کوردستانی
مەرجی مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام ئاشکراکرا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
مەرجی مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام ئاشکراکرا
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوا لە مامۆستایان دەکات لەژێر هیچ فشارێکدا بایکۆتەکانیان نەشکێنن تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتی ئەمساڵیان پێدەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئەیلولی 2023 عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی هەرێم دەینێرێت بۆ هەرێم بۆ مووچەی مانگەکانی 7 و 8 و 9یە و پێویستە حکومەتی هەرێم بەبێ هەڵخەڵەتاندنی مووچەخۆران و مامۆستایان بە زووترین کات مووچەی ئەو مانگانەدا بدات ".
روونیشی کردەوە "داواکارین لە مامۆستایان و مووچەخۆران کە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ فشار و بەڵێنێکدا بایکۆتەکانیان نەشکێنن و نەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو مووچەکانی پێشوویان پێ نەدرێت ".
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان جەختیشی کردەوە "پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەران خۆڕاگربن و تاوەکو مووچە مانگەکانی 7 و 8 وەرنەگیرێت بایکۆتکردن و دەوام نەکردنی مامۆستایان بەردەوام دەبێت ".
هەر لەم بارەیەشەوە بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "داوای یەک هەڵوێستیی مامۆستایان دەکەین و هیوادارین فەرمانبەرانیش پاڵپشتیمان بکەن، بە خەرجکردنی یەک مووچە بایکۆتەکانمان ناشکێنین و پێویستە دوو مووچەمان پێبدرێت".