نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن لە ئەفسانە کوردییەکاندا

چەمکی ئەفسانە (میتۆلۆژیا)، لە دوو بڕگە پێک هاتووە (مێنۆس: ئوستوورە، چیرۆکی خواوەند و پاڵەوانەکان)، (لۆژی: زانین). ئەفسانە، بەرهەمێکی زارەکیی مرۆڤە و داهێنراوی عەقڵ و خەیاڵە، هاوشێوەی ئایین، گەڕانە بەدوای راستییەکانی بووندا. هەوڵی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە گەردوون و دیاردەکانی: ترسی مرۆڤ بەرانبەر هەڕەشەکان و مەترسییەکان، وەڵامێکی ناواقیعی سەردەمی پێش زانستە بەهۆی تێنەگەیشتن لە رووداوە سروشتییەکان و پرسیارە زۆرەکان دەربارەی بوون و ترس لە نادیار، بۆیە جۆرێکە لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی. لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەک، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەک گوێزراوەتەوە.

زۆربەی ئەفسانەکان مۆرکی ناوچە و گەلێکیان پێوەیە، بەڵام لە دوای گواستنەوەی شارستانیەتەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، تێکهەڵکێش بوون.
زۆربەی ئەفسانەکان باس لە: پاڵەوان و فریادڕەس، خواوەند یاخود فرەخوایی، دیارە سروشتییەکان، خێر و شەڕ دەکەن. هەروەها لە زۆربەیاندا جادوو، پەرجوو، ئەندێشە، هزر، دێوودرنج، خورافات و ئارەزوو... بە دی دەکرێن.
ناوچەی میزۆپۆتامیا، بە ناوچەیەکی دێرین و لانکەی ئەفسانەکان ئەژمار دەکرێت. ئەم ناوچەیە بەشێکە لە جوگرافیای کوردستان، لەم رووەشەوە دەتوانین بڵێین کوردستان جێنشین و زادگەی ئەفسانە جیاوازەکانە و ئایین و ئەفسانەش پێکەوە سەریان هەڵداوە. مێژووی ئایین لە کوردستان زۆر دێرینە، بۆ نموونە؛ پەیکەری خواوەندی دایک کە لە قوڕ دروست کراوە، لە چەرمۆ دۆزراوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ 30 هەزار ساڵ پێش زایین و کۆنترین ئایینە لە کوردستان تا ئێستا دۆزرابێتەوە.

سۆمەرییەکان کە کورد بوون و لە شاخەکانی زاگرۆسەوە بەرەو باشوور رەویان کردووە، وەک هەموو شارستانیەتێکی تر، ئایینەکەشیان لەگەڵ خۆیان گواستووەتەوە، ئایینەکەیان لە سروشتی خۆیان وەرگرتووە، بۆیە (دایکە خواوەند) لای سۆمەرییەکان ماناکەی دەبێتە (شاژنی چیا). گومانی تێدا نییە پێش چوونە خوارەوە لە چیاکانی کوردستان، خاوەنی ئەم خواوەندە بوون، ئەوە جگە لە هەموو جۆرە شارستانیەتێکی وەک کشتوکاڵ و ئاودێری و بیناسازی کە لەگەڵ خۆیاندا گواستوویانەتەوە. 

هەر ئەفسانەیەک لە جوگرافیای کوردستاندا لە دایک بووبێت و باس لە دابونەریتی کورد بکات، ئەفسانەیەکی کوردییە. لە دوای رووخانی دەوڵەتی ساسانییەکان، شارستانیەتی پێشکەوتوو تێکەڵ بە یەک بوون و ئاڵوگۆڕ لە نێو ئەفسانە کۆنەکاندا رووی داوە، وەک: زەرڤانی، میهرپەرستی، زەردەشتی... یەکێک لەو ئەفسانە ناسراوانە، ئەفسانەی مێیینەیە، واتە؛ خواوەندی مێیینەکان.  باشە بۆچی ژن لە سەردەمی دێریندا وەک خواوەند سەیر کراوە؟ هۆکارە سەرەکییەکەی بەهۆی زاوزێ و منداڵبوونەوە بووە، وەک هەموو دیاردەکانی تر، شارەزاییەکی ئەوتۆ نەبووە دەربارەی منداڵبوون، هەر بۆیە پەرستنی خودای ژن، پەرستنی زیندووێتی و ژیان بووە. 

بە هەمان شێوەی پەیکەرەکانی ڤینۆس، پەیکەرەکانی ژن بەبێ دەموچاو دروست کراون. لە دووریی 15 کلیۆمەتر لە کرماشانەوە، پەیکەرێک دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر، کە بە چاخی بەردین دەناسرێت، پێی دەوترێت پەیکەری دایکی مەزن و بە ڤینۆسی سەراو ناو دەبرێت. ئەمە سەرەتای پەیدابوونی خواوەندەکانە و یەکەمیان (ژن خودایە) بووە.

- لە شاخەکانی دەوروبەری ئیلام لە خۆهەڵاتی کوردستان، خواوەندی کیریشیا، دەیان سەدە پەستراوە، کە خواوەندی پیت و فەڕە. هەر لە ئیلام، ئینشوشیناک، خواوەندی نەتەوەیە و هەر ژنە و دایکە، بۆیە هێشتاش لە کورلتووری کوردیدا دەڵێن: نیشتمان دایکە.
- (نانا، نی نی، ژن خودایە)، خواوەندی پاکیزەیی بووە، هەروەها خواوەندێکی بەتوانای مەزن و ناوازەی سۆمەرییەکان بووە، لە زمانی کوردیدا هێشتاش بە دایەگەورە دەوترێت نەنە. 
- سامۆرات، سێ ساڵی تەواو تاج و تەختی ئاشوورییەکانی بەدەستەوە بووە و لە ئەفسانەکاندا کردوویانە بە نیوەخواوەند و نیوەمرۆڤ. ئەفریقییەکان کردوویانە بە سەمیرامیس، بە هێز و جوانی و زیرەکی ناسراوە و بەناوبانگ بووە بە دروستکردنی پرۆژەی گەورە و دروستکردنی شاری ئاشوور.
- ناپیر ئاسۆ، شاژن و ژنی شا ئونتاس، حوکمی تەواوی لەدەستدا بووە، لە ئەفسانەکاندا کراوە بە یەکێک لە خوداوەندەکان.
- ئیزگیر سک (دایکی خەمخۆر)، خواوەندی شاری کیش لاکاش بووە، گوایە کێشەی هەموو لایەکی چارەسەر کردووە.
- لە شارستانیەتی ئەکەدیشدا (ئەدا، ئەشتا، نانا) سێ خوداوەندی مەزنی ژنن.
- شاوشکا، یاخود شاوشا، لە شاری شموخا لە نزیک شاری ئامەد، یەکێکە لە کۆنترین خواوەندەکانی ژن، پەرستراوی میزۆپۆتامیایە، داوێنپاک و پاکیزە بووە.
- (عەشتار، ئەشتا، ئەناهیتا، ئەنات)، خواوەندی پیت و فەڕ و خواوەندی دایکە، خواوەندی سۆمەری و ئەکەدی و بابلییەکانیش بووە. لای سۆمەرییەکان خودای بەهەشت و خودای خۆشەویستی و جوانی و بەهێزی بووە.  
- (مەندی مامی) خواوەندی لەدایکبوون بووە، کاتێک ژن منداڵی بووە، ئێستاش لە زمانی کوردیدا بەو ژنەی هاوکاریی منداڵبوون دەکات پێی دەڵێن "مامان".
- خواوەندی شاماران، بە خواوەندی دایک دەناسرێت و نیوەی مارە و نیوەی ژنە. ئەم خواوەندە چیرۆک و گێڕانەوەی زۆری هەیە و تا ئەم سەردەمەش بەردەوامە، خوای دانایی و پارێزەری نهێنییە. ئێستاش لە زۆر ناوچەی کوردستان، بەتایبەت لە کوردستانی باکوور وێنەی زۆرە، یاخود بازنی مار لە کاتی شووکردن لە ژووری بووک و زاوایەتی دادەنرێت بۆ خۆشبەختی و هێنانی پیت و فەڕ. 
ئامانج لە باسکردنی ژن لە ئەفسانە کوردییەکان و خواوەندی مێیینە، باسکردنە لە پایە و پێگەی ژن لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، چونکە کۆمەڵگەی کوردی لە چاخە دێرینەکان و کۆنەکانەدا کۆمەڵگەیەکی دایکسالار بووە.
                                                             
 
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.

خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan