هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

ئەم کراسی دیموکراسییە بۆ بەری ئێمە نابێت

لەو وڵاتانەی کە لە مێژە لەگەڵ سیستمی دیموکراسییدا دەست و پەنجەیان نەرم کردووە و تێکەڵی بوون، لە سەرووی هەموویانەوە رێزگرتن لە یاسا و رێسایە و لەوێشەوە رێزگرتن لە رای تاک چ لە ناو خێزان یان لە دەرەوە، لە بواری خوێندن یان کارکردن، تەنانەت لەناو سوپاشدا کە جێگەی فەرمان و جێبجێکردنە، هێشتا رێز لە داوا و پێشنیازی سەربازەکان دەگیرێت، لە ئاڵوگۆڕپێکردنی جێگەکانیان.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چەندە بە رواڵەت خواست لەسەر دیموکراسی هەیە، دوو هێندە لە ناوەڕۆکدا وەستانەوە لە دژی و لادان لە لێی هەیە، بەڵام کارەسات لەوەدایە کە لەناو هەندێک نێوەندی کاردا ئەم دیموکراسییە تەسکە و بۆ بەری کەس نابێت کە زۆرینەیان رۆشنبیر یان خوێندکارن و لە کۆلێژێکدان، هەروەک چۆن ئەو پزیشکەی جگەرەیەک بە لێویەویەتی و ئامۆژگاریی نەخۆشەکە دەکات لە نەکێشانی.

بەهۆکاری هەڵکەوتەیی کۆمەڵگەکەمان، زۆرن ئەوانەی پاشکۆی حزب و لایەنە سیاسییەکانن و خاوەنی دەنگ و پێگەی خۆیانن لە رێگەی عەشیرەتەوە، ئەمانە راستە پاشکۆن، بەڵام تا ئەوکاتەی کە زیان بە پێگەی عەشیرەت و هەیبەتی سەرۆکەکەیان و باو و نەریتەکەیان نەگات، هەر لەبەرئەوەشە کاتێک سەرۆکی عەشیرەتەکە رای دەگۆڕێت و لەم حزبەوە دەچێت بۆ حزبێکی تر، زۆرینەی زۆری ئەندامانی عەشیرەتەکەش لەگەڵیدا دەڕۆن.

دیموکراسی لای ئەوان سنووردارە، تەنها لەوێدا دەیبینیت کە چەند دەمڕاستێک لە گەورەکانی عەشیرەتەکە لە دەوری سەرۆکەکەی کۆدەبنەوە و مشتومڕ دەکەن لەسەر کێشەیەک، یان لەو کاتەدا کە دادپەروەرانە حوکمی کەسێک دەدەن لەوەی هەڵەی کردووە، دەنا لە دەمارەکانی دیکەی دیموکراسیی ناو خێزان و کۆمەڵگە و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ کردنی، بە دوورن و نایانەوێت بخزێتە ناویان، چونکە دەزانن باوەڕبوون بە دیموکراسیی واتای ئەوەیە دواجار دەبێت ئەو پۆستی سەرۆکایەتییە چۆڵ بکەن بۆ کەسێکی تر، ئەمە راستیی مانای دیموکراسییە.

سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێمە، هەمیشە حسابیان بۆ ئەم توێژانەی ناو کۆمەڵگە کردووە و زۆرێک لە خۆشیان سەجەرەیان دەگەڕێتەوە بۆ عەشیرەتەکان، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە دیموکراسیی بکەنە پەیڕەوی کارکردنیان، ئەویش تەنها لەبەر ئاڵوگۆڕی پۆستە، دەنا کچ و کوڕی زۆرێک لە عەشیرەتەکان پلەکانی باڵای خوێندنیان بە باشی بڕیوە و لە پلە و پۆستی حزبی و حکومی دا جێگەیان هەیە.

بریا هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە، لە بەڕێوەبردنی دامودەزگا حکومییەکان و ئیدارەدانی هەرجێیەکدا، لایەکیان لە دیموکراسی بکردایەتەوە و چاویان لە پێشخستنی کۆمەڵگە بووایە نەک هەر بەدەستهێنانی پۆست و پلە، ئاساییە کەسێک هەوڵبدات پلەکەی بەرزبکەنەوە تا بتوانێت لەوێوە خزمەتی زیاتر بکات، بەڵام ئاسایی نییە لەپێناوی گەیشتن بە پلە، دەمی راستی وتن داخات و چاوی زەقەی بێت.

ئەوەی پۆستێک وەردەگرێت، دەبێت ئەو رۆژەشی لەبەرچاو بێت کە جێی دەهێڵێت، ئیتر بۆچی لەو ماوەیەدا جێگە دەستی کارکردن و رێزگرتنی خۆی بەرز نەکاتەوە و بەشدار نەبێت لە چەسپاندنی رەگێکی دیموکراسی لە کارکردندا؟ بەمەش بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی.

 خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan