کوردستانی

لەسەر بەناوەندیکردنی مووچە و رێكخستنەوەی دارایی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەسەر بەناوەندیکردنی مووچە و رێكخستنەوەی دارایی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا
مەودا میدیا-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆید بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی مووچەی پەسەندکرد.

سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و پاشان ناوەرۆكی بابەتەكانی كۆبوونەوەكە خرایەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا یەكێك لە بڕگەكان تایبەت بووە بە خستنەڕووی دواپێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 وگفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 2ی ئایاری 2023 هەندێک لە مادەکانی هەموار کرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانکاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.

سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکردووە بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا بەمەبەستی کارکردن بە مادەی تایبەت بە رەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجییە کردارییەکانی هەرێم لە ساڵی پێشوو کە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە.

هاوكات  گفتوگۆ لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە هەرێم كراوە و دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند هەموارکردنێک، ئەنجومەنی وەزيران بە کۆی دەنگ سەرجەم بڕگەکانی بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیکردنی مووچەی پەسەندکرد پە بەرەچاوکردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە "سەرۆکی حكومەت و جێگرەكەی دووپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان کردووەتەوە کە جارێکی دیکە بنەماکانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داهات وخەرجیەکان و بە ناوەندییکردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش، هەر خەرجیەکی دیکە و پەیڕەوکردنی یەکسانیی و ژمارەی دانیشتوان بۆ خەرجیەکان (جگە لە مووچە) نەک پەیڕەوکردنی دابەشکردنی ڕێژەکاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا".

لە هەمانكاتدا لە كۆتاییەكانی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی راسپاردووە لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە دابڕێژن، بۆ گرەنتیكردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش بۆردێکی باڵای پشتیوانی پێکهێندراوە بەمەبەستی ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست وئاستەنگەکان.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan