هیوا  محەمەد

هیوا محەمەد

پەشیمانیی لای دیکتاتۆر و مکوڕبوون لای سەرکردەی بەرەی گەل

ئەگەر دیکتاتۆرەکان مۆڵەتی پەشیمانی دەربڕینیان پێبدرێت، لەوکاتەدا کە دەزانن دوا ساتیانە، ئەوا پەشیمان دەبنەوە و داوای لێبووردن دەکەن تەنانەت ئەگەر بواریان پێبدرێت بگەڕێنەوە سەر کورسیی حوکمڕانی، ئەوا رەوتیان دەگۆڕن و دەبنە کەسێکی دیکەی پێچەوانەی پێشوویان، چونکە هەریەک لەوان تا نەکەوێتە داوەکەوە باوەڕ بەوە ناکات کە هێزێک هەبێت لە دەسەڵاتەکەی خۆی زیاتر بێت و دەست بەسەر ئەمدا بگرێت.

هێتلەر لە ئەڵمانیا، سەدام لە عیراق، قەزافی لە لیبیا، بنعابدین لە تونس، موبارەک لە میسر، شای ئێران، پۆلپۆتی کەمبۆدیا، مینتسگو هێلی ماریام لە ئەسیوپیا، بینوشیە لە شیلی، شاوشیسکۆ لە رۆمانیا و زۆری دیکەش. هەریەک بە جۆرێ پەشیمانییان دەردەبڕی.

هیتلەر چونکە هیچکات ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات ئەو دەسەڵاتە فراوانەی ئەو بەدەستیهێناوە بڕوخێت، بۆیە دیار نەمانی تائێستا تەم و مژاوییە، ئایا کوژرا یان خۆی کوشت؟ یان سووتا؟

سەدام لەناو قەفەسی تاوان لە دادگا خۆی بێبەری دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد لای قازییەکە کە دەبێت وەک سەرۆکی عیراق رێزی لێبگیرێت، ئەو لە کاتێکدا بە فەرمانی خۆی دەیان تاوانی کۆمەڵکوژی کرابوو، کەچی خۆی لە هەمووی بێبەری کرد و بە ناڕاستەوخۆ دەیووت ئاگام لێ نییە، ئەگەر ئەو کات مەرجیان بۆ دابنایە و بیانوتایە دەتکەینەوە بە سەرۆکی عیراق، بەڵام بەم مەرجانە، ئەوا بە هەمووی رازیدەبوو و بە دە پەنجە مۆری دەکرد و جارێکی تر بەلای زەبروزەنگدا نەدەڕۆیشتەوە، چونکە نەگەیشتبووە ئەو باوەڕەی دەکەوێتە ئەو رۆژەوە تا بە چاوی خۆی زەجری بینی.

قەزافی کاتێک کە گیرا وشەی سۆزداریی بەکاردەههێنا بۆ ئەوەی نەیکوژن، ئەگەر ئەو ساتە یەک نووسراویان بۆ بهێنایە و تێیدا مەرجیان بۆ دابنایە بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر حکومڕانیی وڵات، ئەوا بەهەمووی رازی دەبوو، چونکە هەفەتەیەک پێش ئەوە کاتێک لەناو سەدان کەسی حیمایەی پتەودا دەچووە بەردەم کامێراکان و لێدوانی ئاگرین و هەڕەشە ئامێزی دەدا، هیچ ترسێکی لە دڵدا نەبوو، پشتی قاییم بوو، بەڵام کە گیرا تووشی شۆک بوو، لەبری هەموو هەڕەشەکان بە لاوەکەی وت من وەک باوکت وام.

ئەو موبارەکەی کە دەیان ساڵ ئابووریی میسری خستە ژێر رکێفی خۆی و بۆ بنەماڵەکەی بەکاریدەهێنا و حسابی بۆ هیچ کام لە دەنگە نارازییەکان و ملیۆنان برسی و هەژار نەدەکرد، کەچی دواتر کە گیرا لەسەر کورسی تاوان لە دادگا هێندە خۆی بێتاون نیشان دەدا، زۆرێک لە خەڵکی میسر بەزەییان پێیدا دەهاتەوە، تەنانەت هەژارەکانیش.

شای ئێران لەسەر پەیژەی فڕۆکەکەوە ماڵئاوایی لە خەڵکی ئێران کرد و خەمی دەخوارد کە جێیان دەهێڵێت، پێشتریش حزبی رستاخیز و هێزە ئەمنییەکەی بەناوی ساواک، سەدان کەسیان لەناو بردووە لەپێناوی پاراستنی پێگەی شا و هیچ ئەسەرێکیش لە لاشەیان نەدۆزراوەتەوە، دەبوا لە خوێندنگەکان بەیانیان سروود بەسەر شا و خانەوادەکەیدا بوترێت، پێش دەستپێکی خوێندن.

لە شوێنە گشتییەکان بە گەورەیی دەنووسرا خوا، شا، نیشتمان، واتا شا لەدوای خواوە یەکەم کەس بوو، کاتێکیش کە بەم وڵات و ئەو وڵاتدا دەربەدەر بوو تا لە قاهیرە مرد، هەر دەپاڕایەوە و هەوڵی بێ تاوانیی خۆی دەدا.

سەرۆکی رۆمانیا کە گیرا، قینی خەڵک لێی هێندە زۆر بوو، لەناو ستۆدیۆی تەلەڤزیۆنی رەسمی رۆمانیا خۆی و ژنەکەیان کوشت، هەرچەندە زۆری پەشیمانی دەربڕی بوو، زۆر پاڕابووەوە، بەڵام دادی نەدا و کوشتیان.

کەسی تێکۆشەری بەرەی گەل
رابەری شۆڕش، ئەوانەی لەبەرەی گەلدا بەرانبەر بە دیکتاتۆریی دەجەنگن، کاتێک دەستگیر دەکرێن، لە خەبات و هەڵوێستی خۆیان پەشیمان نابنەوە ئەگەر بزانن سەری خۆشیان لەو پێناوەدا دادەنێن، نموونەی گیڤارا لە کوبا، یان سەرکردەکانی ناو شۆڕشی کورد و عیراق لەوانە شەهیدان فەهد و هاوڕێکانی لە حزبی شیوعی و شەهید ئارام و هاوڕێکانی لە کۆمەڵە.

ئەم رابەرانە، چونکە خەباتیان رەوایی هەبووە داکۆکییان لە بەرەی راست و مافخوراو کردووە، بەسەربەرزییەوە چوونەتە بەر پەتی سێدارە و بە دروشمی مانادارەوە پێشوازییان لە مەرگی خۆیان کردووە، بەڵام دیکتاتۆرەکان، چونکە لە سەرەتاوە زانیویانە و درکیان بەوە کردووە کە بەزۆر و لە رێگەی هێز و پارەوە خۆیان سەپاندووە، کاتێک تێکەوتوون خۆیان لە تەنیایی و لاوازیدا بینیوەتەوە ئیتر پەشیمانبوونەوەتەوە، بەڵام پەشیمانییەکە داڵدەی نەداون، چونکە لە هیچ شوێنێک دیکتاتۆرەکان ئازاد نەکراون تا بزانین چۆنیان تۆبە کردووە و چۆن دەگەڕێنەوە بەرەی خەڵک، ئەوەندەش لە زینداندا مابێتن پێش کوشتناین، ئەوا هەر دەربڕینی پەشیمانی بووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan