شانیا محه‌مه‌د

شانیا محه‌مه‌د

سیستمی یەک بازنەیی چییە و چۆنە؟

پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر سیستمێکی حکومڕانی بێت، چەند پێویستی بە دەنگدەر هەبێت دوو ئەوەندە پێویستی بە دیاریکردنی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی بۆ دەنگدەر روون ببێتەوە ئایا لە بازنەی ناوچەکەی خۆی دەنگدەدات یاخو لەسەر کۆی یەک بازنە دەنگدەدات، بێگومان لەو پرۆسەیە پاڵێوراو و دەنگدەر و ژمارەی هەڵبژاردنەکان و سیستمەکە تەواوکاری یەکترن و پێویستە هاوڵاتی هۆشیاریی هەبێت لە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن، لێرەوە باسی نموونەی هەڵبژاردنەکان و جۆری پێکهاتنی پرۆسەکە دەکەین لە هەرێمی کوردستان. 

لە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عیراق ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ ماددەی نۆیەمدا "هەرێمی کوردستانی عیراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت، دابەشدەکرێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا". قەبارەی بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە یاسای مادەی یەکەمی دابەشبووە بۆ ١١١ کورسی و ١١ کورسی بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکانی (ئاشووری ، کلدۆ سریان، تورکمان، ئەرمەن) تەرخانکراوە و بۆ هەر پێکهاتەیەکیش یەک بازنەی هەڵبژاردنە.

لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوینەرایەتی رێژەییدا دیاریکراوە و ئەنجام دەدرێت، لێرەدا بۆ ئەوەی زیاتر لە چەمکی یەک بازنەیی تێبگەین ئەوەیە کە سیستمی نوێنەرایەتیی رێژەیی لە توانایدایە سەرتاسەری وڵات بکات بە یەک بازنەی هەڵبژاردن، کە پێی دەوترێ سیستمی نوێنەرایەتی تەواو، چونکە هەموو قەوارەکە بەسەر یەک بازنەدا دابەشدەکات، هەر بۆیە نوێنەرایەتیکردن لەسەر ئاستی لیستە نەک پاڵێوراو، هەر ئەوەشە وایکردووە کە لە نموونەی فۆرمی یەک بازنەیی کەم بێت لە جیهان تەنها هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل پیادەی ئەم جۆرە دەکات، هەر بۆیە هۆکاری پشتبەستن بە نوێنەرایەتیی رێژەیی دەگەڕێتەوە بۆ لیست کە دابەشدەکرێت بۆ سێ جۆری لیست: 

یەکەم: لیستی داخراو
بریتییە لەو جۆرە لیستە کە لەبری دەنگدان بە پاڵێوراوی تاک دەنگەکە بە لیستەکە دەدرێ و بێ ئەوەی دەنگدەر توانای گۆڕینی ریزبەندی ناو لیستەکەی هەبێت، بەواتایەکی دیکە دەنگ بە پارتە سیاسییەکە دەدرێت و پاڵێوراوەکەی ناو پارتە سیاسییەکە بەپێی ئەو ریزبەندییەی کە پارتەکەی دایناوە ژمارەی کورسییەکان بەدەست دەهێنرێن.

دووەم: لیستی کراوەی سنووردار
جیاوازییەک دێتەکایە جیا لە لیستی داخراو ئەویش ئەوەیە کە دەنگدەر دەتوانێت هەم دەنگ بە لیستەکە بدات هەمیش دەتوانێ دەنگ  بە لیست و پاڵێوراوی ناو لیستەکەش بدات، ئەوەش جیاوازیی دێنێتە ئارا لەڕووی ئازادیی دەنگدەر لە شێوازی لیستی داخراو.

سێیەم: لیستی کراوەی ئازاد
جیاواز لە هەردوو لیستی پێشووتر ئازادییەکی فراوانتر دەدرێت بە دەنگدەر؛ ئەویش ئەوەیە کە دەنگدەر تەنها دەنگ بە پاڵێوراوەکان دەدات نەک لیستی پارتە سیاسییەکە تا ئەوەی لەلایەن خۆیەوە ریزبەندیی نوێ لە کۆی پاڵێوراوەکانی پارتە سیاسییە جیاوازەکان دروستدەکات.

بۆ بابەتی دابەشکردنی کورسییەکان سێ شیوازی سەرەکی هەیە بریتین لە شێوازی دابەشکاریی هەڵبژاردن، شێوازی ژمارەی یەکخراو، شێوازی کۆلکەی نیشتیمانی. 
بێگومان هەر جۆرە لیستێک و شێوازێک لایەنی باش و خراپی هەیە و هەمیشەش چەند لایەنێک تیایدا زۆرترین سوودمەند دەبێت، لە لیستی نوێنەرایەتیی رێژەیدا کۆمەڵێک لایەن تیایدا سوودمەند بوون لە هەرێمی کوردستان ئەوانیش ئەوەیە کە بەهۆی زۆری فۆرمەکانەوە دەتوانرێت کۆتای ژنانی لەگەڵدا بگونجێندرێت بە دیاریکراوی لیستی داخراو، دەرفەت زیاتر دەدرێت بە کەمینە سیاسییەکان بۆ ئەوەی کورسیی پەرلەمان ببەنەوە و پاڵێوراوە نەتەوەیی و ئایینییەکان زیاتر دەربچن، بەڵام لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی هەرێم زیاتر کێشە و مشتومڕیان لەسەر هەڵبژاردنەکانە، بۆیە بەگوێرەی هەندێک لە شارەزایانی هەڵبژاردن، پەیڕەوکردنی سیستمێکی هەڵبژاردنی تێکەڵاو و دوورکەوتنەوە لە نوێنەرایەتیی رێژەیی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ ناکۆکییەکە و پێشخستنی پرۆسەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan