کوردستانی

مەسعود بارزانی: دەمانەوێت ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوە و پێویستناكات ئەم گرژییە بمێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسعود بارزانی: دەمانەوێت ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوە و پێویستناكات ئەم گرژییە بمێنێت
مەودا میدیا-

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرلەنوێ داوای كۆتاییهێنانی كرد بە تەنگژە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و رایگەیاند "دەمانەوێت ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوەو ئەم تەشەنوجە نەمێنێت".

لەمیانی وتارێكیدا لە دووەمین رۆژی مەراسیمی تایبەت بە كردنەوەی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزان، ئەمڕۆ هەینی 12ی ئایاری 2023 مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە گرژییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم وتی "هیچ پێویستناکات ئەم گرژییەی نێوان لایەنەکانی هەرێم بەردەوامبێت".

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، پشتیوانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکانی هەرێم دەکات و وتیشی "دەمانەوێت ناوماڵی کورد رێکبخرێتەوە و ئەم تەشەنوجە نەمێنێت".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا بارزانی باسی لەوەكرد، هیواخوازە ئەم دۆخە ناخۆشە بگۆڕدرێت بۆ دۆخێكی خۆش و خەڵکی کوردستان دڵخۆش بکرێت.

وتەكانی بارزانی لەكاتێكدایە، لەمیانی وتارێكیدا لە مەراسیمی كردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزان، دوێنێ پێنجشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسسەكانی هەرێم كرد  "لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكه‌نه‌وه و هه‌رچی زووتره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان پێش 18ی مانگ ئەنجامبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی باسی هه‌موو گرفته‌كان بكرێ وچاره‌سه‌ر بكرێن".

هاوكات بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، پاش پەیامەكەی دوێنێی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە ئامادەیی خۆی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەربڕی.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan