هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

زمانی هەڕەشەی بەرپرسانی تورکیا دوورمان دەخاتەوە لەیەک

ئێمە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لەم دەڤەرەی کە لەژێر دەسەڵات و هەژموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بووە و هەیە، باسمان لەوە کردووە کە دەمانەوێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەکەمان و ئاوەدانکردنەوەی شار و گووندەکانمان، پەیوەندییەکی باشی دۆستانەی هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەرێمدا هەبێت.

بۆ ئەمەش بوونی هەزاران کۆمپانیای سەر بە تورکیا، دەربڕی ئەو راستییەن کە چۆن پێشوازییان لێکراوە و لەژێر سێبەری ئەمن و ئەماندا لێرە درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

ئەم کۆمپانیایانە بەشێکن لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا، ئەمە جگە لەو گەشتانەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە مەبەستی گەشتوگوزار دەیکەن بۆ ئەو وڵاتە و هەزاران دۆلار خەرج دەکەن.

تورکیای ئێستا و حکومڕانییەکەی( کە پێی وایە یەکێک لەهەرە باشترینەکانی مێژووی ئەو وڵاتەیە) دەبووا بەپێی ئەزموونی رابردووی کورد و عیراق ئەوە تێبگەیشتایە کە یەکێتی چۆن دروستبووە و چ رۆڵێکی هەبووە لە رووخانی ئەو رژێمەدا؟ 

چۆن رابەرایەتیی شۆڕشی کردووە و لە چەندین قۆناغدا چۆکی بە دوژمن داداوە، دەبووا ئەوە بزانێت کە ئەگەر یەکێتی گورزی گەورەی لە رژێمی بەعس نەدابایە، ئەوا سەدام لە لێبوردنە گشتییەکەدا نەیدەووت بۆ هەموو کوردە یاخیبووەکان جگە لە ( جەلال تاڵەبانی)، ئەمە هۆکاری ئەو گورزە جەرگبڕانە بوو کە یەکێتی بە رابەرایەتیی مام جەلال لە رژێمەکەی سەدامی دەدا.

سەدام بمابایە پەشیمانیی دەردەبڕی
سەدام ئەگەر بمابایە ئێستا دانی بەو هەڵە گەورەیەدا دەنا کە لە ساڵی 1983 ملی بۆ داخوازییەکانی یەکێتی نەنا و لە رێگەی دانووستانەوە لەگەڵیان نەگەیشتنە ئەنجام.

ئەوکات سەدام لە لووتبەرزییەوە، داخوازییەکانی کورد کە لە رێگەی یەکێتییەوە خرانەڕوو، رەتکردەوە.

ئەو رەتکردنەوەیە پشتبەست بە هێزی چەک و سەرکوتکردن بوو، ئەو پێی وابوو دەتوانێت بە هێز چۆکیان پێدابدا، بەڵام لەدوای گرتنەبەری زۆرینەی شێوازە دڕندانەکان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەوانە ئەنفالکردنی سەدان هەزار کەس، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین جێگەی تر، لەگەڵیدا بەردەوام لە سێدارەدانی تێکۆشەرەکانی ناو یەکێتی، هەموو ئەمانە کۆڵی بە یەکێتی نەدا بچێتە ژێر خێمەی هەڕەشە و گوڕەشەی سەدام و رژێمەکەی. 

ئەگەر سەدام بمابایە ئێستا دەیووت ئەگەر ئەو رۆژە لەگەڵ یەکێتیدا بگەیشتمایەتە رێککەوتن، ئێستا عیراق بە گشتی و ناوچەکەش و زۆر جیاوازتر بوو لەوەی کە هەیە و خۆشی و حزبەکەشی بەو دەردە نەدەچوون.

با ئەردۆغان سوود لە رابردوو وەرگرێت
دەکرێت ئەردۆغان و حزبەکەی بڕێک لەو مێژووە بخوێننەوە، تا تێبگەن لە ئەنجامی هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە و بەکارهێنانی هێز و سەرکوتکردن، یەکێتی بوو بە چی؟ 

چۆن ئەو هەموو قوربانییە بووە هۆی پتەوکردنی ریشەی لەناو خەڵکدا و ئێستاش زۆر پتەوتر لە جاران لەسەر پێ وەستاوە.

رەنگە بۆ ئەردۆغان و حزبەکەشی ئاسان بێت کە لە شوێنی خۆیانەوە لێدوانی هەڕەشە ئامێز بدەن و لە رێگەی درۆنیشەوە بیبارێنن بەسەرماندا، بەڵام ئەمە لەدوای پەشیمانییەکی زۆر بە ناچاری هەر دەبێت دەستی لێهەڵبگرن.

سەرۆک بافڵ تەنها نییە
سەرۆک بافڵ کوڕی مام جەلال، ئەو رابەرەی کە خۆتان دەزانن چۆن ئاشتی هێنەر بوو بۆ ناوچەکە، ئێستا سەرۆکی یەکێتییە، خۆی بە تەنها نییە، حزبە دێرینەکەی مامی لە پشتە، پانتایی دەسەڵات و هەژموونی حزبەکەش فراوانە، جێگە دەستی دیارە، لای دۆست و دوژمنی ئێوە جێگەی هەیە.

ئێوە ناتوانن لەژێر بیانووی بوونی پەکەکە درێژە بە هێرشە دوژمنکارییەکانتان بدەن، چونکە ئەوان لێرەوە پیلانی لێدانی ئێوەیان نییە، ئەوان لەگەڵتاندا لە برادۆست و سنوورەکانی دهۆک کە بە وڵاتی خۆتانەوەیە لە شەڕی بەرانبەردان، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا هەزاران کەسی چالاکوانیان هەیە کە رەنگە جێ دەستی ئەوان زۆر کاریگەرتر بێت لەوەی کە لێرە هەبن.

ئێرە هەرێمێکە ئێمە بە خوێن رزگارمان کردووە و دەیپارێزین، پێتان وانەبێت هەمووان بە تەپڵی ئێوە هەڵدەپەرن.

مرۆڤ هەر مرۆڤە سەربازیی بێت یان مەدەنی، لەبیری ئەوەدا بن کە زمانی هەڕەشە کۆتایی پێبێنن و ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لاببەن، زمانی هەڕەشە سوود بە هیچ لایەکمان ناگەیەنێت، ئەو زیانەی بە ئێمەی دەگەیەنن، دەیان جار لە خۆتان دەکەوێت. 

ئێوە دەزانن ئەو کۆمپانیایەی گەشتەکانی بۆ سلێمانی راگرتووە چەندین ملێون دۆلاری زەرەر کردووە؟ 

وەرن با لە یەکتر حاڵی بین، درۆن و هەڕەشەکانی ئێوە، ئێمە و خەڵکەکەمان قین ئەستوور تر دەکات، ئەمە هاوکێشەیە و ئێوەش لێی بە ئاگان، زمانی دۆستایەتیش لەیەکمان نزیک دەکاتەوە و زیاتر تێکەڵ بە یەکمان دەکات، لە کەشی دۆستایەتیشدا ئاشتی و دۆستی گەشە دەکات.

چەندەی ئێمە پێویستمان بە ئێوە بێت، ئێوەش هێندە پێویستان بە ئێمەیە، ئابوورییەکەتان خەریکە دادەڕمێ، لەبیری ئەوەدا بن چۆن باشی دەکەنەوە، بە درۆن و شەڕ لە چەند گۆشەیەکی دەرەوەی وڵاتەکەتان ناتوانن بیبووژێننەوە، هەر وڵاتێک لە چەند بەرەیەکەوە لە شەڕدا بێت گەشە ناکات و دادەڕمێت.

ئێوە سیاسەتی فراوانخوازیتان هەیە، ئێستا پێتان خۆشە پەکەکە لە بەغداوە سەر هەڵبدات تا بەو بیانووە لەشکرکێشی بکەن بۆ ئەوێ، بەڵام ئەو سیاسەتە هەڵەیە و بەرەو هەڵدێرتان دەبات.

 خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan