کوردستانی

لەسەر سكاڵای باوكی كچێك، تۆمەتبارێك بە بڕەپارەیەكی زۆرەوە دەستگیركرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەسەر سكاڵای باوكی كچێك، تۆمەتبارێك بە بڕەپارەیەكی زۆرەوە دەستگیركرا
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە لەلایەن باوكی كچێكەوە سكاڵای لەسەر تۆماركرابوو.

لە راگەیەندراوێكی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی ئایاری 2023ی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا بڵاوكراوەتەوە "تۆمەتبارێك دەستگیركراوە كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی كەسیی لە كچێك كردووە".
 
ئاماژە بەوەشكراوە، لەسەر سكاڵای باوكی كچێك تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی كەسیی لە كچەكەی كردبوو و لەژێر هەڕەشە بڕەپارەیەكی بێئەندازە زۆری لێوەرگرتبوو.

بەپێی راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی، دوای ئەوەی باوكی كچەكە لە سكاڵاكەیدا باسی لەوەكردووە كە لەلایەن كەسێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە كچەكەی دەكرێت و چەند جارێكیش دەستدرێژیی كردووەتە سەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕی راسپارد كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار.

ئەوەش روونكراوەتەوە "دوای لێكۆڵینەوەكان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە دەستگیربكرێت، هاوكات توانراوە دەستیش بگیردرێت بەسەر بڕی دوو دەفتەر و 11 وەرەقە و بڕێك دیناری عیراقیدا كە تۆمەتبار لەژێر هەڕەشەدا لە كچەكەی وەرگرتبوو".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەئێستادا تۆمەتبار (م،ج،ح) لەدایكبووی 2003 بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە .

ژ.ع

Qaiwan
Qaiwan