شانیا محه‌مه‌د

شانیا محه‌مه‌د

بۆچی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەم دەهێنن؟

بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا، بە مانا فراوانەکەی، تەنها خۆ پاڵاوتن و دەنگدان ناگرێتەوە، بەڵکو بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسیدا، خۆی لە دامودەزگا رەسمییەکانی هەر دەوڵەت و هەرێمیکدا دەبینێتەوە، کە بریتین لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەبەجێکردن، دادوەری.

سیاسەتکردن تەنها پەیوەست نییە بە رەگەزی پیاوەوە، بەڵکو دیموکراسی وەک بەشێک لە سیاسەت لێرەدا دەبنە گرێدراوی یەکتر.

 بەشداریکردن لە کایەی سیاسیدا پێوستی بە هەردوو رەگەزی (مێ و نێر) هەیە، هەردوولا بە یەکسانی دەتوانن لە هەر بەشێکی دەوڵەت و سیاسەتکردندا داهێنان بکەن و توانای بەڕێوەبردنی ئەرکەکەیان هەبێت بەبێ جیاوازی، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە ژنان لە هەموو ئاستەکانی بڕیارداندا لە سەرانسەری جیهاندا نوێنەرایەتییەکی کەمیان هەیە و گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری لە ژیانی سیاسیدا زۆر دوورە. 

رێژەی تێکڕای ژنانی جیهان لە نوێنەرایەتی 16.8 ٪-ە، گەلانی باکوور ئەو کۆمەڵە وڵاتانەن کە تا رادەیەک پشکی زیاتریان لە نوێنەرایەتیی ژنان لە دەسەڵاتی یاساداناندا هەیە. هەروەها لە وڵاتانی باکوور ژنانی پەرلەمانتار بە تێکڕا 41.5 ٪ی دەسەڵاتی یاسادانان پێکدەهێنن، بەڵام ژنان لە سەرانسەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) تاڕادەیەک تازە هاتوونەتە پڕۆسەی بڕیاردانی سیاسییەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە لە زۆربەی وڵاتانی (مێنا) مافی دەنگدان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بە ژنان دەدرا، بەڵام ناوچەکە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بوو لە بوونی گرفتێک کە ئەویش کەمترین رێژەی نوێنەرایەتیی ژنانە لە دەسەڵاتی یاسادانانی نیشتمانی لە سەرانسەری جیهاندا.

 دۆخی دوای راپەڕینەکانی عەرەب، لە دەیەی رابردوودا، شایەتی زیادبوونی گرنگیدان بووە بە نوێنەرایەتی سیاسیی ژنان و جێی ئاماژەیە کە تا سەرەتای راپەڕینەکان بەشداریی سیاسی ژنان لە دەسەڵاتی یاسادانانی نیشتمانیدا رێژەی 10 ٪ی تێپەڕاند، بەڵام ئێستا ژنان بە تێکڕا 17 ٪ی ئەندامێتی پەرلەمانەکانی ناوچەکە پێکدەهێنن.

نوێنەرایەتی ژنان لە عیراقدا
 بە پێی دەستووری عیراق، کەمترین نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دیاریکراوە کە لە 25 ٪  کەمتر نەبێت، بەڵام سیستمی پشکەکان و ئەو رێژەیەی کە دەستوور پێشنیازی کردووە، بەس نین بۆ دروستکردنی نوێنەرایەتییەکی ماناداری ژنان، بەو پێیەی کە بە کردەوە قورسە ژنان لە دەرەوەی پشکەکاندا کورسی پیاوێک بەدەستبهێنن، چونکە زۆربەی ناوچەکانی هەڵبژاردن کارەکتەری خێڵ یان حزبییان هەیە، دەنگدەران پێیان باشە پشتگیریی پیاوانی خێڵەکەیان بکەن.

 پڕۆسەی کۆکردنەوەی پشتیوانی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا،  جا لە پارێزگا گەورە و جۆراوجۆرەکان بێت یاخود لە ناوچە بچووکە ناوخۆییەکان- زۆر قورسە بۆ ژنان، سەرەڕای سیستمی پشکی جێندەری وڵات.

سروشتی کۆمەڵگەی پیاو ئاڕاستەکراو لە عیراقدا، بەشداریکردنی گشتی ژنانی لە سنوورێکی تەسکدا پێناسە کردووە و چوارچێوەی بۆ داناوە. ژنان بەردەوامن لە روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە رێگرن لە بەشداریی سیاسیی ژنان بە گشتی و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن و ژیانی پەرلەمانیدا بەتایبەتی. بۆیە هەنووکە ئەگەر پشکی جێندەریش هەبێت، نوێنەرایەتیی ژنان لە پەرلەماندا لەگەڵ ڕێژەی ژنان لە دانیشتوانی عیراقدا ناگونجێت کە نزیکەی 50 %یە.

بەپێی راپۆرتێک کە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عیراق (یونامی) بڵاویکردۆتەوە، عیراق پلەی حەفتاهەمینی جیهانی بەدەستهێناوە لەڕووی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە پەرلەماندا. 

جگە لەوەش لە کاتێکدا ژنان لە دوای ساڵی 2003وە هەندێک پۆستی بڕیاردانیان لە حکومەتی عیراق وەرگرتووە، بەڵام هێشتا ژنان هیچ پۆستێکی گرنگی ڕاستەقینەی سەرۆکایەتی یان جێبەجێکردنیان بەرنەکەوتووە.

 نوێنەرایەتی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا
دوای ڕاپەڕینی ئازاری 1991، سەرکردە سیاسییەکان بیرۆکەکانیان سەبارەت بە دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک بەکارهێنا بۆ چەسپاندنی شەرعییەت لە حوکمڕانیی خۆیاندا، هەندێکیان بەڕاستی باوەڕیان بە هێز و وزەی ژنان هەبوو، ئەوان دۆزی ژنانیان وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی دەبینی. نەک وەک پرسێکی سیاسی و تێگەیشتن کە گەیشتن بە یەکسانی جێندەری کاتی دەوێت. ئەوان ئامادەبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو عەقڵییەتەی کە وەک هاووڵاتی پلە دوو و ژێردەستەی پیاوان مامەڵەی لەگەڵ ژناندا دەکرد. ئەوان تا رادەیەک سەرکەوتوو بوون، بەڵام بەداخەوە، ئەمە تا رادەی خوازراو درێژەی نەکێشا، بۆیە لە کۆتاییدا لایەنە سیاسییەکان مافەکانی ژنانیان خستە پشت پرسەکانی دیکەوە.

رێژەی کۆتا و دەرەنجامەکانی
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005دا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو ئاماژە بە دیاریكردنی رێژەیەك بۆ ژنان دەكات كە لە 30 ٪ كەمتر نەبێت. هەروەها بەشداریی ژنان بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمان، بریتین لە:- 

لە خولی یەكەمی پەرلەماندا شەش ژن ‌و 99 پیاو پەرلەمانتار بوون. 

خولی دووەم 27 ژن ‌و 84 پیاو پەرلەمانتار بوون.

 خولی سێیەم 39 ژن ‌و 72 پیاو پەرلەمانتار بوون.

 خولی چوارەم 34 ژن ‌و 77 پیاو پەرلەمانتار بوون.

 خولی پێنجەم 34 ژن ‌و 77 پیاو پەرلەمانتاربوون.

نزیکترین داتا لێمانەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە کە كۆی گشتی دەنگی شەش قەوارەی سەرەكی، «پارتی، یەكێتی، گۆڕان، بەرەو ئیسڵاح، كۆمەڵ، نەوەی نوێ‌، یەك ملیۆن ‌و 508 هەزار ‌و 928 دەنگ بووە، لەو رێژەیەش 272 هەزار‌ و 892 دەنگ بەر ژنان كەوتووە، كە رێژەی 15 % ی كۆی دەنگەكانە.

هۆکار و دەرهاویشتەکان
بە گشتی لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش، ژنان کەمترین دەنگ بەدەست دەهێن و کەمترین نوێنەرایەتیان هەیە، هەموو داتاکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە رێژەی دەنگی ژنان بەپێی خولی پەرلەمان تا دێت کەمتر دەبێتەوە، ئەوەش بۆ چەندین هۆکاری ناوخۆیی دەگەڕێتەوە، لەوانە: 

1-کۆمەڵگەی پیاو سالاری، چەندین سەدەیە لە کۆمەڵگەی عیراق و هەرێمی کوردستاندا پیاو باڵا دەستی پێدراوە لە گشت ئەرک و مافەکاندا، پیاو کراوە بە متمانە پێدەر لەلایەن واقیعی کۆمەڵگەوە، هەر ئەو هۆکارەش وایکردووە پیاوان بە سیاسەت بکرێن و پۆستە باڵاکان وەک سەرۆکی دەوڵەت و هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و دادگاکانی پێبدرێت، ئەوەش وادەکات ژنان رێژەی دەنگ کەمتر لە پیاوان بەدەستبهێنن.

2-کەلتوور و دابونەریت، بەهۆی بوونی سیستمی پیاوسالاری، گۆڕانکاری بەسەر کۆی پڕۆسەکەدا دێت، قۆناغ بە قۆناغ دەکرێت بە کەلتور و دابوونەریت کە تەنها پیاو ئەو مافەی هەیە دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت و پۆستی زیاتر بگرێتە دەست، چەندین ساڵە کە کەلتور وایە، پیاو ببێت بە بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەت، بۆیە هاووڵاتی بە گشتی نایانەوێت واز لەو کەلتورە بهێنێت و ئەوەش وادەکات ژن دەنگ کەمتر بهێنێت.

3-نەبوونی متمانە بە توانای ژن، لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی عیراق و هەرێم هاووڵاتی بە هەردوو رەگەزەوە نەگەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە متمانە بە کاندیدە ژنەکان بدەن بۆ ئەوەی ببنە پەرلەمانتار یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بەگشتی بێمتمانەیی لە داهێنان و تواناکانی ژنان وایکردووە دەنگی کەم بهێنن.

4-نەبوونی پشتگیری لەلایەن حزبەکانەوە بۆ ژنان، حزبە سیاسییەکان کاتێک کاندیدەکان دێنە ناو حزبەکەیانەوە ئەوا حزبەکان پشتگیریی تەواوی کاندیدە ژنەکان ناکەن، بەڵکو زیاتر بایەخ بە تواناکانی پیاوان دەدەن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.

5-نەبوونی یاسایەک یەکسان بێت لە نێوان ژن و پیاو بۆ کایەی سیاسی، یاسای تایبەت بە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عیراق و کوردستان، کەمترین رێژە دانراوە بۆ ژنان، خۆی هەر لە یاساکەدا نا یەکسانی هەیە و هیچ باڵانسێکی جێندەریی نییە، ئەوەش وایکردووە کە ژنان کەمتر خۆیان بپاڵێون و کەمتریش بناسرێن.

6-هۆشیاریی دەنگدەر، یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرنگەکان، نەبوونی هۆشیاریی دەنگدەرە، سەبارەت بە کاندیدە ژنەکان و نەبوونی هۆشیاریی ئەوەی لە دوای هەڵبژاردن کار و چالاکییەکانی ژنان نابینن.

7-بوونی عەشیرەتگەریی، بێگومان راستییەک هەیە لە هەردوو کۆمەڵگەدا، ئەویش عەشیرەتگەراییە وایکردووە گشتیان یەکێک لە پیاوانی خۆیان هەڵبژێرن و دەنگیان پێبدەن و ژنەکان رەتبکەنەوە بەهۆی کاندیدی عەشیرەتەکەیانەوە.

8-راگەیاندنەکان و کەمتەرخەمییان بۆ ژنان، خاڵێکی تر کاتێک کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، کەناڵەکان و راگەیەندکارەکان کەمتر بایەخ بە کاندیدە ژنەکان دەدەن، ئەوەش وایکردووە کەمتر بناسرێن، لە ئەنجامدا دەنگی کەم دەهێنن.

9-ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان، ئەم ناکۆکیانە  هەر لە سەرەتای حکومرانیی دوای 2003 و پێش ئەوکاتیش، وایانکردووە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا زۆر تەرکیز نەخرێتە سەر کاندیدە ژنەکان، بەڵکو ئەوەندەی بابەتی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان دەبێت ، ئەوەندە ژنان دەرناکەون.

10-نەبوونی سەرکردەی ژن، هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە لە وڵاتی ئێمەدا وەک پێویست ئەزموونی سەرکردایەتی ژنمان نییە، هەر ئەوەش وایکردووە کە بەشداریی ژنان نەبێت بە کەلتور و ژن متمانەی زۆر بە خۆی نەبێت، یاخود کەمتر دەنگ بەدەست بهێنێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan