کوردستانی

پێچەوانەی نووسراوێكی سەرۆكی پەرلەمان، جێگرەكەی واژۆ لەسەر بڕیارێك دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێچەوانەی نووسراوێكی سەرۆكی پەرلەمان، جێگرەكەی واژۆ لەسەر بڕیارێك دەكات
مەودا میدیا-

وێڕای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەرجەم دامەزراوە حكومییەكانی ئاگاداركردەوە تەنها بە نووسراوێك كاربكەن واژۆی خودی خۆی لەسەربێت، جێگرەكەی ئەمڕۆ واژۆی لەسەر بڕیارێك كرد.

لەگەڵ واژۆی هێمن هەورامیی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوبووتەوە "بڕیاردراوە بە بەردەوامبوونی حەوت کەس وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن".
 
بڕیارەكە ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئایاری 2023 بڵاوكراوەتەوە و تێیدا سێ بڕیاری تێدایە تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە دوێنێ دووشەممە لە گەرمەی گرژییەكانی پەرلەمان لەلایەن فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان تێپەڕێندرا.

بڕیارەكانی نێو بڵاوكراوەكەی وەقاعیقی كوردستان كە واژۆی هێمن هەورامیی لەسەرە بریتین لە:
 
-بەردەوامبوونی هەریەک لە (هەندێن محەممەد ساڵح، نەهرۆ سەلیم حەنا، رێزان حەمەرەشید کەریم، عەبدولسەمەد خز حەبدوڵڵا، شێروان زرار نەبی، ئیسماعیل و حەمەعەلی عەبدولقار و سلێمان مستەفا حەسەن) وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە رۆژی کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رێککەوتی 23ی كانوونی یەكەمی 2019.

-هەڵبژاردنی دوو كەس بە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی دەرچوونی  بڕیارەكە.

-كارپێكردنی بڕیارەكە لە رۆژی دەرچوونییەوە واتا رێكەوتی 22ی ئایاری 2023.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سێشەممە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەردی لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە نووسراوێك سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە "كار بە هیچ نووسراوێكی پەرلەمان نەكرێت ئەگەر واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەرنەبێت".

ژ.ع

Qaiwan
Qaiwan