کوردستانی

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی کۆدەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی کۆدەبێتەوە
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
 
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت بڕیارە ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێی پەرلەمانی کوردستانەوە دەکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئایاری 2023 سەرکۆ گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەکرێت دەربارەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی دوێنێی ناو پەرلەمانی کوردستان".
 
باسی لەوەشکرد "کۆبوونەوەکە کاتژمێر چوار و نیو دەبێت و سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەبڕیاری رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دواخرا، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان نوسراوی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ حکومەت نارد.
 
ئەمڕۆش هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە نوسراوەکەمان پێگەیشتووە و دەستدەکەین بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن.
Qaiwan
Qaiwan