کوردستانی

ئەردۆغان ملیۆنێك پەنابەری بەنەژاد عەرەب لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێدەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەردۆغان ملیۆنێك پەنابەری بەنەژاد عەرەب لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێدەكات
مەودا میدیا-

لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكیدا لەنێو زیاتر لە 320 هەزار هاوڵاتیی وڵاتەكەی، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند "ملیۆنێك پەنابەری سوری لە ناوچەی ئارام نیشتەجێدەكەین".

شەوی رابردوو ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی توركیا راگەیەندرا و پاشئەوەی سەركەوتنی رەجەب تەییب ئەردۆغان راگەیەندرا، لە كۆشكی سەرۆكایەتیی لە ئەنقەرە وتارێكی پێشكەش بە زیاتر لە 320 هەزار لایەنگری خۆی كرد.

لەمیانی وتارەكەیدا ئەردۆغان رایگەیاند "هەتا ئێستا زیاتر لە 600 هەزار پەنابەری سوریمان لە ناوچەی ئارامی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێكردووە"، وەك ئاماژە بۆ ئەو خاكەی لە رۆژئاوای كوردستان لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و سەربازانی سنووری توركیا بە ناوچەی ئارام دانراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ قەتەر رێككەوتوون بۆ بنیادنانی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە ناوچەی ئارام كە دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان، ئەوەش بەمەبەستی نیشتەجێكردنی یەك ملیۆن كەسی دیكە لەو ناوچەیە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.

ناوچەی ئارام لە رۆژئاڤای كوردستان كە بە "باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا" ناویدەبرێت، بەپێی رێككەوتنێك لەنێوان ئەمەریكا و توركیا لەكاتی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دروستكرا، بریتییە لە 32 كیلۆمەتر بۆ ناو قوڵایی خاكی رۆژئاوای كوردستان و درێژیی 440 كیلۆمەتر، كە لە دێریكەوە دەستپێدەكات بۆ كۆبانێ، واتە تەواوی سنووری رۆژئاوای كوردستان.

بەپێی ئەو رێككەوتنەش سێ ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە لەو ناوچانە جێگیردەكرێن كە سەرجەمیان عەرەبن و توركیا خۆی سەرپەرشتیی ئەو ناوچانە دەكات.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan