هیوا محەمەد
نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر
لە کۆڕێکی خۆیدا گوێم لە وتەیەکی ناخ هەژێنی بوو، وتەیەک کە هەرچی نێرینەی هۆڵەکە بوو رایچڵەکاند، تەنانەت بە بیری ژنەکانیشی هێنایەوە چۆن داکۆکی لە خۆیان و مافەکانیان بکەن و نەبەردییەکانی خۆیان لەبیر نەکەن و بە بیری نەوەکانی ئێستای بهێننەوە.
خاتوو نەرمین عوسمان لە ژنە ئازاکانی شاخ لە خێزانێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن قوربانی، لە کۆڕەکەدا وتی ئاساییترین شتێک کە بەسەرمان دەهات وەک ژن، سووڕی مانگانەمان بوو کە نێرینەکان هەستیان پێنەدەکرد و ئێمەش لەگەڵ ئازارەکانماندا هێشتا کەلوپەلی پێویستمان بۆ بەکارهێنان پێنەبوو.
دڵنیام کە پێشمەرگە نێرینەکە هەستی بەو موعاناتە نەکردووە و ویستوشیەتی وەک ئەو ئەرکی ناو بارەگاکە ببینێت لە (خەفەریات).
کە دەڵێم دڵنیام، چونکە جارێک لە پشتئاشانەوە مەفرەزەیەکیان دامێ بەرەو دولکانیان ببەم، چواریان مێینە بوون، منیش دەمویست چۆن دەڕۆم، چۆن بە هەوراز و نشێودا رێدەکەم، چۆن هەنگاو دەنێم ئەوانیش هەروا بن، هەر بۆیە زۆر جار دەنگم دەدان و دەموت ئەگەر پەلە نەکەن جێتان دێڵم.
خۆ رەنگە یەکێکیان یان دوانیان لە سووڕی مانگانەدا بووبن.
ئێستاش کە دەڵێن یەکسانی، ژنە پێشمەرگە کوردەکان لە هەر جێیەک بن هەمان ژیانیان هەیە و پیاوەکانیش هەر رواڵەتیان دەبینن، پێشیان دەڵێن دەبێت وەک ئێمە رۆڵتان هەبێت مادام دەڵێن ژن و پیاو یەکسانن.
خاتوو نەرمین عوسمان جگە لە خەباتی سەختی شاخ بە زۆر قۆناغی دیکەدا رەتبووە و زاڵبووە بەسەر کۆسپەکاندا، خۆڕاگریی و بوێرییەکەی وایکردووە خۆی لەناو گۆڕەپانی خەباتدا وەک دەستێکی کارا دەربخات، لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چەندین بەرپرسیارێتی حکومی هەبووە و پۆستی وەزیریی پەروەردە و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبووە، لە بەغداش لە حکومەتی مالیکیدا دەبێت بە وەزیری کاروباری ژنان و لە زۆرێک لە کۆنفرانسە جیهانییەکان بەشداریی کردووە، لەگەڵ ئەمەشدا نووسەرێکی بەرچاو و بەتوانایە لە شیکاریی و دەستنیشانکردنی خاڵە گرنگەکانی ناو رووداوە سیاسییەکان و بوارە کۆمەڵایەتییەکان وەک ناوخۆی خێزان و رۆڵی ژنان و پەروەردەی منداڵ و لاوان و زۆری دیکە.
لە یەکێک لە کارە جوانەکانی ئەم خاتوونە نووسەرە، وەرگێڕانی نامیلکەیەکی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە کە بە زمانی عەرەبی لە ساڵی 1937 نووسیویەتی و ئێستاش ئینستتیوتی نارین وەرگێڕدراوەکەی چاپکردووە، بەمەبەستی روونکردنەوەی هەڵوێستی نەتەوەی کورد بەرانبەر بە عەرەب و ئەو ئاستەنگانەی دەهێنرێنە رێی چارەسەری کێشەکانیان.
سەرۆک مام جەلال بەناوی پیرۆت پێشەکییەکی بۆ نووسیوە و تێیدا دەڵێت: دوژمنان، کۆلۆنیالیزم و نۆکەرەکانیان و کەسایەتییە کۆنەپەرستە خیانەتکارەکان، وەک پیشەی هەمیشەییان هەوڵدەدەن پەیوەندیی برایەتیی هەمیشەیی کورد و عەرەب لێکبترازێنن، زیان بەو پەیوەندییە تووندوتۆڵە بگەیەنن کە هەردوو گەلی عەرەب و کورد بە یەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش بەپێی ویستی پلانی داگیرکەران بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی گەلان و کۆیلەکردنیان و دەستبەرداگرتنی سامانە نیشتمانییەکانیان و رێگریکردن لە بەردەوامبوون لەگەڵ کاروانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی کە سوورن لەسەر رێکردن بەرەو رووناکی و ئازادی و پێشکەوتن.
ئەمە بۆچوون و دیدی سەرۆک مام جەلال بووە، کەچی ئێستا دوای نزیک لە 90 ساڵ زۆرێک هەن بە چەپڵە داگیرکەران و وڵاتانی زلهێز دەهێننەوە و دووبەرەکی لەنێوان گەلانی عیراقدا دەنێنەوە.
لە پێشەکی ئەم نامیلکەیەدا خاتوو نەرمین عوسمان بە بڕگەیەک پەیامی خۆیمان پێدەگەیەنێت و دەڵێت: لە عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، نەوەیەکی نوێی سیاسی هاتوونەتە پێشەوە و وردە وردە جومگەکانی دەسەڵات لەناو حزبەکان و حکومەتدا وەردەگرن، زۆر گرنگە ئەم نەوەیە شارەزای مێژوو و رووداوەکانی جیهان و ئەم ناوچەیە بن، پێویستە بەوردی ئاگاداری سەرجەم پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، جوگرافی و مێژووییەکانی هەم کورد و هەمیش گەلانی هاوسێ بن.
دەبێت وانە لە مێژوو وەربگرن، نابێت هەندێک دەنگی نەشاز و بەرژەوەندیخواز کاریگەریی بکەنە سەر ئاراستەی کارکردنیان و لە راستەڕێی پێکەوەژیان و برایەتی دووریان بخەنەوە بەرەو دەمارگیریی کوێرانە و رق و تۆڵەسەندنەوە.
بەندەش زۆر جار لە وتارەکانمدا باسم لەوە کرووە کە ئێمە لەم عیراقی فیدراڵییەدا کە خۆمان بەشداریمان لە دانانی دەستوورەکەیدا کردووە و لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال بەدیهاتووە، پێویستە بە دروشمی نمایشی گڕداری نەتەوەیی لاوەکانمان لەسەر راستەڕێ تووشی لادان نەکەین، چونکە ئێمە بەدرێژایی مێژوو بووینەتە قوربانیی بیری توندڕەوی خۆمان و پیلانگێڕیی داگیرکەران، ئێستاش تا پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەهێز بێت، پەیوەندییە سیاسییەکانی حزبە کوردییەکانیش لەگەڵ عەرەبەکان بەهێز دەبێت و دەبێتە هاندەر بۆ چاندنی تۆوی یەکتر پەسندکردن و پێکەوەژیان لەم وڵاتەدا، هەرچی لەدەرەوەی ئەمەشە لە خزمەتی کورد و هەموو گەلانی دیکەی عیراق نابێت.
خ.غ