کوردستانی
وردەکاریی هاتنی هێزێکی عیراق بۆ کامپێکی مەخمور
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
کارگێڕێکی مەڵبەندی قەرەچوغی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت هێزێکی عیراقیی دەوری کامپی مەخموریان داوە و دەیانەوێت چەند بنکەیەکی سەربازیی لەوێ دابنێن.
ئەمڕۆ شەممە 20ی ئایاری 2023 غازی فەیسەڵ، کارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "هێزێکی زۆری عیراقی لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هاتونەتە ناو کامپی شەهید رۆستەمەوە کە هەمووی هاوڵاتیی سڤیلە ".
باسی لەوەشکرد "هاوڵاتییانی کامپەکە ناڕازین لە هاتنی ئەو هێزەی عیراق و ناشیانەوێت کە هیچ بنکەیەکی سەربازیی و رەبایەیەک لەناو کەمپەکە بوونی هەبێت، بەوهۆیەی هەر خۆیان لەلایەن هێزی ئیراقییەوە چاودێری بارودۆخی ئەمنییان دەکرێت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "هێنانی ئەم هێزە زۆرە، گومانی سیاسیی لای هاوڵاتییانی کامپەکە دروستکردووە و لە بەیانییەوە سەرقاڵی خۆپیشاندانن لە دژیان".
جەختیشیکردەوە "تاوەکو ئێستا خۆپیشاندانی هاوڵاتییان بەردەوامە و هێزەکەی عیراقیش سوورە لەسەر ئەوەی کە بنکەیەکی سەربازیی لەناو کامپەکە بکاتەوە".
لەدرێژەی قسەکانیدا وتیشی "هاوڵاتییانی ئەو کامپە لە ساڵی 1998ەوە لەوێ دەژین و بە رەزامەندیی حکومەتی عیراق لەو شوێنە نیشتەجێبوون، تاوەکو ئێستاش هیچ کێشەیەکییان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەبووە، تەنها بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیان و تیرۆرستانی داعش نەبێت".
کامپی شەهید رۆستەم دەکەوێتە رۆژهەڵاتی مەخمور و لەئێستادا لەگەڵ مەخموردا تێکەڵبووە و لە ساڵی 1998 لەژێر چاودێریی UN بە رەزامەندیی حکومەتی عیراقی هاتوونەتە ئەو شوێنە، نزیکەی 2500 ماڵ لەوێ دەژی کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 14 هەزار کەسە.
بیروڕا


