نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

کار، کلیلی چارەسەری زۆرێک لە کێشەکانی ژنان

کار، بابەتێکی سەرەکییە لە ژیانی مرۆڤدا و بە ئامانجەکانی ژیانەوە بەستراوەتەوە؛ جا چ بۆ ژن بێت، یاخود بۆ پیاو، هەمان پایە و گرنگیی هەیە.
گۆڕانکاریی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ستایلی ژیان، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ئەو کێشانەی رۆژانە رووبەڕووی تاک و کۆمەڵگە دەبێتەوە، پێداویستییە تایبەتی و گشتییەکان، جا لەسەر ئاستی تاک بێت، یاخود خێزان و کۆمەڵگە، وایان کردووە پێویستی بە داهاتی زیاتر بێت. ئەوەی ئێستا پێویستە بۆ دابینکردنی ئەو هەموو داواکارییانە، چەندین ئەوەندەی چەند دەیەیەکی پێشترە، بۆیە ئێستا زۆر زیاتر لە جاران پێویستە ژنان بچنە بوارەکانی کارەوە لە دەرەوەی ماڵ. 
کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ، هاوکارە بۆ باشترکردنی ئاستی دارایی و دۆخی کۆمەڵایەتی خێزانەکەی، بەتایبەتییش ئەگەر بتوانێت هاوسەنگیی نێوان کاری دەرەوە و کاری ناوماڵ رابگرێت، بۆ پیاوانیش هەمان شتە. 
ئابووریی سەربەخۆی ژن، بایەخ و گرنگیی زۆری هەیە لەسەر ئاستی: خێزان و کۆمەڵ، تاک و خودی کەسەکە، شوێنی کار، هەروەها زۆر گرنگە لە کاتی روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو کە رووبەڕووی خێزان دەبێتەوە، بەتایبەتییش کاتێک ژن دایکێکی تەنیایە، نموونەش لەسەر ئەمە زۆرە.

گرنگیی کار بۆ خودی ژن، لە چەند روویەکەوەیە: زیاتر رێز لە خۆی دەگرێت، هەست بە بوونی خۆی و ئازادیی دەروونی و ئابووری دەکات، هەوڵی فێربوون و پەیداکردنی ئەزموون دەدات، باشتر زاڵ دەبێت بەسەر جیاوازییە چینایەتییەکان و ئەو بۆشاییەی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتییەکانی... بۆ کۆمەڵگەش، لە چەندین رووەوە سوودی هەیە: دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی کۆمەڵگە، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی خێزان و تاک، هاوکاریی لە وەبەرهێنان و جۆرایەتی کارە ئابوورییەکان، بووژانەوەی بواری بازرگانی و پیشەسازی، هەروەها دەبێتە هۆی دامەزراندنی ژنان لە بوارەکانی تری کاردا و باوەڕی کۆمەڵگە بە لای خۆیاندا رادەکێشن، بەتایبەتی ئەگەر لە کارەکەدا سەرکەوتوو بن، بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوەش، لە شوێنی کار داهێنانی تازەتر پەیدا دەبێت. دەرکەوتووە لەو دامەزراوانەی هەردوو رەگەزی تێدایە، داهاتیان زیاترە لەوانەی تەنیا یەک رەگەزیان تێدایە، هەروەها بە رۆحیەتی تیم کار دەکەن و لە هەمان کاتیشدا پێشبڕکێ زیاترە.

ژن، ئەندامێکی کۆمەڵگەیە، بۆیە دەبێت بەرپرسیاریەتی لە ئیدارەدانی کۆمەڵ لە هەموو دامەزراوەکان و بوارە ئابوورییەکاندا وەربگرێت، دەنا نیوەی وزەی کۆمەڵگە بەفیڕۆ دەچێت.
لەگەڵ ئەو هەموو بایەخەی لەم سەردەمەدا بۆ کارکردنی ژن هەیە، بەڵام هێشتا سەدان کۆسپ و تەگەرە دێنە پێشیان. پەیوەندیی ئابووری و کولتوورە نەریتییەکان ئاڵۆزە، راستەهێڵێک نییە لە نێوان کۆمەڵگەیەکی نەریتی و کۆمەڵگەیەکی شارستانی. ئەوەی پەیوەندی بە کاری ژنەوە هەیە، کۆسپ و رێگرییەکان هەمەچەشن و زۆرن، باوترینیان: کەمیی رۆشنبیری و نزمیی ئاستی هۆشیاری، زیندووکردنەوەی بەردەوامی کولتوور و دابونەریتی دواکەوتوو، دەمارگیریی ئایینی و تێکەڵبوونی دەسەڵاتی نێرسالاری بە ئایینەکان بەگشتی، ئەو تێڕوانینە مێژووییەی کە بۆ مێ هەیە وەک تاکێکی پاسیڤ و لەقاڵبدانی ئەرکەکەی وەک ژنێک بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ و وەک دایکێک بۆ بەخێوکردنی منداڵ...

هەندێک جۆری کار هەن بە لای کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانەوە بە کاری ژن دانانرێن بە بیانووی هەندێک هۆکار، لەوانە: بەهێزیی هەستی سۆزداریی لای ژن، باری دەروونی و جەستەیی، ئاستی رۆشنبیری و ئاستی زانیاری دەربارەی کار، نەبوونی توانای گونجاندنی کاری ناوماڵ و کاری دەرەوە، بایەخی سەلامەتی و ئەمنیی لە جۆری کارەکەدا، هەر بۆیە دەبینین بە رێژەیەکی بەرچاو ژن روو دەکەنە پیشەی مامۆستایەتی و پەرستاری و کاری فەرمانبەری لە دامەزراوەکاندا، هەرچەندە کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا ئەو روانگەیە هەر باوە. زۆر کەم ژن لە بواری وەبەرهێنان، سەرمایەگوزاری، پۆستە سەربازییەکاندا هەن و لە ناوەندەکانی بڕیاریشدا لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، رێژەیان زۆر لە ئاستی پێویست کەمترە. ئەمە جگە لە سەپاندنی ئیرادەی ئابووری و دەسەڵاتی نێرسالاریی بەشێوەیەکی گشتی.

 لە بنەڕەتدا بەکەم سەیرکردنی کاری ژنان و رێگری لێ کردنیان، لەبەر ئەم هۆکارانەیە:
- نەوەک کارکردن و ئازادیی ئابووریی ژن ببێت بە نەریت و جێگەی نەریتە کۆنە نەخوازراوەکان بگرێتەوە، کە ئەمەش دەسەڵاتی رەهای نێر دەخاتە مەترسییەوە.
- لە ترسی دروستبوونی پێشبڕکێ و جێگرەوەی دەسەڵاتەکان.
- لە ترسی ئەوەی ژنان نەبن بە خاوەنی را و بڕیاری خۆیان.
لە هەموو حاڵەتێکدا سەردەم سەردەمی گۆڕانکارییە، ژن دەبێت پێگەی خۆی هەبێت و خودی خۆشی دەبێت تواناکانی بەرز بکاتەوە و هاندەری خۆی بێت، زاڵ بێت بەسەر کۆسپەکاندا و سەرکەوتوو بێت، تا ببێتە نموونە بۆ ژنانی تر و بۆ کۆمەڵگە. لە لایەکی تریشەوە، بە گفتوگۆ کێشە خێزانییەکانیان بەهۆی کارەوە چارەسەر بکەن و لێکتێگەیشتن دروست بکەن.
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.


خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan