خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

زلـلەیەک لە کورد و نەوت بۆ تورک

یەکەم
فەرهاد ئەنجو، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستانبوڵی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لەکاتی بەشداریکردنی لە خۆپێشاندانی کەسوکاری زیندانیکراوەکاندا، لەلایەن پۆلیسێکەوە زلـلەیەکی لێدرا. لەگەڵ ئەوەی پۆلیسی تورک یەکەمجاریان نییە کاری لەو شێوەیە بکەن، بەڵام زلـلەکەی ئەمجارە کاردانەوەی زۆر تووندی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک والیی ئیستانبوڵ رایگەیاند دەستیانکردووە بە لێپرسینەوە لەو پۆلیسەکە و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر گیراوەتەبەر.

پارتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە و بەتایبەت رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە کە بەهۆی دەنگی کوردەوە، گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵیان بەرانبەر پارتی گەلی کوماری- جەهەپە دۆڕاند، دڵتەنگییەکی سەیر دایگرتوون و زیاتر خەنجەر لە جەستەی هەدەپە و کورد دەسون، ئەمە نەک سیاسەتێکی راست نییە، بەڵکو ئەکەپە بەرەو دۆڕانێکی دیکە دەبات.

چەند رۆژی رابردوو رووداوی دیکەش لە ئیستانبوڵ روویاندا، بۆ نموونە دادگای تورکیا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی بە زیاتر لە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادا، کاتێک زۆرینەی چاوەکان لەسەر ئەوەبوون سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ ببێتە بەربژێری هاوپەیمانێتی مێزی شەشی کورسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام ئەردۆغان تیرێکی هەڵەی هاوێشت، هەردوو رووداوەکە نەیارەکانی ئەردۆغان، ئەگەرچی خۆشیان زۆر دۆستی یەکتر نین، بەڵام لە یەکتر نزیک دەکاتەوە.

دووەم
بەپێی ماڵپەڕی ئەنادۆڵوی تورکیا ماوەی چه‌ند مانگێكه‌ له‌ باكووری كوردستان پرۆسەی گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا دەستیپێکردووە بەتایبەت له سنووری‌ پارێزگاكانی مێردین، سێرت ، جۆله‌مێرگ و شڕناخ. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا؛ لەئێستادا رۆژانە 65 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت، لەگەڵ کەرتی تایبەتدا کۆی گشتی ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 80 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئەگەر دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان بۆ تورکیا دەستکەوتە و رەهەندێکی ئابووری هەیە، ئەوا لەڕاستیدا بۆ کورد سەرەتای مەترسییەکی گەورەیە و دەبێتە بەڵایەکی دیکە و بەرۆکی کورد دەگرێت.

یەکەم هەنگاو شوناسی ئەمنی و سەربازی و تەتریکی پێدراوە کاتێک کێڵگەکە کراوەتە ناوی ئەفسەری باڵا ئەسما چەڤیک کە لە شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا کوژراوە، روونە هەنگاوی دووەمیش بە بیانووی پاراستنی کێڵگەکانی نەوت ناوچەکانی کورد بە تەواوی دەکرێنە سەربازگە و قۆناغێکی نوێی نەرێنی لەگەڵ کورد دەستپێدەکات.

جگە لەوە دەرهێنانی نەوت پێویستی بە هەزاران دەستی کارکەر لە هەموو ئاستەکان هەیە، دامەزراندن و نیشتەجێکردنی دەستی کاری تورک و مانەوەیان لە ناوچەکە بەتەواوی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان دەشێوێنێ، وا جارێکی دیکە نەوت بوو بە بەڵا بۆ کورد.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan