هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

سەرۆک کۆمار بارشی ناوێت

لەلای مسوڵمانان هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی بە برای ئایینی حساب دەکەن، هەربۆیەش لای میسرییەکان ژنان بە هەموو پیاوەکان دەڵێن ئەی برا ( یاخویة) لەکاتی قسەکردندا.

سەرۆک کۆماری تورکیا نەک خۆی بە مسوڵمانی عەیارە 24 دەزانێت، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە ئیمپراتۆرییەک بگەڕێنێتەوە لەژێر سایەی خۆیدا بێت و پەیڕەوی سیستمی ئیسلامی بکات.

ئەگەر بەلای ئەو سەرۆکەوە ئایەتەکانی  

( قورئان) پیرۆزن و دەبێت پەیڕەو بکرێت، ئەی بۆچی لەکاتێکدا کە بە فەرمانی ئەو بۆردومانی خەڵکی مەدەنی کوردستان دەکرێت و ژن و منداڵ تێیدا دەبنە قوربانی، لەم لاشەوە بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە دۆخی ئیسلامییەکانی فەلەستین؟ 

ئەی ئەوەی ئەم دەیکات بەرانبەر کورد و مافیان زەوت دەکات و ئەوەی بە دەهۆڵی خۆی هەڵنەپەڕێت لەناوی دەبات، کێن؟ ناڵێن ٪90 ی کورد مسوڵمانن؟

دایکانی شەهیدە کوردەکان لە تورکیا لە پرسەی رۆڵە شەهیدەکانیاندا، دوو پەنجە بەرز دەکەنەوە و دەڵێن (بارشمان دەوێت) ئەوان باشتر و زووتر لە سەرۆک کۆمار تێگەیشتوون کە چارەسەری کێشەی کورد دەبێت بە ئاشتی بکرێت، ئەمڕۆ یان سبەی، کەچی ئەو دێت و بەسەر بەرزییەوە باس لە ژمارەی ئەو کەسە (کوژراوانە) دەکات کە سوپاکەی ئەو و درۆنەکانی کوشتوویانن لە خەڵکی مەدەنی و وێرانکردنی خوێندنگە و شوێنە ئابوورییەکان لە رۆژئاوا، بە بەرچاوی ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە سوریا.

ئەوەی ئەو ناوی تیرۆریستیان لێدەنێت و دەیانکوژێت، ئەمەریکای سەرپەرشتیاری ناتۆ کە تورکیاش تێیدا ئەندامە، دەزانێت کە چ رۆڵێکیان هەبووە و هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەموو کردە نایاساییەکان لەوانەش مادە هۆشبەرەکان.

با سەرۆک کۆماری تورکیا بچێت لە ئەمەریکییەکان بپرسێت تا سەجەرەی ئەو قارەمانانەی بۆ روون بێتەوە، ئەوکات دەزانن چ کەسانێکی سوودبەخش بە کۆمەڵگەیان لەناو بردووە!

 ئەوان تیرۆریست نەبوون، بەڵکو پارێزەر و بنیاتنەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بوون.

لە هەر جێگەیەک ئەو سەرۆکە لێدوانێک بدات، باسێکی کوردی تێدایە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی سەدان گرفت رووی لە تورکیا کردووە.

جو بایدن دەڵێت "حەماس بۆ ئەوە دروستکراون کە یەهود بکوژن"، پێدەچێت سەرۆکی تورکیاش هەر سیفەتێکی وای هەبێت، بەڵام ئەمیان لە جیاتی یەهود کورد دەکوژێت.

ئەو بە سەربەرزییەوە باسی دەیان کەس دەکات کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیویانە لەناویان بەرن، ئیتر بێئاگایە لەوەی کە بەم ژمارانە ئەو کڵپەیە دانامرکێتەوە، چونکە ئەوان گرووپێک نین، بەڵکو نوێنەری نەتەوەیەکن لەناو تورکیادا، با چاوێک بە ژمارەی ئەو کوردانەدا بخشێنێت (ئەگەر دڵی بە ژمارە خۆشە) کە رژێمی سەدام بە کۆمەڵ کوشتنی و لێشی زیندە بە چاڵ کردن، ئەوکات بۆی دەردەکەوێت کە ژمارە هیچ نییە بەڵکو ( قەزیە) گرنگە.

ئێستاش بەردەوامیی ژمارەی ئەو قوربانیانەیە کە بە جۆرەها چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لەناوبران، لە گۆڕەپانی سیاسییدا ماون. 

ئەو دەمەی سەدام ئەوەی کرد، لە هەموو سوریادا کوردێک نەبوو چەکی لە شان بێت، ئێستا هەزاران کورد لە پلەی نەبەردیدایە و هەر زیاتریش هەڵدەکشێت، بۆیە بە قسەی دایکانی شەهیدەکان بکە کە دەڵێن (بارش)مان دەوێت. 

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan