کوردستانی
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی: ئەگەر هەیە بەهای دۆلار بگاتەوە سەرووی 150 هەزار دینار
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەهۆی زۆری راکێشانی پارە لە وڵاتانی دەرەوە لەرێگەی ماستەر کارتەوە بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بەرزبووەتەوە و نەفرۆشتنی نەوتیش لەلایەن هەرێمەوە هۆکارێکی دیکەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئایاری 2023 جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیند "بازرگانی وا هەیە زیاد لە 100 کارت دەباتە دەرەوە بۆ وڵاتان و لەو رێگەیەوە پارەی پێ رادەکێشێت، بەوهۆیەوە بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بەرزبووەتەوە و خواست لەسەر دۆلار زیادی کردووە".
وتوشیەتی "بانکی ناوەندی ئەمڕۆ زیاد لە 200 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە و کاری جددی دەکەن بۆ دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار".
باسی لەوەشکرد "بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئامانجیانە و کار بۆ ئەوە دەکەن کە بەهای دۆلار بگەیەننەوە نرخی خۆی بەڵام ئەو کارەکە کاتێکی زۆری دەوێت".
لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی "لەو باوەڕەدام کە بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بگاتەوە 150 هەزار دینار و بگرە بەرزتریش ببێتەوە، بەڵام بانکی ناوەندی رێژەیەکی زیاتر دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نەگاتە ئەو رێژەیە".
لەبارەی راگرتنی ماستەر کارتیشەوە ئاماژەی بەوەدا "لە ئێستادا گەر زیاتر لە دوو ماستەر کارتت پێبێت لە فڕۆکەخانەکان و بەناوی خۆتەوە نەبێت ئەوا دەستدەگیرێت بەسەریدا و بەم شێوەیە هەوڵدەدرێت بەهای دۆلار لە رێژەیەکی دیاریکراودا بهێڵێتەوە".
ر.ع
ر.ع
بیروڕا


