هیوا محەمەد
خۆزگەکانی سیاسییەکی چاوچنۆک
سیاسییەکی چاوچنۆک (لە بەرگی خزمەتکاری گەلدا) دەڵێت: خۆزگە کەناڵێکم هەبووایە تا راست و چەپم تیایدا بکردایە، کاتی بانگەشەیە و سۆزی پیر و پەککەوتانم بەلای خۆمدا راکێشایە، تا کاتی دەنگدان دەنگیان بە من بدابایە.
لە رۆژێکدا چەند بەڵێنی جۆراوجۆرم پێیان بدابایە، لە هەموو کۆبوونەوە و دەرکەوتنێکی تیڤیدا، بڕێک فرمێسکی تیمساحیم هەڵڕشتایە، ئای کە خۆش بوو ئاواتم بەدیبهاتایە، یاریم بە مێشکی خەڵک بکردایە، درۆ و بوختانم بە بەسەریاندا دابڕیبایە، رۆژی 10 جار گوێچکەیانم پڕ بکردایە، دوایش هەرچیان لێدەپرسیم نازانم، رەحەتی گیانم بووایە، ئەمڕۆ ئەوان بە دز دانێم سبەینێ خۆم بمکردایە، هەر بە پارەی ئەو میللەتە، وەنەوشەم بۆ یەک یەکی خێزانەکەم بکڕیبایە، گیرفانی باوک و برا و کەسوکارم پڕکردایە، زەوییەکانی شارەوانیم بۆ عەشرەتم خەت دابایە، بڕێک کۆمپانیای نەوت و چیمەنتۆ و مارکێت و هۆتێلم هەبووایە، بەنزینخانە خێری نەماوە لەجێی ئەوە، دوو سێ هێڵی ئاسمانیم هەبووایە.
ئەمڕۆ بە مووکێش پارەکانیان لە گیرفان دەربێنم، بەڵام کە هاتە لای خۆم 100 دەفتەری نەبێت، نەمخواردایە.
ئای خۆش دەبوو ئێواران لەگەڵ بانگدان کۆمەڵێ موژدەی خۆشم بە خەڵک بدابایە، جا خۆ ئەگەر لەو کەناڵەوە هەرچیم بووتایە، دەیانووت هەر ئەم راستە، بەڵکو نەهێڵێ روومان تێکا ئەو بەڵایە، منیش پێمدەووتن بۆ ئێوە هاتووم کە نەهێڵم چیدی ئەوان بیخۆن، بۆتان دەکەم ئەم نزایە، دەست بەرەو سەر، روو لە ئاسمان هاوار دەکەم بیڕوخێنێ ئەو قەڵایە.
بەڵام سەد خۆزگە ئەو خەڵکە رابردوویمنیان نەزانیایە، کە جار جار دەبیستم باسم دەکەن و مێژووی رەشی منیان لایە، دڵتەنگ دەبم لە وێنەدا دەستم لەدەستی دوژمندایە، خۆم لەبیر دەکەم و دەی خەمە شانی ئەوان، ئەو خەتایە، نازانم بۆ وا هەڵگەڕایەوە ئەم دونیایە؟
ئاخر من کەی بەرنامەی باشم لایە؟ کە خۆم بەرنامەی کوشتن و سەرکوتکردن لە مێشکمایە، خۆزگە ئەو کەناڵانە هەمووی هی من بووایە، تا لای هیچ کەس دەمامکی درۆکانم لانەدرایە، ئێستا کە خۆم پیر بووی سیاسەتم، وشەی تەمەن بەسەر دەمما نەهاتایە، دەڵێن پەتی درۆ کورتە خۆزگە بۆ من تا بریاکانم دەهاتنەدی، درێژ بووایە، دەڵێن سەگی هار تەمەنی لە 40 رۆژ دایە، خۆزگە تەمەنی من 40 ساڵی دی لەسەر بووایە.
کاشکی لێم گەڕابانایە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم هەرێمە، هەر لە من بووایە، تا 10 خولی دیکەی پەرلەمان هەموو کوردم وڕ کردایە، درۆ و دەلەسە و هات و هوتم بە کولتوور بکردایە. هاوڕێیەتی راست و چەپی ئایدیاکانم بەپێی رۆژگار بکردایە، تا ئەخلاقی سیاسیم لای هیچ تاکێک نەهێشتایە، ئەوەی پێی بڵێن نەتەوە و نیشتمان بۆ سوودی خۆم لەناو مێشکیان دەربێنایە، خۆزگە ئەو توانایەم هەبووایە، ئەو کۆنە هەڤاڵانەم، لەپێش چاوی دوژمنانیان، یەک یەکەیان سەر بڕیایە!
خ.غ