هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

ئایا ئێران سیاسەتی فراوانخوازی گرتووەتەبەر؟

ئەمەریکا دۆستی تاسەری هیچ وڵاتێک نەبووە تەنها ئیسرائیل نەبێت، ئەویش چونکە خۆی دایمەزراندووە، یان دامەزرێنەرانی دەستی باڵایان هەیە لە سەرانی حکومڕانی و ناوەندی بڕیاری ئەمەریکادا.

سۆڤیەت و بەدوایدا رووسیا تا بەرژەوەندییان لە عیراقدا هەبوو، بازاڕێکی گەرمی ساغکردنەوەی چەکەکانیان بوو، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ سەدام و پێش سەدامدا دروستکردبوو، تەنانەت پەیمانی هاوکاری و دۆستایەتی نێوانیان کە بۆ 15 ساڵ بوو، لە نیسانی ساڵی 1972 مۆرکرد و بە پێی مادەی هەشتەم مۆڵەتیان دابوو کە ئەو دوو وڵاتە لەکاتی پێوست و بۆ پاراستنی ئاشتی و نەهێشتنی مەترسی لەسەر خۆیان، دەتوانن هەنگاوی هاوبەش بنێن، بە واتایەکی تر بەو پێیەی سۆڤیەت یەک لە زلهێزەکانی جیهان بوو ئەو دەیتوانی دەستوەردان لە عیراقدا بکات.

لەکاتی جەنگی ئێران و عیراقدا، ئێران بە ئاشکرا دژایەتی سۆڤیەت و ئەمەریکای دەکرد، پێیوابوو کە سۆڤیەت لە رێی هاوکارییکردنی حزبی تودەی ئێرانەوە ( واتا کۆمۆنیستەکان) دەیەوێت ئەم رژێمە تازەیەی کۆماری ئیسلامی لاببات، هەر بۆیەش ئێران لە سەرەتادا لەگەڵ سەرانی ئەم حزبە کەوتە گفتوگۆوە، بەڵام دواتر کە هەستی بەو مەترسییە کرد، سەرکردەکانی گرتن و خستنییە زیندانەوە لەوانەش سکرتێری حزبەکە بوو بەناوی نورەدین کیانوری.

ئێران بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە وایکرد کە سۆڤیەت ببێتە پشتگیری عیراق لەو جەنگەیدا کە بەرانبەر ئێران بەڕێوەی دەبرد، بەڵام کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەر عیراق، بەهۆی ئەوەی دوابەدوای جەنگەکە، جەنگی داگیرکردنی کوەیت دەستیپێکرد، ئیتر ورەدە وردە سۆڤیەت پاشەکشەی دەکرد لە هاوکارییکردن یان چەک پێفرۆشتنی.

عیراق خرایە ژێر ئابڵووقەوە و نەیدەتوانی وەک جاران چەک و تەقەمەنییە قورسەکان لە سۆڤیەتەوە بگوازێتەوە، لەملاشەوە نەیدەتوانی پارەی کڕینی چەکەکان دابینبکات، هەربۆیە ئەوانیش پشتیان تێکرد، تەنانەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە مەسەلەی لێدانی عیراق لە کوەیت، نەیانویست رێگریی لە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بکەن.

ئەم کورتە باسە تەنها وەک بە بیرهێنانەوە بوو کە وڵاتانی زلهێز تا بەرژەوەندییان هەبێت لە هەر جێیەکی ئەم جیهانە دەبنە دۆست و پشتوپەنای، بەڵام کە نەیانما، هەروەک ئەوەی رۆژێک دۆستایەتییان نەبوو بێت لەگەڵیان، بەبەرچاویانەوە کەوڵیان بکەن لایان لێناکەنەوە، وەک ئەوەی ئەمەریکا بە عیراقی کرد لەکاتی داگیرکردنی کوەیتدا.

زلهێزەکان ناتوانن تاسەر لە بیری خۆسەپاندندابن
جیهان دابەشبووی دوو لووتکەی سۆڤیەت و ئەمەریکا بوو، ئەو سەردەمە وڵاتانی جیهانی سێیەمیش هەبوون کە گوایە لە دەرەوەی ئەو دوانەن و بێلایەنن، بەڵام لە راستیدا هەموویان دابەشوبووی ئەو دووانە بوون، هەر بۆیەش ئێستا هیچ ناو و رۆڵێکیان نەماوە.

لەزۆر بەشی ئەم جیهانە ناوچەکان دابەشکراوی ژێردەستی زلهێزەکانن، دەیان دوورگە و وڵاتی بێدەسەڵات تەنها بە ناو لەسەر جوگرافیا هەن کە سەربەخۆن، بەڵام لە واقعدا وڵاتێکی زلهێز بەڕێوەی دەبات.

خەباتێکی دوورودرێژ لە دژی ئیستیعمار لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بەرهەمی بەدەستهێنا، زۆرێک لە وڵاتان توانییان ئیستیعمار بەدەرنێن و خۆیان رزگار و سەربەخۆ بکەن، تونس ئیستیعماری فەرەنسا 1956، میسر ئیستیعماری ئینگلیز 1952، مەغریب 1956 ئیستیعماری ئیسپانیا، سودان 1955 ئیستیعماری ئینگلیز، ئەسیوپیا 1974 ئیستیعماری ئیتالیا و دواتر ئینگلیز، ئەفغانستان هەژموونی ئینگلیز 1973، لیبیا 1951 ئیستیعماری ئیتالیا، جەزائیر ئیستیعماری فەرەنسا 1962، هیند و پاکستان 1947 لە ژێر ئیستعماری ئینگلیزدا، عیراق 1958 ئستیعماری ئینگلیز، زۆر جێگەی دیکەم ئەم جیهانە لە قارەکانی تر، خۆیان رزگارکرد لەدەستی ئیستیعماری ئیتالی و ئینگلیز و فەرەنسی.
ئەودەم خەبات لەدژی ئیستیعمار پیرۆزترین ئەرک بوو، لەهەر یەک لەو وڵاتانە سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی. 

لەدوای ئەمەوە ئەوانەی پێیان دەوترا ئیستیعمار و ئێستا مامۆستای خوێندنگەی دیموکراسین، بەجۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهاندا کردووە کە میللەتانی زۆربەی وڵاتان خۆزگەیان پێبخوازن و رازیبن کە بەشێک بن لەوان یان هەژموونی ئەوانیان لەسەر بێت.

ئەویش بەو هۆکارە نا کە ئەو زلهێزانە قاڵبووی دیموکراسیین، نەخێر هەمووان دەزانین لەناو خۆی خۆیاندا چی دەگوزەرێت لە بێکاری، بێ بیمەیی، نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان، زۆریی تووشبووان بە مادەی هۆشبەر، بەڕەڵایی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، رێژەی جیابوونەوەی خێزانەکان، کەمبوونەوەی ژیانی هاوسەری و بوونە باوی ژیانی پێکەوە ژیانی کاتی، زۆربوونی هاوڕەگەزبازیی، پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران، هەڵکشانی سەرمایەداران و دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەمانە و زۆر شتی دیکە کە دەگاتە فەسادی ئەخلاقی لای سەرانی ئەو وڵاتەنە.

بەوپێیەی لە جیهاندا کۆمەڵگەکان لە هەموو جۆرە سروشتێکیان تێدایە، زۆریشن کە دەیانەوێت وەک ئەو کۆمەڵگانە بژین کە لەو وڵاتانەدان بە هەموو کەموکووڕییەکانیانەوە، رەنگە پێیان وابێت ئەمە ئازادییە.

نوخبەیەکی سیاسیی، ئەوانەی داگیرکاریی و چوونە ژێر هەژموونی زلهێزەکان رەتدەکەنەوە، دەبنە پێشڕەوی خەڵک.

لەناویاندا دەسەڵاتی وڵات دەگرنە دەست، وەک ئەوەی لە ئێراندا هەیە کە هەمووان دەزانی شۆڕشێک بووە بۆ بنبڕکردنی رژێمی شاهەنشاهی کە بە درێژایی دەیان ساڵ وەک مشەخۆر بەسەر خاک و خەڵکی ئەو وڵاتەوە حکومڕانییان کردووە و سەرکوتی هەموو جووڵانەوەیەکی ئازادیخوازییان کردووە، باشترین نموونەی زەق و زیندووش بۆ کورد، رووخاندنی کۆماری مەهاباد و لە سێدارەدانی سەرکردەکان و سەدان کەسی دیکە بووە، کوشتن و لەسێدارەدانی هەزاران کەسی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر بووە لە پیاوانی ئایینی و سیاسی.

رووخانی ئەو رژێمە بۆ زۆرمان جێگەی دڵخۆشی بوو، بەتایبەت ئەو کات جیهانی لەگەرمەی شەڕی دوو لووتکەییدا بوو.

لەماوەی 44 ساڵی رابردووەوە تا ئەمڕۆش، وڵاتانی زلهێز بەتایبەت ئەمەریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی تووندی ئیسرائیل، دژایەتی ئێران دەکەن، ئێمە کارمان بەوە نییە کە ئێران ئێستا لای خەڵک چۆن هەڵدەسەنگێندرێت، بەڵکو باس لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی هەژموونی زۆرەملێ دەکەین.

ئێران تاکە وڵاتە لەم ناوچەیەی جیهان کە لەسەرپێی خۆی وەستاوە و دژایەتی ئەمەریکا دەکات و نایەوێت ملکەچی بێت وەک ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە کردوویانە.

ئەمان دەیانەوێت بە ئەمەریکا بڵێن بۆچی ئێوە دەتوانن چەکی ئەتۆمیتان هەبێت و کەی بتانەوێت شوێنێک لەسەر زەوی کاول بکەن وەک ئەوەی بە هێرۆشیما و ناکازاکیتان کرد؟ بۆچی ئیسرائیل کە بەشێکە لە خۆتان و لەناو جەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتتان بۆ دروستکردوون، خاونی چەکی ئەتۆمی بن، بەڵام ئێمە بۆمان نەبێت خاوەونی بین؟

بۆچی ئێوە و هاوپەیمانەکانتان، کەی بیانەوێت لە بەرژەوەندیی خۆیان یاریی بە نرخی نەوت و دۆلار بکەن؟ بۆچی دەتوانن لە رێگەی ئەو ئەنجومەنەی کە خۆتان خاوەندرێتیی دەکەن و پێی دەوترێت ئەنجومەنی ئاساییش، چرایەکی سەوز بۆ خۆتان هەڵبکەن و هەر وڵاتێکتان ویست داگیری بکەن بە بیانووی ئەوەی چەکی کۆمەڵکوژی هەیە و دواتریش نەتوانن تەنها بەڵگەیەک پیشان بدەن؟

ئێوە چ ئازادیی و دیموکراسییەکتان بۆ عیراق هێناوە؟ ئەوە 20 ساڵە پێکهاتەکانتان لەیەک بەرداوە و خاکەکەیتان واڵاکردووە بۆ هەر هێزێک تەراتێنی تێدا بکات؟

ئەوە ترەمپ نەبوو وتی ئێمە لە سوریاداین بۆ دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەکان؟ ئەمەیە ئامانجی ئێوە بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسی؟ دەبینن بە بەرچاوتانەوە تورکیا چیدەکات لە کورد لە هەریەک لە عیراق و تورکیا و سوریا؟

دەوڵەتی ئێران ئەمانە دەبینێت، بۆیە رێگە بەخۆی دەدات کە لەبیری فراوانکردنی هەژموونی خۆیدا بێت، چونکە دەزانێت وڵاتانی دیکەی دەوروبەری خۆیان رادەستی ئیرادەی ئەمەریکا کردووە، بەجۆرێک تەنانەت بەشدارن لە دیاریکردنی هەیکەلی حکومەت ئەو وڵاتانەش و چۆنیان بووێت وەک داشی شەترەنج دەیانجوڵێنن.

دەبیستین کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دەڵێن ئێران دەبێت دەستهەڵبگرێت لە فراوانخوازیی لە ناوچەکە، بەڵام خۆ ئەم فراوانخوازییە لای ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بە زەقتر دیارە و بە ئاشکرا خۆیان بەسەربەرزیی دەزانن کە توانیویانە ئەم ناوچەیە بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە.

ئێران و وڵاتانی عەرەبی چیبکەن باشە؟
پێدەچێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی و هەژموونی زلهێزەکانی جیهان بەسەر وڵاتانی کەنداو و عەرەبیدا بێتە کایەوە، ئەویش دوای ئەو سەردانە گرنگەی سەرۆکی چین بۆ سعودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆرێک لە سەرانی ئەم وڵاتانە، دیارە ئەمە کاریگەریی بە دیوێکی باشدا دەبێت بۆ سەر پەیوەندی و هەڵوێستی ئەم وڵاتانە بەرانبەر بە ئێران، چونکە ئێران بۆ چین یەکێک لە دۆستە باشەکانە.

دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بۆ گەڕانەوەی هەیبەت و سەروەریی خۆیان هەنگاوی جدی بنێن، وەک دەڵێن کەڵەشێریش نەبێت هەر رۆژ دەبێتەوە، هەموو ئەم وڵاتانە و ئەوانی دیکەی جیهانیش دەتوانن بەبێ هەژموونی زلهێزەکان بژین، پێویستیان بەوە نەبێت بچنە ژێر رکێفی هیچ لایەکەوە.

وڵاتان بە پێی رێکەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەروەرییان پارێزراوە و بە یاسا و بەندەکانی رێکخراوە، هەر وڵاتێکیش خۆی بایی ئەوەندە سەروەت و سامانی هایە کە لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا ئاڵوگۆڕی پێوە بکات و خۆیان بەڕێوەبەرن.

ئەگەر بڕیاربێت دژی دەستتێوەردانی دەرەکی بووەستینەوە، دەبێت پێش هەر وڵاتێک دەستی زلهێزەکان لەناو وڵاتانی لاواز و تازە گەیشتوو ببڕدرێت، ئەمەی ئێرانیش دەیکات، لەگەڵ ئەوەی دەستتێوەردانە و مافی ئەوەی نییە، لەهەمانکاتدا فراوانککردنی هەژموونی خۆیەتی بۆ دوورخستنەوەی کێشە مەترسیدارەکان لەسەر خۆی، وەک ئەوەی رووسیا لە ئۆکرانیا دەیکات.

 ئێران دەزانێت ئەگەر ئەوە نەکات، ئەمەریکا بست بە بستی خاکی ئێرانیش دەخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە، وەک ئەمەی لە عیراق و سوریادا دەیکات، یان ئەو هەژموونە سیاسی و ئابووری و سەربازییەی لەسەر وڵاتانی کەنداو هەیەتی و هەموویانی کردووە بە گژی ئێراندا، تەنانەت دروستکردنی ئەو ناکۆکییانەی ناو یەمەن، ئەمەریکا خوڵقاندوویەتی تا سعودیە کێش بکات بۆ دژایەتیکردنی ئێران، چونکە دەیزانی ئێران لە بەرانبەر شیعە و حوسییەکانی یەمەن و سعودیە دێتە سەرخەت، ئەم شانۆگەرییەی داڕست تا سعودیە و کەنداو بەردەوام پێویستیان بە ئەمەریکا بێت.

ئێران و وڵاتانی کەنداو دەتوانن پێکەوە دابنیشن و سنووری دەسەڵات و دەستتێوەردان دیاریبکەن و رێککەوتن بکەن بەبێ ئەمەریکا و زلهێزەکانی دیکە، ئەگەر ئەمە بکەن ئەم ناوچەیە دەبێت یەکلاکەرەوەی پارسەنگی هێز لە جیهاندا و هەمیشە سەنگی دەبێت.

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan