کوردستانی
ئاسایشی هەولێر: چوار کەسمان لەسەر فرۆشتنی ئامێری تایبەت بە گزیکردن دەستگیرکرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت دوای ئەوەی وەزیری پەروەردە ئاگاداری کردینەوە کە چەند کەسێک هەڵساون بە فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) کە بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا بەکاردەهێندرێت، توانیمان چەند کەسێک دەستگیربکەین.
ئەمڕۆ 18ی ئایاری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند "دوای ئەوەی لەلایەن وەزیری پەروەردەوە ئاگادارکراینەوە لەوەی چەند کەسێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، هەڵدەستن بە فرۆشتنی ئامێری (بلوتووز) کە لەلایەن قوتابییان و خوێندکارانەوە بۆ کاری (گزی/غەش)کردن بەكاردەهێندرێت، هەروەها بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەتوانن وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەییش بەردەست بخەن لە بەرامبەر بڕێک پارە".
باسی لەوەشکردووە " لە لایەن تیمەکانمانەوە بە داڕشتنی پلانێكی تۆكمە، توانیمان ناسنامەی چەند تۆمەتبارێک ئاشکرا بكەین و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە بەرواری 15ی ئایاری 2023 دەستگیریان بکەین. هاوكات دەست بگرین بەسەر چەند ئامێرێکی جۆراوجۆری (گزی/غەش)کردن".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و كەسوكارییان دڵنیا دەکەینەوە، ئەو قسانەی باس لە ئاشکرابوون یاخود بەردەستخستنی وەڵامی پرسیارەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکەن، دوورن لە راستییەوە و تەنها ئامانج لێی، پارە وەرگرتن و فێڵکردنە لە قوتابییان".
وتوشیەتی "داوا لە قوتابییان و خوێندکارانی خۆشەویست دەکەین کە خۆیان لە کڕینی ئەم ئامێرانە بەدوور بگرن، بەوهۆیەی تەنها ئامانج لێیان پارە وەرگرتن و فێڵکردنە".
ر.ع
بیروڕا


