خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

کورد لە دووەم تەڵەی جەهەپە دا

11ی کانوونی دووەمی 2024، تولای خەتیب ئۆغوڵاری و تونجەر بەکرخان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی، لە ئەنقەرە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە کۆبوونەوە، خاڵی سەرەکی کۆبوونەوەکەیان هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیایە کە لە 31ی ئازاری 2024 بەڕێوەدەچێت، باسی دیکەش گفتوگۆیان لەسەر کراوە، بەڵام ئەمەیان بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان بووە، چونکە بۆ جەهەپە گرنگ و چارەنووسسازە.

جاری یەکەم، 31ی ئازاری 2019، دەم پارتی، بێ مەرج کەوتە تەڵەی سیاسیی جەهەپەوە، دوای 20 ساڵ لە سەرۆکایەتی شارەوانیی ئیستانبوڵ، پارتەکەی ئەردۆغان، ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و چەند گەورە شارەوانییەکی دیکەشیان لێ وەرگیرایەوە، لەو سەوداسەرییەدا دەم پارتی (هەدەپەی ئەوکات)، بێ دەستکەوت لە یارییەکە کرایە دەرەوە و تەڵەکەی پێدا تەقییەوە و باجی زۆریشی دا.

 هەڵەی ستراتیژیی دەم پارتی ئەوەیە بێ مەرج دەچێتە هەر سەنگەربەندییەکی سیاسییەوە کە بەرامبەر ئەردۆغان دروست دەکرێت، راستییەکەی وای دەبینم بەشێکی ئەو بڕیار وەرگرتنانە پەیوەندیی بە قەندیلەوە هەبێت، دەیان فیگەری سیاسیی ناو هەدەپە و دەم پارتیی ئێستاش ناڕازین لەو شێوە کارکردنە، بەڵام بەرامبەر هەژموونی پەکەکە و قەندیل هیچیان پێ ناکرێ و خۆیان رادەستی ئەو بوەیرە سیاسییە (زیانبەخشە) کردووە، تاکەی وا دەبن، نازانم؟!

شەڕی ئەمجارەی ئیستانبوڵ جیاوازترە، جەهەپە لەناو خۆیدا تووشی ترازان بووە، هاوپەیمانیی (جمهور) بەهێزتر بووە، هودا پاری کوردییش هەر چووەتە سەنگەری ئەردۆغانەوە، جەهەپە مەگەر دەم پارتی، دەنا هیچ پارتێکی دیکە، بەتایبەتی ئی پارتی کە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە، ئامادە نییە بچێتە پاڵی و شەڕی ئەردۆغان بکات، ئەوەش سیاسەتێکی راستە.

بەپێی ئاماژەکان، دەم پارتی، دەچێتە پاڵ جەهەپە، ئەو سیاسەتە تەواو هەڵەیە و کورد باجەکەی دەدات، تەنانەت ئەگەر شارەوانیی ئیستانبوڵیش ببەنەوە، هێشتا بە رەسمی ئەوە بەیان نەکراوە، بەڵام دەم پارتی لەبەردەم بڕیار وەرگرتنێکی هەڵەدایە، قەندیل زیاتر لەو هەڵەیە بەرپرسیارە.

جەهەپە و ئەکەپە هەردوولایان دژە کوردن، لە رابردووی دووردا، جەهەپە کارەکتەری سەرەکیی چەوساندنەوەی کورد و لە 10 ساڵی رابردووشدا ئەکەپە، جەهەپە تورکی عەلمانی- نەتەوەیی و ئەپەکە ئیسلامی- ئیخوانی، لە پڕۆژەی سیاسیی هەردوولایاندا تورکیا وڵاتی تورکانە و کوردیش هاووڵاتییەکی بێ ئەرزش. جەهەپە چەندین جار کوردی جینۆسایدکردووە و دەیان سەرکردەی شەهیدکردوون، ئەکەپەش لە چەند ساڵی رابردوودا جینۆسایدی رۆبۆسکێی کردووە و دەمیرتاش و هەزاران کوردی ئاخنیوەتە زیندانەکانەوە، هەردوولایان پەکەکە بە تیرۆریست دەزانن و کار بۆ لەناوبردنی دەکەن، ئیتر هۆکار چییە دەم پارتی روو لە جەهەپە و پشت لە ئەردۆغان بێ؟

جەهەپە توانای ئەوەی نییە هیچ گۆڕانکارییەک بە قازانجی کورد لە پڕۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەوایی تورکیادا دروستبکات، تەنها بارگرانییەکە بەسەر شانی کوردەوە و ویستی ئەوەیە ئەمجارەش دەم پارتی و دەنگەکانی بۆ خزمەتی خۆیان بەکاربهێنن، ئەوەی جەهەپە تەڵەیە بۆ دەم پارتی بەناوی دۆستایەتی و دژوەستانەوەی ئەردۆغان و دەرەنجامی هەڵبژاردنیش هەر تەڵەیەکی دیکەیە بۆ دەم پارتی و ئەگەر پیایدا بتەقێتەوە، داهاتووی سیاسیی زۆر مەترسیدار دەبێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan