کوردستانی
تەندروستیی هەولێر هۆشداریی دەدات؛ "پابەند نەبن سزادەدرێن"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، چاودێریی ئەو شوێنانە دەكەن گومانی بوونی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدایە و هەركەسێكیش پابەند نەبێت بە رێنماییەكانی خۆپارێزی رێكاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 1ی حوزەیرانی 2023 ئەندامانی بەشی چاودێریی تەندروستی هەولێر کۆبووەیان ئەنجامدا و تایبەت بە پەتای خوێنبەربوون راوێژیان لەگەڵ یەکتری کردووە.
بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، بڕیاریانداوە رێنمایی بگەیەننە هەموو ئەو شوێنانەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوونیان تێدایە، هەر لایەنێکیش پابەند نەبێت رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو شوێنانەی گومانی نەخۆشییەکەیان لێ هەیە، بە تایبەتیی کوشتارگە و گۆشتفرۆشان و مەیدانی ئاژەڵان.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەتا ئێستا دوو كەس لە هەرێم بە پەتای تای خوێنبەربوون گیانیانلەدەستداوە، هەردووكیشیان بەركەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبووە.
هاوكات وەزیری تەندروستیی هەرێم دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بەو پەتایە لە هەرێم لە هەڵكشاندایە و هۆشداریدا لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتاكە.
ئەمە دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممە 30.5.2023، کەسێک بەهۆی ئەوەی تووشی تای خوێنبەربوون بووبوو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر داخڵ کرا و بۆ رۆژی دواتر گیانی لەدەستدا.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازێتەوە بەهۆی مشەخۆرێكەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵەکە دیار نییە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 پەتای تای خوێنبەربوون لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەریهەڵداوە، 40%ی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەكەش دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
ژ.ع
بیروڕا


