کوردستانی
لە کەلار تەقە لە درۆنێکی شارەوانی کرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
لەکاتی رووپێویکردنی ئاسمانی بۆ سنووری شارەوانیی گردەگۆزینە بە درۆن، تەقە لە درۆنەکە دەکرێت و تاوەکو ئێستاش هۆکاری تەقەکردنەکە نەزانراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی حوزەیرانی 2023 رادیۆی دەنگ رایگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ روپێوکردنی ئاسمانیی بە ئامێری درۆن بۆ رووبەری 11 کیلۆمەتر بە مەبەستی روپێوکاریی بۆ سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی گردەگۆزینە لە کەلار ئەنجامدرا لەلایەن کۆمپانیای ئێر ماپەوە".
کەمال عەبدولقادر، سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینە وتویەتی "کاتژمێر 10:30 درۆنەکە گەیشتووەتە سەر بینای شارەوانییەکەمان و گوێبیستی دوو فیشەک بووین کە تەقێندرا بۆ درۆنەکە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "هیچ فیشەکێک بەر ئەو درۆنە نەکەوتووە، رووپێوەکانیش کارەکەیان راگرت تاوەکو درۆنەکە زیانی پێنەگات".
بەپێی زانیارییەکانیش تاوەکو ئێستا کەسی تەقەکەر نەدۆزراوەتەوە و هۆکاری تەقەکردنەکەش نەزانراوە کە چییە، هاوڵاتییانیش پێشتر پرسیاریان لەبارەی ئەو درۆنەوە کردووە کە چییە و بۆچی بەسەر ماڵەکانیاندا دەسوڕێتەوە.
ر.ع
ر.ع
بیروڕا


