کوردستانی

تەندروستیی هەرێم: تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەڵكشاندایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


تەندروستیی هەرێم: تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەڵكشاندایە
مەودا میدیا-

‎وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ژمارەی تووشبووان بە پەتای تای خوێنبەربوون لە هەڵكشاندایە، ئاماژەی بەوەشكرد "هەتا ئێستا دوو حاڵەتی مردن بە پەتاكە لە هەرێم تۆماركراوە".

دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، هەتا ئێستا دوو حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربوون هەیە، یەکێکیان لە سۆران و ئەوی دیکەش لە هەولێر تۆمارکراوە کە هەردووکیان لە رێگەی ئاژەڵەوە پەتاكەیان بۆ گوازراوەتەوە.

‎ئاماژەی بەوەشكردووە، دوێنێ  چوارشەممە 31ی ئایاری 2023 دووەمین حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

سەبارەت بە ژمارەی توشبوون و داخڵبوون وەزیری تەندروستی وتی "لەنێو ئەو کەسانەی کە توشی تای خوێنبەربوون دەبن رێژەكە زۆرە، چەندین حاڵەتی دیکە هەبوون لە هەرێم کە گومانیان لێکراوە، بەڵام پشکنینی کۆتایی بۆ هەمو توشبووەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا پەتاکەیە یاخود نا و حاڵەتەکە پشتڕاستبکرێتەوە".

‎سەبارەت بەو دوو حاڵەتەی مردن لە هەرێم راشیگەیاند، حاڵەتی یەکەم خاوەنی ئاژەڵ بووە و ئاژەڵەکە نەخۆش بووە، چونکە نەخۆشییەکە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە رێگەی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، حاڵەتی دووەمیش مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ هەبووە".

‎تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازێتەوە بەهۆی مشەخۆرێكەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵەکە دیار نییە.

‎بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 پەتای تای خوێنبەربوون لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، 40%ی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەكەش دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan