کوردستانی

یەكەمین كاردانەوەی پارتی پاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عیراق

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەكەمین كاردانەوەی پارتی پاش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عیراق
مەودا میدیا-

دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عیراق، یەكەمین كاردانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن وتەبێژی فەرمیی حزبەكەوە راگەیەندرا و ئاماژە بەوەدەكات "ئەوان لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بوون".

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئایاری 2023 دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لەو راگەیەندراوەدا وتەبێژی پارتی روونیكردووەتەوە "لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەو مەبەستە لە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی داوای هەنگاوی جددی لێکردوون بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی كات و ساتی یاسایی دیاریکراو.

باسی لەوەش كردووە ئەوان وەك پارتی ناگەڕینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بەخەمەوەبوونیان بۆ پرۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەموو لایەنەکان و هاوڵاتییانی کوردستانیش دەکەن هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیارییەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

لە هەمانكاتدا زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات "هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و دووپاتیدەکاتەوە ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".

ئەوەش لەكاتێكدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق بڕیاریدا بە نادەستووری بوونی درێژکردنەوەی کارەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، كۆتاییهاتووە بە تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان.
Qaiwan
Qaiwan