کوردستانی
سبەی شەممە یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
سبەی لەشاری سلێمانی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و گفتگۆ لەسەر کێشەکانیان دەکەن، بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب باسلە کەشێکی باش دەکەن بۆ ئەنجامی کۆبوونەوە و گەیشتن بە چارەسەر.
بڕیار وایە سبەی شەممە شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە گەڵ شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی و بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کاتژمێر 11 کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکە کە دیارتریییان پرسی هەڵبژاردن، حکومەتی هەرێم، گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی برێت مەکگۆرک بە هەردوولای راگەیاندووە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا سیروان جەمال تاهیر وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، کێشەکانیان لەگەڵ پارتی لەسەر مێزی گفتگۆ چارەسەر دەکەن و راشیگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتاییهاتنی گرفتەکان کاری لەپێشینەمان دەبێت.
ماوەیەک ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوامی هەیە بەجۆرێک رەنگدانەوەی لەناو کاروباری حکومەتدا بووە، لەئێستادا هەردوو حزب دەیانەوێت کۆببنەوە و لە سەر مێزی گفتگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ژ.م
بیروڕا



