کوردستانی

گۆڕان داوایەک ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


گۆڕان داوایەک ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان دەکات
مەودا میدیا-

بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەژێر ناونیشانی دەستپێشخەرییەک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە و داوای کۆبوونەوە لە سەرجەم لایەنەکان دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "پاش چەندین هەوڵى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ هێورکردنەوەى دۆخى سیاسی هەرێمى کوردستان و چارەسەرى ناکۆکییەکان لەڕێگەى دامەزراوە فەرمییەکانەوە، جارێکى دیکە پرسى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى کوردستان لێکترازانێکى دیکەى دروستکرد، بزووتنەوەى گۆڕان لە (31-3-2021)دا پرۆژەیەکى بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەشکرد، داواى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى کرد لە پێناوى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد لەکاتى یاسایی خۆیدا، بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێکى پراکتیکى نەنرا، دواجار پێنج لایەنى سەرەکى لە (11-3-2023) رێکەوتنێکیان ئیمزاکرد کە ئەم دوو پرسە رەهەندى نیشتمانییان هەیە و پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و کارا بکرێنەوە".

ئاماژە بەوەشکراوە "بزووتنەوەى گۆڕان سیاسەتى سەربەخۆى خۆى هەیە، کە پێداگرییە لە بنەما یاساییەکان و گەڕانەوەى شکۆ بۆ دامەزراوەکان، بۆ رێگەگرتن لەبەردەوامى ئەم دۆخە و لێکترازانى زیاتر، هەروەها رێگەنەدان بە پێشێلکردنى یاسا و بنەماکانى سازانى نیشتمانى هیچ کۆبوونەوەیەکى کۆمسیۆن بەپێویست نازانین".

ئەوەش هاتووە "وەکو ئەرکى نیشتمانى و سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانى هەرێم و پێشهاتە نوێیكانی گۆڕەپانی سیاسی عیراق و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنى قەوارەى هەرێم، بزووتنەوەى گۆڕان داوای کۆبوونەوەى لوتکەى پارتە سیاسییە سەرەکییەکان دەکات".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan