هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

بیرۆکراسی و دیموکراسی، پێکەوە دەگونجێن؟

بیرۆکراسی لە دوو وشە پێکدێت، بە زمانەکانی هۆڵەندی و ئەڵمانی سویدی و وڵاتانی دیکەی سکەندەنافیا، بیرۆ بە شوێنی سەرپەرشتیکردن دەوترێت و کراسیش واتای دەسەڵات و هێز دەدات، واتا دەسەڵاتی نووسینگە یان مەکتەب و ئیدارە دەگەیەنن، ئیتر ئەمە بۆ هەموو شوێنێکی کارکردن دەبێت وەک کۆمپانیا، فەرمانگە، کارخانە، حزب، وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی، نەخۆشخانە ..هتد لێرەوە دەسەڵات بە راستەوخۆ شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە و دەبێت ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدرێت جێبەجێ بکرێت، تیاشیدا پەیوەندییە کەسییەکان رۆڵی هەیە لە گۆڕینی پەیکەری دەستەکان و جێبەجێکاران.

لە حکومڕانیدا ئەوانە دەگرێتەوە کە لە دەوری ئەو حکومەتە کۆبوونەتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، ئەمان هەموو هەنگاوێکیان بۆ مانەوەی حکومەتەکەیە، تا بەرژەوەندییەکانیان زیاتر پارێزراو بێت.

ئەوانەی لە شوێنی کاردا پەیڕەوی بیرۆکراسی دەکەن، هەمیشە پەنا بۆ رۆتین دەبەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوکارەکانیان سنووردار دەکەن و دەبێت بە چەند پلە و کەسدا تێی پەڕێنن تا دەچنە ناو کەسێکی پلە نزمی کارەکەوە یان بە پێجەوانەوە، چونکە ئەوانەی دەوری سەرپەرشتیارەکە، رێگەی پێنادەن بچێتە ناو ژێردەستەکانییەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی شکۆ و هەیبەتیەتی کە لە سوودی خۆیانە.

لای بیرۆکراسییەکان گوێگرتن هەیە، بەڵام بە قسەکردن نییە یان ئەگەر لە بەرژەوەندییان بێت هەیە. ئەوان لەسەر ئەو نەخشە رێیە دەڕۆن کە خۆیان لەسەرەوە بۆیان دانراوە و ئەمانیش بۆ ژێر دەستەکانی خۆیانیان شۆڕکردووەتەوە، تەنانەت ئەگەر خۆشیان باوەڕیان بەوە نەبێت کە پێیان وتراوە، بەڵام لێی لانادەن و بوێریی ئەوەیان نابێت کە بە سەرووی خۆیان بڵێن ئەمە راست نییە، چونکە دەترسن بەمە جێگەکەیان لەق ببێت.

لە راستیدا سەرمایەداری و بیرۆکراسی هاوتای یەکن، هەرچەندە لە هەر حکومڕانییەکی پۆپۆلیستیدا بیرۆکراسی رەنگدانەوەی خۆی هەیە، جا ئەگەر چەپی بێت یان راستڕەو، ئایینی بێت یان میلیگەرایی و نەتەوەیی. 

ئەوانەی رەوتی مێژوویان گۆڕیوە بە درێژایی بوونی مرۆڤ، کەسانێک بوون نەک کۆی خەڵک بە گشتی، بۆ نموونە ئەدیسۆن خۆی بە وەرگرتنی بیری پێشووتر لە خۆی کارەبای داهێناوە، ئیتر خەڵک بەگشتی دوای بیرۆکەکەی کەوتوون، گاندی ئەگەرچی بە هاوکاریی چەند کەسێک ئەو مێژووەی تۆمارکردووە لە هیند، هێشتا بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو، کەوایە تاک دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە گۆڕینی سیستم.

زۆر جار بیستوومانە وتویانە فڵان کەسایەتیی سیاسیی کەسێکی خاکییە و تێکەڵ بە هەموو هاوڕێکانی دەبێت، یان وتویانە فڵان سەرکردە هەمیشە لەناو کێشەکانی خەڵکدا بەشدارە، ئەم سەرکردەیە ئەگەر لە وڵاتێکدا بژی بیرۆکراسیی سیستمی حکومڕان بێت، ئەوا هەنگاوەکانی ئەو بەشێک دەبێت بۆ نەهێشتنی دیموکراسی و قووڵکردنەوەی بیرۆکراسی.

جیهان لەسەر هەردوو رەوتەکە لە پەرەسەندندایە، بەڵام لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، دیموکراسیی دروشمیی سەرەکی هەموو چینەکانە، چونکە ئەمەیان بووەتە خواستی گشتیی خەڵک و هەمووان دەیانەوێت ماف و دەنگیان هەبێت، زەمەنی سەرشۆڕکردن و چەوسانەوە و ئیستیغلالکردن لە رێی ئیشەوە نەماوە. 

ئەوەی لە خزمەت رێچکەی دیموکراسیدا بێت، لە ساتەکانی ژیانی کارکردنیدا، ئەوا کەشێک لە کۆمەڵگە دروستدەکات کە خۆشی تێیدا دەحەوێتەوە، پێچەوانەکەشی ئەوە دەبێت کە خۆی زیانی پێدەگات.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan