کوردستانی

یەکێتى و پارتى: بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتى و پارتى: بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین
مەودا میدیا -
 
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، پێکەوە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: بڕیارمان داوە وەک یەک تیم کار بکەین.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئایاری 2023 هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
 
باس لەوەشکراوە "دوای دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی  کە رۆژی 11ی ئایاری 2023 لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی خستییەڕوو، ئەمرۆ  16ی ئایاری 2023  ھەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە".
 
 وتوشیەتی "لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا وێرای بەرز نرخاندنی دەستپێشخەریی مەسعود بارزانی کە لەکاتی پێویستدا ھات، ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا ھەنگاوی کرداریی بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستانی پێ رێکبخرێتەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە".
 
ئەوەشیان خستووەتەڕوو "ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات  بۆ پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەی  تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی  نۆیەم و ھەردوو مەکتەبی سیاسیی  بەتەواوی پشتیوانیی  لێدەکەن".
 
 لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ھەردوو لامان پەرۆش و ھاوڕابووین  لەسەر بەھێزکردنی قەوارەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان  و پەرەپێدانی هەروەها پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان  لەوادەی خۆی و لەمساڵدا".
 
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە "ھەردوولا خوازیاری ئەوەین کە ھەموو لایەک ھاوکاربن لەبەردەوامیی کەشی برایەتیی و کاری پێکەوەیی و نەھێشتنی کەلێنەکانی رابووردوو، ھەردوو لا بڕیارماندا وەک  یەک تیم کار بکەین و  زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش  ئەنجام بدرێت  بۆ فەراھەمکردنی کەش و ھەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی  ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا ھەیە".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan