شانیا محهمهد
پرۆسەی بەدەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان
پرۆسەی هەڵبژاردن یەکێک لە بنەماکانی دروستبوونی ئەو پرۆسەیە بریتییە لە بوونی دەنگدەر کاتێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، دەنگدەر وەزیفەیەکی گرنگی بۆ پاڵێوراوان و پارتەکان هەیە، چونکە دەنگدەر بریتییە لە بنکەی جەماوەریی پارتە سیاسییەکان و لەکاتی دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەنگدەر خۆی دەخاتە ناو چوارچێوەی دەنگ بدات یاخود بایکۆت بکات.
لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردن ئەنجامدرا، ئەگەر بەراوردێک بکەین رێژەی بەشداریی لە خوولی یەکەمی پەرلەمان لە ٪٨٤.٤، لە دوایین خوولی پەرلەمانیش ٪٥٩.٨ بووە، تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رێژەکە دابەزیوە، یەکەم هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی نێوان دەسەڵات و دەنگدەر، چونکە دەنگدەر باوەڕی بە دەسەڵاتێکی دیموکراسیانە نەماوە لەم خوولەی پەرلەمانیشا زیاتر بەرچاوە کە بۆ ساڵێک پەرلەمان درێژکرایەوە، ئەوە جیا لەوەی کە لە ماوەی ٣١ ساڵدا پەرلەمانی کوردستان دەبوو هەشت خولی تێپەڕاندبێت، بەڵام تائێستا پێنج خوول لە دەسەڵاتدا کاری کردووە، ئەوە یەکێکە لەو بێ متمانەیی دەنگدەر.
هەروەها هۆکارێکی دیکە خراپیی باری دارایی و گوزەرانی هاوڵاتییانە، گشت سێکتەرە ئابووری و بازرگانی و پەروەردەیی و هاتوچۆ و چەندانی تر ئاماژەن کە دەسەڵات خراپ مومارەسەی سیاسەت دەکات و دەنگدەریش هەوڵدەدات لە رێگەی هەڵبژاردن بایکۆت بکات و دەنگی ناڕەزایی خۆی بگەیەنێت، بەڵام ئا لێرەوە پێویستە پارت و دەسەڵاتی گشتی متمانەی دەنگدەر بەدەست بهێنێتەوە، ئەویش بە چاککردنی مومارەسەکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە حکومەت و پەرلەمان لە ژێر دەستیانە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتی و گێڕانەوەی متمانەی تەواوی دەنگدەر بۆ ئەوەی جارێکیتر بێنەوە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگبدەن بە دەسەڵاتیکی باشتری لەوەی ئێستا هەیە.
پێویستە کۆمسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنەکان و ناوەندە پەروەردەییەکان ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ گێڕانەوەی ئەو متمانەیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن کە پرۆسەیەکی پاک و بێگەردە و پێویستی بە دەنگدەرە تا ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی کۆمەڵێک وۆرک شۆپ و هۆشیاری دەنگدەر بڵاوە پێبکەن کە لەئێستادا خۆشبەختانە لە رێگەی چەند رێکخراوێک ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە پرۆسەی هۆشیاریی بەدەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەر ئەنجامدەدرێت و بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان، بەڵام هێشتا بۆ گێڕانەوەی متمانە هەنگاوی گەورەتر هەیە ئەویش دەسەڵات پیادەی دەسەڵاتیکی باش بکات و هاوڵاتی چیتر نەبێت بە قوربانی دەسەڵاتی چەند سەرکردەیەک.
جیا لە بەدەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەر لەلایەن دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان، خوودی دەنگدەریش پێویستە درک بە ماف و ئەرکی خۆی بکات و پرۆسەی هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو دەنگدەران و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەکی بە پاک و بێگەردی ئەنجامبدرێت و ئەو بڕوا و متمانەیە بگێڕێتەوە بۆ کۆمسیۆن و پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم.
خ.غ