کوردستانی

رێباز حەملان: نەناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کێشە بۆ مووچە دروستناکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێباز حەملان: نەناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کێشە بۆ مووچە دروستناکات
مەودا میدیا-

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی سیاسی و نادادپەروەرانە و ستەمکارانەیە، ئاماژەی بەوەشکرد نەناردنی 400 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە هیچ گرفتێک بۆ مووچە دروستناکات.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی سیاسی و نادادپەروەرانە و ستەمکارانەیە، ئەو بڕیارە تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دژ بەو لایەنانەشە کە پێکهێنەری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانین و لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا".

ئاماژەی بەوەکرد "لەبەرئەوەی بڕیارەکە دژی بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە، پێویستە کۆی لایەنەکان، ئەوانەی لە حکومەت بەشدارن و ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن، هەڵوێستی تووندیان هەبێت دژی ئەو بڕیارە".

رێباز حەملان وتی "نەناردنی 400 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە هیچ گرفتێک بۆ مووچە دروستناکات و پێشتریش هەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی مووچەی دابینکردووە و دابینکردنی مووچە لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت بووە نەک پارەی حکومەتی عیراق".

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە 25ی کانونی دووەمی 2023 دادگای فیدراڵیی عیراق لەسەر سکاڵای مستەفا سەنەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاری ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan