هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

کەرکوک لە چاوەڕوانیی رۆتیندا

وا راهاتووین، کاتێک بۆ کێشەیەک بڕیار دەدرێت لیژنەی بۆ پێکبهێندرێت، ئیتر دەست لە ئەنجام و چارەسەرەکەی دەشۆین، چونکە بەپێی ئەزموونەکانی رابردوو، لیژنە بۆ بەسەربردنی کات و لە بیرچوونەوەی کێشەکەیە لای سکاڵاکەران.
بۆ دوا رووداوی کەرکوک کە بە قوربانی و خوێنڕشتن کۆتاییهات، ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵییەوە لیژنەیان بۆ پێکهێناوە و چاویان دەکەوێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسایەتییەکانی شارەکە تا راستییەکانی رووداوەکەیان بۆ دەربکەوێت.
لە کەرکوکدا نوێنەر و بارەگای هەموو ئەو حزبانە هەیە، ئاگادارن کە چی روویداوە؟ دەزانن تاوانی کێیە و دەشزانن بە گوللەی کام لە هێزە ئەمنییەکان چەند کەسێک کرانە قوربانی؟
دەکرا هەر خۆیان لەوێ کۆببوونایەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بکردایە بۆ رووداوەکە و بۆیان دەردەکەوت کە دەستە تێکدەرەکان کێن و لە کوێوە فەرمانیان پێکراوە؟
لیژنەکە پێکهاتووە لە چەند کەسی ناو لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەوەی حکومەتیش لە ئەندامانی ئەو حزبانەی کە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی حکومەتی عیراق. 
لەناویاندا ئەرێنی و نەرێنی هەن لە بیرکردنەوەیان بەرانبەر بە کەرکوک و کورد. تیایاندایە نەک کەرکوک بە شارێکی کوردی نازانن، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدان وتەکەی ئاغاکەیان لە تورکیاوە بچەسپێنن کە دەڵێت: ئەوان ئەسڵترین پێکهاتەی عیراقن نەک هەر کەرکوک.
تیاشیاندا هەیە سەر بە گرووپە چەکدارە مەزهەبییە توندڕەوەکانن و خۆیان لە گۆڕەپانەکەدا هەن و بەشێک نین لە چارەسەر.
لەم کاتەدا کە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراقمان لەپێشە، ئەو لایەنانەی کە دوودڵن لە پێگەی خۆیان و دەترسن لە هەیبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵی تێکدانی دۆخی شارەکە دەدەن، هەر وەک ئەو قومارچییەی کە دەیدۆڕێنێت و یاریی سەر مێزەکە بەسەر یەکدا دەشێوێنێت.
پێویستە دانیشتوانی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەوە بزانن کە بە تێکچوونی دۆخی شارەکەیان، زەرەرمەندی یەکەم خۆیان دەبن، ماڵ بڕوخێت هی ئەوانە کەسێک خوێنی لێبێت هەر لەوانە، ئەمڕۆ لە کورد بوو، سبەینێ لە پێکهاتەیەکی ترە.
ملنان بۆ چارەسەری کێشەکان و گوێنەدان بە فەرمان و پیلانی دەرەکی کە تەنها بیر لە فراوانخوازیی خۆی دەکاتەوە و ئەوان بەکاردێنێت وەک مەقاش، باشترین رێگە چارەسەرە.
ئەگەر دانیشتوانی شارەکە گیانی رۆڵەکانی خۆیان لا مەبەستە، با لەسەر ئاستی گەڕەکەکان، کەسایەتییە هەژمووندارەکان و لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاکەوە و بە بەشداریی لایەنەکان کۆببنەوە و چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خۆیان دابنێن.
کەرکوک بچووککراوەی عیراقە، سەرۆک مام جەلال بۆیە ناوی ناوە قودسی کوردستان، چونکە هاوشێوەی شاری قودس، پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی هەمە چەشنەی تێدایە، ئەمە ناسڕدرێتەوە، بەڵکو دەبێت قووڵتر بکرێتەوە و پەیوەندییەکانی پێکهاتەکان پێکەوە گرێ بدرێت.
هەر شارێک لە بنەڕەتدا چۆن پێکهاتبێت، هەروا دەمێنێتەوە و دیمۆگرافیاکەی بە زۆر ناگۆڕدرێت، هەر لایەنێک هەر وڵاتێک یان هێزێکی لە پشت بێت، ناتوانێت ئەم شێوازەی ئێستای کەرکوک بگۆڕێت و بەلای خۆیدا دایبتاشێت، ئەمە بۆ کەس نایەتەدی، بەڵام هەموان دەتوانن پێکەوەژیان بێننەدی کە تەنها چارەسەرە.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan