کوردستانی
کەمال کەرکوکی پەیامێکی تووند بۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات خۆی لە ئەجێندای نادروستی راکان جبوری بەدوور بگرێت و خۆی لە قەرەی کارە خراپەکانیان نەدات، کەرکوکی باسی لەوەشکردووە بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ راستکردنەوەی دۆخی کەرکوک.
کەمال کەرکوکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەی نوێنەری یونامی لە باڵەخانەی پارێزگای کەرکوک رایگەیاندووە "لە کاتی گەیشتنی شاندی راسپێردراومان بە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بۆ باڵەخانەی پارێزگا، دەرکەوت ئەجیندایەکی پێشوەخت داڕێژراو هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک رێکاری دوور لە پرۆتۆکۆڵە پەسندکراوەکانی رێکخستنی چوونە ژوورەوەی شاندەکان بۆ کۆبوونەوەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نێردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان".
لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئامادەبوونی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باڵەخانەی پارێزگادا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (یونامی) بوو، هیچ لایەنێکی ناوخۆیی پەیوەندی بەو بانگهێشتە یان کۆبوونەوەیەوە نەبوو، بۆیە بڕیارماندا رێگە بە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە ئەجێندا و سیاسەتە ناشیرینانە نەدەین و لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبووین".
لەسەر داوای ئۆفیسی کەرکوکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئایاری 2023ی کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک لە باڵەخانەی پارێزگای کەرکوک سازبکرێت، لەکاتی چوونە ژووەرەوەی شاندەکەی پارتیدا، کێشە دروستبوو و شاندەک بەشدارییان نەکرد.
کەمال کەرکوکی لەو بارەیەوە پەیامێکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و وتویەتی "یونامی خۆی لەم جۆرە کارە نادروستانە دوور بخاتەوە".
خ.غ
خ.غ
بیروڕا


