‌و وڵاتانه به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه بخه‌نه سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانه‌وه. كاتێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان كرد و دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان كه‌وتن، به كاری نائاكاریی ده‌زانین و دۆستایه‌تییان ده‌خه‌ینه ژێر پرسیار و گومانه‌وه.
له رابردووی دوور و نزیكماندا نموونه‌ی ئه‌م وێناكردنه بۆ وڵاتان ئێجگار زۆرن و له یاده‌وه‌ریی باو و باپیرانمانه‌وه بۆ نه‌وه‌كانی ئێستا تۆماركراون، فڵان وڵات كوردی فرۆشت، فیسار وڵات كوردی دا به (شوو)، پشتیان تێمان كرد، بێوه‌فا بوون، به‌جێمانیان هێشت.
تازه‌ترین گله‌یی و گازنده و نیگه‌رانیی كورد له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا ئه‌وه‌یه مامه‌ڵه‌ی دۆستانه له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كه‌ن، له كاتێكدا توركیا دووژمنی كورده. بێئه‌وه‌ی ره‌چاوی ئه‌وه بكه‌ین ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانه‌وه‌ن، به درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده‌یه له‌گه‌ڵ توركیا له هاوپه‌یمانێتیی ناتۆدا پێكه‌وه‌ن، پێگه‌ی توركیا و جوگرافیاكه‌ی له هاوكێشه و ململانێكانی جیهان و ناوچه‌كه‌دا بایه‌خی بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا زۆر له‌وه گرنگتره، كه ئێمه‌ی كورد لێی ده‌ڕوانین.
له‌دوای هێرشی رووسیاوه بۆ سه‌ر ئۆكراینا، ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا زۆرترین سه‌رنجیان له‌سه‌ر فراوانكردنه‌وه‌ی ناتۆیه، سوید و فینلاند وه‌كو دوو وڵاتی ئه‌وروپی كه پێشتر مه‌یلی چوونه ناو ناتۆیان نه‌بوو، له ترسی خه‌ونه‌كانی پووتین بۆ فراوانكردنی هه‌ژموونی رووسیا به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، داوایان پێشكێش به ناتۆ كرد بۆ ئه‌ندامێتی له‌و هاوپهیمانێتییەدا، به‌پێی رێساكانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه پێویسته وڵاتانی ئه‌ندام ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌ندامی تازه بده‌ن. توركیا له‌لایه‌ك بۆ رازیكردنی رووسیا و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وه‌كو نیگه‌رانییه‌ك له هه‌ڵوێستی ئه‌و دوو وڵاته ئه‌وروپییه له پشتیوانیی كورد به‌تایبه‌تیش له كوردی رۆژئاوای كوردستان و داڵده‌دانی نه‌یاره‌كانی توركیا، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد رێگه له ئه‌ندامبوونی ئه‌و دوو وڵاته ده‌گرێت بچنه ناتۆوه، ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانی توركیا جێبه‌جێ نه‌كه‌ن. هه‌ردوو وڵات وه‌كو پاكانه بۆ توركیا تاوەکو ئه‌ندازه‌ی پێچه‌وانه‌ی به‌ها مرۆیی و یاسا و رێسا دیموكراسییه‌كانیان ئاماده‌ی سازشكردن بوون بۆ توركیا، تاوەکو ته‌گه‌ره‌ی ئه‌ندامبوونیان له ناتۆ له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێت. له به‌رانبه‌ر سازشه‌كانی سوێد و سه‌ركردایه‌تیی ناتۆ بۆ توركیا، به ئه‌ندازه‌یه‌ك ره‌خنه‌مان له سوێد هه‌بوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی خوا ئه‌و وڵاته‌ی بۆ خزمه‌تی ئێمه دروستكردبێت و ئێستا لێمان هه‌ڵگه‌ڕابنه‌وه.
یاخود ئه‌وه‌ی ئێستا توركیا هێرشی سه‌ربازی ده‌كاته سه‌ر باشوور و رۆژئاوای كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنیان ده‌كات، نیگه‌رانی به‌رانبه‌ر به ئه‌مەریكا ده‌رده‌بڕین و ده‌ڵێین، نابێت ئه‌مەریكا رێگە به‌وه بدات توركیا په‌لامارمان بدات، له كاتێكدا ئه‌مەریكا له هه‌موو ئاسته‌كاندا نیگه‌رانیی خۆی بۆ توركیا ده‌ربڕیوه. كه‌وتوینه‌ته گومانه‌وه چۆن توركیا ده‌توانێت گوێ به قسه‌ی ئه‌مەریكا نه‌دات و مكوڕبێت له‌سه‌ر له‌شكركێشییه‌كانی، به‌ڵام ماوه‌ی 20 ساڵه ئه‌مەریكا داوا له پارتی و یه‌كێتیی ده‌كات له باشوور هێزی پێشمه‌رگه یه‌كبخه‌ین و به قسه‌ی ناكه‌ین. ماوه‌ی 10 ساڵه ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا داوا له (په‌یه‌ده) ده‌كه‌ن سێبه‌ری (په‌كه‌كه) له‌سه‌ر خۆتان لابه‌رن و په‌یه‌ده به قسه‌یان ناكات، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت توركیا به قسه‌ی ئه‌مەریكا بكات.
به‌تایبه‌تی له سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌وه بۆ ئێستا، ئه‌مەریكا به به‌های ملیاران دۆلار چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیی داوه به كورد له رۆژئاوای كوردستان، هه‌روه‌ها به هه‌مان قه‌باره و بگره زیاتریش كۆمه‌كی به هێزی پێشمه‌رگه كردووه له باشوور، كه توركیا هێرشمان ده‌كاته‌سه‌ر، چاوه‌ڕوانیمان له ئه‌مەریكا تاوەکو ئه‌و ئاسته‌یه سه‌ربازه‌كانی بنێرێت بۆ پێش سوپای توركیا و رێگری له له‌شكركێشییه‌كانی بكات؛ كه ئه‌مه ناكات، پێمانوایه ئه‌مەریكا خیانه‌تی لێمان كردووه.
هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌مەریكا چی بكات له‌وه زیاتر، جگه له‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی كورد كردوومانه‌ته سه‌ر یه‌كدی، هه‌ركات مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دروست بووبێت، ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌هانای كورده‌وه هاتوون، له په‌یدابوونی (ئه‌نسار ئیسلامه‌وه بۆ داعش) ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا به مووشه‌ك و فڕۆكه و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پشتیوانی كورد نه‌بوایە، مومكین نه‌بوو كورد بتوانێت به‌و ئه‌ندازه‌یه رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسییانه ببێته‌وه.
له هه‌لومه‌رجێكی وه‌كو ئێستادا، كه جیهان و ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ش گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك هاوكێشه و ململانێ بوون، پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ته‌كان له‌پێشتره له دۆستایه‌تی یاخود به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ گه‌ل و نه‌ته‌وه بێدهوڵهتهكاندا. بۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی وڵاتان بین، ده‌بێت خۆمان بخه‌ینه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی ئه‌وه‌ی ئه‌ی خۆمان چین؟ توانای خۆمان كامه‌یه بۆ به‌رگریكردن و مانه‌وه‌مان؟ له به‌رانبه‌ر شه‌ڕی توركیا دژ به په‌كه‌كه و له‌شكركێشیی توركیا بۆ ناو قوڵایی باشوور، هه‌روه‌ها ئامانجی توركیا بۆ هه‌مان سیناریۆ بۆ ناو قوڵایی رۆژئاوا، پێویسته پرسیار له هه‌ڵوێست و توانای په‌كه‌كه بكه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی رووی ره‌خنه‌مان بكه‌ینه ئه‌وروپا و ئه‌مریكا، توركیا كاتێك نائارامی و شه‌ڕ ده‌خاته ناو باشوور و رۆژئاواوه، ده‌بێت بپرسین په‌كه‌كه بۆچی هاوكێشه‌كه ههڵناگێڕێتهوه بۆئه‌وه‌ی نائارامییهكه بگوێزێته‌وه بۆ ناو قوڵایی توركیا. ئایا توانای رێكخراوه‌یی و رێكخستن و جه‌ماوه‌ریی په‌كه‌كه ئێستا هێنده لاواز بووه وه‌كو له‌ناو توركیا هه‌ستی پێده‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه راستیی سه‌نگ و قورسایی په‌كه‌كه بێت، ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین رۆڵی به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت؛ به‌ڵام پێناچێت په‌كه‌كه هێنده بێكاریگه‌ر بووبێت و ئه‌وه راست نییه كه رێكخستن و جه‌ماوه‌ری به‌و ئه‌ندازه‌یه كه‌م بووبێته‌وه، راستییه‌كه ئه‌وه‌یه له بازنه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی په‌كه‌كه‌وه به دروستی ئاراسته‌ی ئه‌و رێكخستن و جه‌ماوه‌ره ناكرێت. ئه‌مه نه‌ك بۆ ناوخۆی توركیا، ته‌نانه‌ت له‌ناو ره‌وه‌ندی كوردی له وڵاتانی ئه‌وروپاش هه‌ستی پێده‌كرێت. رۆژگارێك كه ژماره‌ی كورد له‌و وڵاتانه نیوه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستاش نه‌ده‌بوو، په‌كه‌كه ده‌یتوانی به سه‌دان هه‌زار كه‌س بخاته سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپا و گوشار بخاته سه‌ر ئه‌و وڵاتانه بۆ هه‌ڵوێست نواندن دژ به توركیا، به‌ڵام ئێستا له به‌رانبه‌ر گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ دژی په‌كه‌كه بۆ ناو قوڵایی ده‌یان كیلۆمه‌تر بۆ پشتی سنووره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت له به‌كاربردنی چه‌كی یاساغی نێوده‌وڵه‌تی به‌رانبه‌ر به گه‌ریلا، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی په‌كه‌كه نابینین، كه ئه‌مه جێی پرسیاره.
كورد له رابردوودا هیچكات به ئه‌ندازه‌ی ئێستا له‌ڕووی توانای سه‌ربازی و چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگییه‌وه به‌هێز نه‌بووه، له‌ڕووی ژماره و توانای مرۆییشه‌وه هیچ كات به ئه‌ندازه‌ی ئێستا ره‌وه‌ندی كوردی زۆر و به‌رفراوان نه‌بووه له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، كه ئه‌گه‌ر رێك‌بخرێن توانای دروستكردنی كاریگه‌رییان له ئاستێكدایه بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی بگۆڕن. رێكخستنی ناو ماڵی كورد و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان خۆمان بۆ به دروستی به‌كارهێنانی ئه‌و توانایانه‌ی هه‌مانه ده‌مانپارێزێت، نه‌ك چاوه‌ڕوانكردنی قه‌ده‌ر و هه‌ڵوێستی وڵاتان.
خ.غ