نەرمین عوسمان
بۆ بەدیهێنانی مافەکان، زەمینەسازی لە کارکردن گرنگترە
پرسی ژن و مافەکانیان، یەکێکە لە گرنگترین بابەت و پرسەکانی سەردەم. ئەم پرسە تا ئێستا قسە و باسی زۆرێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و رۆشنبیرییەکان و هۆڵەکانی دامەزراوە و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنانە، زۆربەی ئەو گفتوگۆیانەش لەبارەی دروشم و چۆنیەتی نەهێشتنی نایەکسانی و بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنانە، هەروەها هەوڵی چاککردنی یاساکانە بۆ بەدەسهێنانی ئەو مافانە. ئەم باس و چالاکییانە بەپێی رەوتە جیاوازەکان دەگۆڕێن، ئەوەش راستە کە هەندێک لایەن هەن دروشمی سواو بەکار دەهێنن بێ ئەوەی کاری جدیی لەسەر بکەن.
پێش ئەوەی بچینە سەر باسی ژنی کورد و رێکخراوەکانی، کە لە نێو ئەو هەموو جەنجاڵی و رەوتە جیاوازە هاوردەکراوانە چۆن پێگەی خۆیان بدۆزنەوە بەمەبەستی پیادەکردنی بەرنامەیەکی هەمەلایەنە بۆ لابردنی ئەو نادادپەروەرییانەی دەرهەق بە ژنی کورد دەکرێن، هەروەها چۆن بتوانن تیۆرییەکی تایبەت و گونجاو بە ناوچە و کۆمەڵگەکەیان بنیات بنێن و کاری لەسەر بکەن؛ با باسی کورتەیەک لە مێژووی ژنانی وڵاتانی رۆژئاوا بکەین، کە چەندین قۆناغ و دۆخی سەختیان بڕیوە تا گەیشتوونەتە ئەم دەستکەوتانە، چەندین تیۆر و چالاکیی جیاوازیان گرتووەتە بەر کە جیاوازی زۆریان هەیە بەپێی قۆناغەکانی مێژوو و کولتوور و دابونەریتیان، پاشان هەوڵیان داوە بیرۆکەکان هەناردەی ناوچە جیاوازەکانی دنیا بکەن لەو روانگەیەی ژنان لە هەموو جیهاندا چەوساوەن و پێویستە ئازادیی بەدەست بهێنن، بەڵام ئەو تیۆر و پەیڕەوە هەناردانە دەبێت بخرێنە چوارچێوە و قاڵبێک کە لەو کۆمەڵگەیەدا قابیلی جێبەجێکردن بن و رێگرییان لێ نەکرێت، وردە و وردە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە ببرێن. ئەوانەی جێبەجێکاری بەرنامەکانی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، دەبێت سەرەتا ئامادەسازی لەسەر ئاستی پەروەردە و رۆشنبیریی تاک و کۆمەڵگە بکەن بۆ ئەوەی ئامادە بن لەگەڵ ئەو رەوتە نوێیەدا رێ بکەن. بەداخەوە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا "مێشێک دەکەن بە گایەک" و بێ ئەوەی باش بچنە ناو قووڵایی بابەتەکەوە؛ دەکەونە دژایەتیکردنی.
مێژووی چەوساندنەوەی ژنان لە وڵاتانی رۆژئاوا، چەندین قۆناغی جیاوازی بڕیوە تا گەیشتوونەتە ئەم سەردەمەی زۆرێک لە مافەکانیان بەدەست هێناوە، بۆ نموونە:
- لە ساڵی 1804 یاسایەکی شارستانی دەرچوو پێی دەوترا یاسای ناپلیۆن، بڕگەیەکی تێدا بوو دەڵێت: ژن دەدرێت بە پیاو بەمەبەستی منداڵبوون، ژن یەکێکە لە موڵکیەتەکانی پیاو.
- لە سویسرا، کە ئێستا یەکێکە لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی مافەکانی مرۆڤ، تا ساڵی 1971 ژن مافی دەنگدانی نەبوو.
- لە شۆڕشی فەرەنسیدا، کە بە هێمای نەهێشتنی کۆیلایەتی و چینایەتی دادەنرێت، ژنیان وەک بوونەوەرێک بە ئاژەڵ بەراورد کردووە. ئۆلیمپ دوگوژ؛ نووسەری شانۆ، شۆڕشگێڕ، رۆژنامەنووس، چالاکوانی سیاسی و داکۆکیکەر لە مافەکانی ژن و هاوڵاتیبوون و یەکسانیی لەگەڵ پیاودا، لە 3ی تشرینی دووەمی 1793 تەمەنی 45 ساڵیدا، لە سەردەمی حکومەتی توندڕەوی شۆڕشدا سزای سەرپەڕاندنیان بە مەقسەڵە بەسەردا سەپاند پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازە تایبەتەکەی سەبارەت بە نایەکسانی و جیاوازیی نێوان ژن و پیاو و ئەو هێرشانەی لە نووسینەکانیدا دەیکردە سەر حکومەتی شۆڕش.
هەر بۆیە، مێگەرایی مێژووی ژن نییە بەتەنیا، بەڵکوو مێژووی مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانە کە وەرچەرخانیان لە مێژووی جیهاندا کردووە.
یەک تیۆری سەرتاسەری و گشتگیر نییە بۆ سەرجەم رەوتەکان و چالاکوانەکانی مێگەرایی، بەڵکوو تیۆر و رەوتی تێکۆشانی جۆراوجۆر هەبوون و هەن کە نایەکسانیی نێوان ژن و پیاویان لە کۆمەڵگەدا خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
مێگەرایی پرۆژەیە، پەیوەندی بە بۆچوونی سەردەمەکەیەوە هەیە، وەک هەر بیرۆکە و ئایدۆلۆژیایەکی تر شوێن و کات و دۆخی کۆمەڵگە کاریگەریی خۆیان هەیە لەسەری، بۆیە باشتر وایە هەر ناوچەیە و بەپێی هەڵکەوتە و ئاستی رۆشنبیری و پێشکەوتنی، تیۆری تایبەت بە خۆی هەبێت بەسوودوەرگرتن لە تیۆرییەکانی تر.
هەندێک جار داواکارییەکانی بەشێک لە ژنان زیادەڕەوی تێدایە و وا لە کۆمەڵگە دەکەن مافە رەواکان ون بکەن، کارتەکان تێکەڵ بە یەکتری دەبن و دەبنە کۆسپ و رێگر لە بەدەستهێنانی ئەو مافانەی کە قابیلی دەستەبەرکردنن، بۆیە حیکمەت و وردبینیی لە کاردا، گرنگیی زۆری هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکان.
گۆڕانکاری و کارکردن دژی رەوتی باو، پێویستی بە رێکخستن و هەڵمەتی فشار و هەوڵدان بۆ کاریگەریی خستنە سەر باوەڕی تاکەکانی کۆمەڵ و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی رۆشنبیر و پێشکەوتنخواز هەیە.
بیرۆکە و تێڕوانینی جیاواز، گۆڕانکاری بەسەر رەوتی مێژوودا دەهێنێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانکاریی بەسەر بیرکردنەوەی باودا نەهێنێت؛ ئەوا چەقبەستوو دەبێت. دەبێت ئەوەش بزانین، بیرۆکەی گۆڕانکاری، بێگومان لە واقیعی کێشەکانەوە دێت، ئەو واقیعەی بووەتە هۆی خودی کێشەکان.
*ئەم وتارە، کۆتا وتارە لەو زنجیرە وتارەی کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە نووسیونی.
خ.غ