هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

سیناریۆ نوێیەکەی پارتی و تورکیا

پێشتر باسی سیناریۆی دوای ئەنجامی هەڵبژاردنمان کرد لە کەرکوک کە یەکێتی دەنگی زۆرینەی هێناوە، ئەمەش شانازییە بۆ کورد، چونکە دەنگەکانی یەکێتی دەنگی کوردە رەسەنەکانی شارەکە و دەوروبەرییەتی و پاداشتدانەوەی وەفای یەکێتییە بۆیان.

دەڵێن ریفراندۆم وەک خواستێک و تەوژمێکی نەتەوەییانە بوو لەلایەن مەسعود بارزانییەوە و خرایەروو، ئیتر لەدواییدا وەک حیکایەتی قازی زێڕین هەموو حزبەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان، پەنجەی ئۆکەییان بۆ بە مەرەکبەدا کرد، جگە لە لایەنێکی وەک نەوەی نوێ( ئەوانیش وەک دژ نەک ژیرانە) و هەندێک کەسایەتیی دیکەی سیاسیی و رۆشنبیریی لەوانە بەندەش کە دژی وەستاینەوە و پێموابوو کە ئەمڕۆمان بەسەر دێنێ، خۆشبەختانەش لە پۆستەکانی فەیسبووک و وتارەکانمدا لەو سەردەمەدا دەمنووسین.

ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و ئابووریی سەربەخۆ نەبوو، بۆ نیشاندانی بازووی کورد و ترساندنی بەغدا نەبوو، چونکە ئەمەیان نەک نەیتراسندن بەڵکو وریایکردنەوە و بە سوودیان شکایەوە، بەڵکو بۆ کەمکردنەوە یان کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی یەکێتی بوو لە کەرکوک.

هەمووان دەزانن یەکێتی لە کەرکوک چی بوو؟ پارتی هەرچیدەکرد نەیتوانی بگاتە ئاستی هەژموونی یەکێتی، تورکمانەکان پێکەوە ژیانیان بە یەکسانی نەدەویست، ئەگەرچی مام جەلال 33٪ بۆ بڕاندنەوە، بەلام تورکیا زیاتری لێیان دەویست، ئەو هاوکاریی دەکردن تا دیموگرافیای کەرکوک بگەڕێننەوە سەر سەردەمی عوسمانی و تەتریکی بکەن، بەڵام تورکمانەکان بە پۆستی بەڕێوەبەرایەتییەکان رازیبوون و دەستیان گرتبوو بە کڵاوەکەی خۆیانەوە با نەیبات.

ئەمانە هۆکاری بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بوون کە تورکیا چرای سەوزی بۆ هەڵکرد( ئەمە دەڵێم، چونکە پارتی هەنگاوی نەدەناو ناشی نێت بێ رەزامەندی تورکیا و هیچ کات نەیتوانیوە لێیدەربچێت).

ریفراندۆم هەرێمی گەڕاندەوە بۆ دواوە، کەرکوک لەدەستدرا، بودجە بڕدرا، ئاستی ئابووریی هەرێم رۆچووە خوارێ، مووچە پچڕ پچڕ بووە تا ئێستاش کە بە هیوان سێ مانگ لە مووچەی ساڵی 2023 پاشەکەوتی زۆرە ملێ بکەن.

کەوابوو ئەم دەرەنجامە بۆ تورکیا جێی رەزامەندی بوو، بەڵام کاتێک بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان درا، تورکیا پێی وابوو کە ئەو شەش ساڵە توانیویەتی تورکمانەکان ئامادە بکات و دەنگیان بچێتە سەر، لە کاتێکدا لەولاوە پارێزگارە بە وەکالەتەکە لەو ماوەیەدا هەنگاوی زۆری بۆ بە عەرەبکردن و دوور خستنەوەی کوردەکان دابوو، تورکیا ئەمەشی بە قازانجی تورکمانەکان دەزانی و بەشێک بوو لە پلان و نەخشەڕێکانی هاکان فیدان کە دواجار هات و سەردانی کەرکوک و هەولێری کرد و چاوی بە نوێنەری تورکمان و حزبە ئیسلامییەکانیش کەوت.

ئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکوک، تورکیای تووشی شۆک کرد، بۆیە ئێستا پێیان باشە پێش پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە، ئاژاوەیەک دروستبکەن و تێکیبدەن.

ئەوان دەزانن ئەگەر جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی شارەکە لە دەستی یەکێتیدا بێت، تورکیا ناتوانێت  هاوکاریی بەشێک لە تورکمانەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت.

ئاژاوە نوێیەکە کە سیناریۆکەی بۆ داڕێژراوە، تێکدانی دۆخی نێوان هەولێر و بەغدایە لەسەر بودجە و مووچە، گوایە هەرێم لەدوا ساتەکانی لاوازییدا کە هیچی وای بەدەستەوە نەماوە، هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر پارەمان نەدەنێ، ئەوا خۆمان خەریکی خۆمان دەبینەوە وەک ئەوە لە پێش ریفراندۆم وترا.

ئەمە تورکیا سەرپەرشتی دەکات، جێگرەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داوای کردووە لە پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا سنووردار بکات.

زۆر کارتی گرنگ هەیە لە نێوانی بەغدا و ئەنقەرە کە لە ئێمەی کورد زۆر گرنگترن  بەوەی دەوڵەتمان نییە و داماڵدرواین و لاوازترین لە سەردەمی پێش ریفراندۆم.

سیناریۆکە وایە کە پارتی وەک حکومەتی هەرێم دەکەوێتە هەڕەشە و خۆ گیڤکردنەوە لە بەغدا، گوایە بۆ مووچە، بەڵام دەزانێت ئەوانیش نایدەن، چونکە پێیانوایە حکومەتی هەرێم ناشەفافە لە خستنە رووی داهاتەکان، دواتر بەغدا رەتیدەکاتەوە و بە هەندی وەرناگرێت. 

دوور نییە تورکیا وەک جاران رێگە بدات بە بە قاچاخ بردنی نەوت بەرامبەر بە نیوە قیمەتی جیهانی تا پارتییش لە جێی خۆیەوە ئەو هەنگاوەنەی دیکەی پلانەکە جێبەجێ بکات.

بەلای بەندەشەوە دەزانم هەر هەنگاوێکی لەو چەشنە بنرێت، هێندەی تر قەوارەی هەرێم لاوازتر دەبێت تا ئاستی نەمانی و مامەڵەکردنی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا.

ئێستا رۆڵی حکومەتی هەرێم وەک چاودێری کرێکارەکانی سەر پڕۆژەیەک وایە، رۆژانە ناویان دەنووسێت تا کۆتایی هەفتە پارە لە بەڵێندەرەکە وەربگرێت و دابەشی بکات، بەڵام ئێستا بەڵێندەرەکە زیادی داوەتێ و ئەویش خواردویەتی بەناوی کرێکاری بن دیوارەوە، ئێستا کرێکارەکان نازانن روو لە مراقیبەکە بکەن یان بەڵیندەرەکە؟

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan